کانونی یەکەم 06, 2019

دهۆك و ئاكرێ له‌ ده‌ربه‌ندیخان یاریی كۆتایی ئه‌نجام ده‌ده‌ن

ئه‌مڕۆ په‌رده‌ له‌سه‌ر خولێكی تری كوردستان داده‌رێته‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش خولی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانه‌، ئه‌م ساڵ خوله‌كه‌ به‌ به‌شداری 13 یانه‌ كه‌ به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌ دابه‌شكرا بوون، به‌ڕیوه‌چوو، یانه‌كان‌ به‌ شێوه‌ی ناوچه‌ی جوگرافی به‌سه‌ر هه‌ردوو كۆمه‌ڵه‌دا دابه‌ش كرابوون، یانه‌كانی (پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، ده‌ربه‌ندیخان، ئاكرێ، دهۆك) گه‌ییشتنه‌ چوار گۆشه‌ی زێڕین و دواتر به‌ بڕیارێك هه‌رچوار یانه‌ سه‌رخران بۆ ڕیزی یانه‌ پله‌ نایابەكان، یانه‌ی شه‌هیدانیش له‌ قۆناخی دووه‌م له‌ خوله‌كه‌ دوور خرایه‌وه‌ و دابه‌زی بۆ ڕیزی یانه‌ پله‌ دووه‌كان.

دهۆك و ئاكرێ یاریی كۆتایی ده‌كه‌ن
دوای گه‌یشتنی هه‌ر چوار یانه‌ی(پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، ده‌ربه‌ندیخان، ئاكرێ، دهۆك) یه‌كیه‌تی تۆپی پێی كوردستان له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندی یانه‌كان بڕیاری دا یاریی كۆتایی لە ده‌ربه‌ندیخان به‌ڕێوه‌ بچێت، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ی له‌ یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌دا هانده‌رانی ئه‌و یانه‌یه‌ له‌ هه‌موو یارییه‌كاندا سیمایه‌كی جوانیان به‌خشی بوو به‌ یاریگه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی جوان هانی یانه‌كه‌یان ده‌دا، ئه‌مساڵیش جیاواز له‌ ساڵانی ڕابردوو هانده‌رانی ئافره‌تیش ڕوویان له‌و یاریگه‌یه‌ كردبوو، دواتر تیروپشكی یارییه‌كانی چوارگۆشه‌ی زێڕین ئه‌نجام دراو هه‌ر دوو یانه‌ی ئاكرێ و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌ ئاكرێ به‌یه‌ك گه‌یشتن و ئاكرێ به‌ گۆڵێكی بێ به‌رانبه‌ر یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌ و هاوشانی دهۆك گه‌یشته‌ یاریی كۆتایی كه‌ ئه‌ویش له‌ یاریی دووه‌می چوارگۆشه‌ی زێڕیندا،‌ به‌ گۆڵێكی بێ به‌رانبه‌ر له‌ ده‌ربه‌ندیخانی برده‌وه‌.
ئه‌مڕۆیش هه‌ردوو یانه‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری بادینان بۆ دیاریكردنی پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانی كوردستان ڕووبه‌ڕوی یه‌ك ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌یش یاریی سێیه‌می نێوانیانه‌ كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، دوای ئه‌وه‌ی له‌ قۆناخی یه‌كه‌میش هه‌ردوولا دوو جار یارییان كرد، ئاكرێ له‌ یارییه‌كدا براوه‌ بوو، له‌ یارییه‌كه‌یشدا هه‌ردوو یانه‌ یه‌كسان بوون.
چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت یارییه‌كی به‌هێز بێت و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هانده‌ران له‌سه‌رجه‌م شاروشارۆچكه‌كانی كوردستان له‌ مه‌ڕاسیمی یاریی كۆتاییدا ئاماده‌ بن.

باشترینه‌كانیش خه‌ڵات ده‌كرێن
دوای ته‌واوبوونی یاریی كۆتاییش، یه‌كیه‌تی تۆپی پێی كوردستان ئاماده‌كاری كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مه‌ڕاسیمێكدا جام و میدالیای پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ به‌سه‌ر یاریزانانی سه‌ركه‌وتوودا دابه‌ش بكات، دواتر باشترینه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانیش خه‌ڵات ده‌كرێن، كه‌ بریتییه‌ له‌ باشترین یاریزانی ئه‌م وه‌رزه‌ و باشترین گۆڵپارێز و هه‌روه‌ها گۆڵكاری خولی پله‌ یه‌ك.
ده‌ستنیشانكردنی باشترینه‌كانیش له‌سه‌ر پێوه‌ری فۆڕمی هه‌ڵسه‌نگاندنی یارییه‌كان ده‌بێت، كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتی ڕاگه‌یاندنی یارییه‌كان ده‌ستنیشان كراون و چه‌ند یاریزانێك كه‌ زۆرترین ده‌نگیان هێناوه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ قۆناخی كۆتایی، دوای ده‌نگدانی هه‌ر 12 كاپتن و ڕاهێنه‌ری یانه‌كانی به‌شداربووی خوله‌كه،‌ ناسنامه‌ی باشترینه‌كان ئاشكرا ده‌بێت، گۆڵكەری خوله‌كه‌یش تاكوو ئێستە یاریزانی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی (دیار عه‌لی) ـیه‌ كه‌ 7 گۆڵی هه‌یه‌ و نزیكترین ڕكه‌به‌ری یاریزانی یانه‌ی ئاكرێ (عه‌بدوڵڵا كه‌یفی)ـیه‌ به‌ تۆماركردنی 6 گۆڵ كه‌ له‌ یاریی كۆتایی به‌شداره و‌ دوای یاریی كۆتایی، گۆڵكه‌ری خوله‌كه‌ ئاشكرا ده‌بێت.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler