کانونی یەکەم 06, 2019

یانەی زێره‌ڤانی باڵاده‌ستیی به‌سه‌ر خولی نایابی كوردستاندا سه‌پاند

یانه‌ی زێره‌ڤانی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ره‌تاییه‌كی خراپ ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام له‌ قۆناخی دووه‌م سه‌رجه‌م یانه‌كانیان راماڵی و بۆ چواره‌مجار بووه‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی كوردستان، به‌پێی رێنماییه‌كانی خوله‌كه‌ش بێت به‌ فه‌رمی یانه‌ی شێروانه‌ بۆ خولی پله‌یه‌ك دابه‌زیوه‌، به‌ڵام بۆ بڕیاری كۆتایی چاوه‌ڕوانی كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی شه‌ممه‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان ده‌كات.

زێره‌ڤانی به‌ گۆڵبارانكردنی پێشمه‌رگه‌ كۆتایی به‌م وه‌رزه‌ هێنا
یانه‌ی زێره‌ڤانی دوایین یاری ئه‌م وه‌رزه‌ی له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر كرد، بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ش به‌ستربووه‌وه‌ به‌ ئه‌نجامی ئه‌و یارییه‌، له‌م پێناوه‌دا سلێمان ره‌مه‌زانی راهێنه‌ری زێره‌ڤانی زۆر زیره‌كانه‌ ده‌رفه‌نی ناسناوه‌كه‌ی له‌ده‌ست نه‌دا و به‌ 4 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه‌ گۆڵێك له‌ پێشمه‌رگه‌ی برده‌وه‌.
سه‌ره‌تا تیاگۆ ئامارال مه‌كینه‌ی گۆڵكردنی زێره‌زڤانی له‌ خوله‌كی 10 یانه‌كه‌ی به‌ گۆڵێك پێشخست، دواتر له‌ خوله‌كی 16 زێره‌ڤانی له‌ رێگه‌ی یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كه‌ی دیكه‌ی (كارلۆس ئیدواردۆ) گۆڵی دووه‌می زیاد كرد، گێمی یه‌كه‌میش به‌ 2 گۆڵی بێوه‌ڵام له‌ به‌رژه‌وه‌ندی زێره‌ڤانی كۆتایی هات.
له‌ گێمی دووه‌م پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ رێگه‌ی بارزان حه‌یده‌ر جیاوازییه‌كه‌ی كه‌م كرده‌وه‌، به‌ڵام زێره‌ڤانی به‌ 3 گۆڵی له‌سه‌ریه‌ك وه‌ڵامی ئه‌و تاكه‌ گۆڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دایه‌وه‌، گۆڵه‌كانیش دیسان له‌ رێگه‌ی (ئامارال و ئیدواردۆ) تۆمار كران.
زێره‌ڤانی به‌م بردنه‌وه‌یه‌ به‌ 31 خاڵ بووه‌ پاڵه‌وانی وه‌رزه‌ی 2017 ـ 2018ـی خولی نایابی كوردستان، بووه‌ یه‌كه‌م یانه‌ كه‌ چوارجار ده‌بێته‌ پاڵه‌وانی خوله‌كه‌.

شێروانه‌ سه‌ركه‌وتنێكی به‌ تامی شكست تۆمار كرد!
شێروانه‌ نوێنه‌ری گه‌رمیان له‌ خوله‌كه‌ دوایین یاری خۆی له‌م وه‌رزه‌ له‌ دژی یانه‌ی هه‌ندرێن ئه‌نجام دا، یارییه‌كه‌شی له‌به‌رده‌م هانده‌رانی و له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی برده‌وه‌.
له‌ خوله‌كی 28 هێمن رزگار گۆڵی پێشكه‌وتنی بۆ شێروانه‌ تۆمار كرد، گێمی یه‌كه‌م به‌م تاكه‌ گۆڵه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ گه‌رمیانییه‌كه‌ كۆتایی هات، دواتر له‌ خوله‌كی 57ـی گێمی دووه‌م هه‌ندرێن له‌ رێگه‌ی هه‌ڵگۆرد خالیدی به‌رگریكاری ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه‌.
پاشان له‌ خوله‌كی 80 بیلال ساڵح له‌ رێگه‌ی لێدانی پێناڵتی گۆڵی پێشكه‌وتنی بۆ شێروانه‌ تۆمار كرد و 3 خاڵی یارییه‌كه‌ مسۆگه‌ر كرد.
یانه‌ی شێروانه‌ به‌م سه‌ركه‌وتن ژماره‌ی خاڵه‌كانی گه‌یانده‌ 16 خاڵ، به‌ڵام به‌هۆی جیاوازی گۆڵ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ هه‌ر له‌ خانه‌ی كۆتایی مایه‌وه‌، به‌ گوێره‌ی ڕینماییه‌كانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بۆ خولی پله‌یه‌ك دابه‌زی، به‌ڵام ئه‌و یانه‌یه‌ هێوای ماوه‌ و چاوه‌ڕوێی ئه‌وه‌ ده‌كات به‌ بڕیارێك مانه‌وه‌ی یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.
برایه‌تی خه‌ونه‌كه‌ی نه‌هاته‌ دی
به‌هێزی زێره‌ڤانی له‌ قۆناخی دووه‌م خه‌ونه‌كانی برایه‌تی له‌ گۆڕنا و نه‌یهێشت به‌رگسه‌وزه‌كانی هه‌ولێر بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژووی خۆیاندا ببنه‌ پاڵه‌وان.
برایه‌تی له‌ دوایین یاری خۆی له‌ سلێمانی بووه‌ میوانی نه‌ورۆز، به‌هۆی كاریگه‌ری سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی زێره‌ڤانی له‌ دژی پێشمه‌رگه‌، ڕیتمی یاریكردنی برایه‌تی به‌رامبه‌ر نه‌ورۆز خاوبووه‌ و له‌ سه‌ركه‌وتن ساردبوونه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی یارییه‌كه‌ لێدانێكی پێناڵتیان وه‌ك دیاری به‌ نه‌ورۆز به‌خشی، دیلان سۆران یاریزانی نه‌ورۆز به‌ سه‌ركه‌وتوویی لێدانه‌كه‌ی جێبه‌جێ كرد و مانه‌وه‌یان له‌ خوله‌كه‌ مسۆگه‌ر كرد.
یانه‌ی برایه‌تی به‌ 28 خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌م كۆتایی به‌م وه‌رزه‌ هێنا و یه‌كه‌مجاریشه‌ له‌ مێژووی خۆیدا برایه‌تی پله‌ی دووه‌م له‌ وه‌رزێكی خولی نایابی كوردستان به‌ده‌ستبێنێت.

ریزبه‌ندی كۆتایی خولی نایاب
1ـ زێره‌ڤانی 31 خاڵ
2ـ برایه‌تی 28 خاڵ
3ـ هه‌ندرێن 25 خاڵ
4ـ ئارارات 21 خاڵ
5ـ هه‌ولێر 20 خاڵ
6ـ نه‌ورۆز 18 خاڵ
7ـ زاخۆ 18 خاڵ
8ـ پ. هه‌ولێر 16 خاڵ
9ـ شێروانه‌ 16 خاڵ

ریزبه‌ندی گۆڵكاران
تیاگۆ ئامارال هێرشبه‌ری به‌رازیلی كه‌ وه‌رزی رابردوو له‌ خولی لوبنان یاری ده‌كرد، ئه‌م وه‌رزه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی زێره‌ڤانی كرد و به‌ 12 گۆڵ بووه‌ گۆڵكاری وه‌رزی 2017 ـ 2018ـی خولی نایابی كوردستان، ریزبه‌ندی كۆتایی گۆڵكارانیش به‌مجۆره‌یه‌:
1ـ تیاگۆ ئامارال ـ زێره‌ڤانی 12 گۆڵ
2ـ ئامانج ئه‌كره‌م ـ هه‌ندرێن 7 گۆڵ
3ـ ئه‌یوب ئه‌یاد ـ زێره‌ڤانی 5 گۆڵ
4ـ عه‌لی عه‌زیز ـ ئارارات 5 گۆڵ
5ـ ئیمانوێل ئیفوا ـ ئارارات 5 گۆڵ

سه‌رجه‌م پاڵه‌وانه‌كانی خولی نایاب
2006 ـ 2007 (دهۆك)
وه‌رزی 2007 ـ 2008 (بروسك)
2008 ـ 2009 (بروسك)
2009 ـ 2010 (هه‌ولێر)
2010 ـ 2011 (هه‌ندرێن)
2011 ـ 2012 (هه‌ولێر)
2012 ـ 2013 (زێره‌ڤانی)
2013 ـ 2014 (زێره‌ڤانی)
2014 ـ 2015 (زێره‌ڤانی)
2015 ـ 2016 (هه‌ولێر)
2016 ـ 2017 (پ. هه‌ولێر)
2017

ـ 2018 (زێره‌ڤانی)

 

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

© 2017 Hawler