ئەم پەڕەیە چاپ بکە

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و سیروانی نوێش له‌ پیرمام به‌یه‌ك ده‌گه‌ن

ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 1/11/2021، له‌ گه‌ڕی چواره‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان، كۆمه‌ڵێك یاریی گرینگ به‌ڕێوه ‌ده‌چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كاتژمیر (3) ئه‌نجام ده‌درێت، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ پیرمام میوانداری سیروانی نوێ ده‌كات، كه‌ دوو ركابه‌ری سه‌رسه‌ختن بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌، له‌ هه‌ولێریش هه‌ندرێن و برایه‌تی دێربی پایته‌خت ئه‌نجام ده‌ده‌ن، نه‌ورۆز میوانێكی گه‌وره‌ی چه‌مچه‌ماڵه‌.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ پیرمام میوانداری سیروانی نوێ ده‌كات
تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆ، رووبه‌ڕووی سیروانی نوێ ده‌بێته‌وه‌، له‌ نێو ریزبه‌ندییه‌كه‌ش دۆخیان باشه‌، دوای سێ گه‌ڕ له‌ سه‌روو ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ئاسته‌ی له‌ پێشمه‌رگه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت نیشانی نه‌داوه‌، چونكه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ پاره‌یه‌كی باشی بۆ گرێبه‌ستی یاریزانان خه‌رج كردووه‌، بۆیه‌ هیچ بیانوویێكیان بۆ ئه‌نجامی خراپ نییه‌، له‌ رووی هێرشبردنه‌وه‌ گرفتیان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ دروستكردنی هێرشه‌كان خاون و له‌سه‌‌ر خۆن، له‌ كاتێكدا پێویستی به‌ خێرایه‌كی زیاتر هه‌یه‌، 7 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌سه‌روو ریزبه‌ندی خوله‌كه‌دێن.
سیروانی نوێ، به‌ راهێنه‌رایه‌تی رزگار عه‌لی، دوای دۆڕانێك راسته‌وخۆ دوو بردنه‌وه‌ی تۆماركردوو باری لاسه‌نگی خۆی راستكرده‌وه‌، ئه‌م یارییه‌ش چاویان له‌ وه‌رگرتنی پێشه‌نگه‌ له‌سه‌ر حسابی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، بیرمان نه‌چێت، وه‌رزی رابردوو له‌م یاریگه‌یه‌، سیروان به‌ سێ گۆڵ به‌رانبه‌ر گۆڵێك سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێا، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت هه‌مان ئه‌نجام دووباره‌ بكاته‌وه‌، 6 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی سێیه‌من.

هه‌ندرێن و برایه‌تی له‌ دێربی هه‌ولێر به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
له‌ یارییه‌كی به‌هێزدا له‌ دێربی پایته‌خت، هه‌ندرین میوانداری برایه‌تی ده‌كات، به‌هۆی نزیكی یاریزانه‌كان له‌ یه‌كتر و شاره‌زای شێوازی یاریكردنی یه‌كتر، یارییه‌كه‌ بۆ هه‌ردوولا زه‌حمه‌ت ده‌بێت، هه‌ندرێن ئاماده‌كاری باشتره‌ و یه‌ده‌گی باشتریشی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ تۆپی پێدا هیچ شتێك مسۆگه‌ر نییه‌، خاڵی به‌هێزی هه‌ندرێن له‌ هێمن نازم و محه‌مه‌د شێرزادی كاپتن و ماجد سه‌لامه‌ كۆبووه‌ته‌وه‌، 7 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی دووه‌من، گرفتی سه‌ره‌كی هه‌ندرێن له‌ باڵه‌كانی به‌رگریه‌تی.
برایه‌تی، به‌هۆی گۆڕانكاری زۆر له‌ پێكهاته‌كه‌ی پێویستی به‌كاتی زیاتره‌، تا به‌ باشی ده‌ربكه‌ون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت یاری دوای یاری ئاستی سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر باشتر ده‌بێت، گرفتی له‌ دڵی به‌رگری دایه‌، كه‌ به‌شێویه‌كی باش گونجاو رووماڵی هێلی دواوه‌ ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری هه‌ڵه‌ كه‌سییه‌كانیان بكه‌ن، ئه‌نجامیان له‌ ئێسته‌ زۆر باشتر ده‌بێت، ئه‌و ئامانجه‌ش ده‌پێكن، كه‌ مانه‌وه‌ی تیپه‌كه‌یه‌ له‌ خوله‌كه‌ و پێگه‌یاندنی یاریزانه‌ بۆ داهاتووی تیپه‌كه‌، 2 خالیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی دوازده‌یه‌من.

سه‌ید سادق میوانی زاخۆیه‌
یانه‌ جوانه‌كه‌ی سه‌ید سادق میوانێكی زه‌حمه‌تی زاخۆییه‌كانه‌، سه‌ید سادق وه‌ك هانده‌ره‌كانی خۆیان به‌ سویده‌كه‌م ناوی ده‌به‌ن، له‌ یاریگه‌ی خۆیان كێشه‌یان نییه‌ و بردنه‌وه‌ تۆمارده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆ له‌ دووه‌م یاری ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ زاخۆ یاری ده‌كه‌ن، كه‌ سرووشتی زاخۆییه‌كان وایه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆیان به‌ تووندی به‌رگریه‌كی به‌هێز رووبه‌ڕووی میوانه‌كانیان ده‌بنه‌وه‌، سه‌ید سادق 7 گۆڵی هه‌یه‌، كه‌ به‌هێزترین هێلی هێرشبردنه‌ تا ئێسته‌، 6 خاڵیشیان له‌ هه‌گبه‌دایه‌ و له‌ پله‌ی چواره‌م دێن، زاخۆش به‌ 4 خاڵ له‌ خانه‌ی ده‌یه‌من.

چه‌مچه‌ماڵ و نه‌ورۆز به‌یه‌ك دگه‌ن
چه‌مچه‌ماڵیه‌كان ئه‌نجامی ئه‌م وه‌رزه‌یان وه‌ك پێویست نییه‌، تا ئێته‌ بردنه‌وه‌یان تۆمار نه‌كردووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین گۆڕانكارییان له‌ پێكهاته‌كه‌یان كردووه‌، ئه‌مه‌ش كاتی ده‌وێت تا تیپه‌كه‌ له‌ یه‌ك گه‌یشتن له‌ نوێانیان درووست ده‌بێت، ئه‌رسه‌لان جه‌لال هه‌وڵده‌دات، ئه‌مڕۆ له‌ نه‌ورۆز بباته‌وه‌ به‌ پاڵپشتی هانده‌ره‌ زۆره‌كه‌ی ئه‌م شاره‌، 2 خاڵیان هه‌یه‌ و له پله‌ی سێزده‌یه‌من.
نه‌ورۆز به‌ كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاو ئه‌نجامێكیباشی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌، دۆڕانێك و دوو بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ 6 خاڵ له‌ پله‌ی پێنجه‌م دێن.
شه‌قڵاوه‌ میوانداری دهۆك ده‌كات، شه‌قڵاوه‌ دوای بردنه‌وه‌یك دوو شكستی تووشهات، ده‌یه‌وێت جارێكیتر هه‌ڵسێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ركی زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ دهۆكییه‌كان له‌ دۆخێكی باش دان و به‌ 6 خاڵ له‌ خانه‌ی شه‌شه‌من. شه‌قڵاوه‌ییه‌كانیش له‌ خانه‌ی یازده‌یه‌من، چونكه‌ 3 خاڵیان هه‌یه‌.

ئارارات و سۆران
ئارارات له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری سۆران ده‌كات، تیپه‌كه‌ی ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د دۆخی باش نییه‌ له‌ سێ یاریدا ته‌نها یه‌ك خاڵیان هه‌یه‌، چاویان له‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر حسابی سۆران هه‌ڵسنه‌وه‌، سۆرانییه‌كان تا ئێسته‌ تامی دۆڕانیان نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌م یارییه‌ش نایانه‌وێت بدۆڕێنن، گه‌یلان سادق خاڵێكی به‌هێزی سۆرانییه‌كانه‌ بۆ ئه‌م ئه‌نجانه‌ی تیپه‌كه‌ هه‌یه‌تی، 5 خاڵیان هه‌یه‌ له‌ پله‌ی هه‌شته‌من.

هه‌ولێر میوانداری شێروانه‌ ده‌كات
هه‌ولێر كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاوی كۆكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئاست و ئه‌نجامی وه‌ك پیوست نییه‌ و له‌ دۆخێكی خراپ دان، ته‌نها یه‌ك خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی چوارده‌یه‌من، شێروانه‌ش ركابه‌رێكی به‌هێزی بردنه‌وه‌ی نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كه‌یه‌، ده‌یه‌وێت لاوازی هه‌ولێرییه‌كان بقۆزێته‌وه‌ و بردنه‌وه‌ی دووه‌می له‌ خوله‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر حسابی تیپه‌كه‌ی پایته‌خت به‌ده‌ستبهێنێت، شێروانه‌ خاوه‌نی 5 خاڵه‌ و له‌ پله‌ی حه‌وته‌م دێت.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 07 نیسان 2022 12:59