ئایار 23, 2022

زۆرترین بینراو وه‌رزش

Error: No articles to display

هه‌ولێر ده‌یه‌وێت كاره‌بای به‌غدا بكوژێنێته‌وه‌ و نه‌ورۆزیش له‌ سامه‌را به‌ دوای دووه‌م سه‌كه‌وتندا ده‌گه‌ڕێت

له‌ گه‌ڕی شه‌شه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌، هه‌ولێر میوانی كاره‌بایه‌ و نه‌ورۆزیش له‌ دژی سامه‌را یاریی ده‌كات و زاخۆش میوانێكی گه‌وه‌ری دیوانیه‌یه‌، هه‌رسێ یانه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م گه‌ڕه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان یاریی ده‌كه‌ن، یارییه‌كایشیان له‌ (2:45) خوله‌ك ده‌بێت.

هه‌ولێر و كاره‌با
هه‌ولێر له‌گه‌ڵ یانه‌ی كاره‌با یاریی ده‌كات، تاریق جه‌رایه‌ی راهێنه‌ری هه‌ولێر، له‌ دووه‌م یاریی بردنه‌وه‌ی بۆ زه‌ردپۆشه‌كانی هه‌ولێر تۆماركرد، بۆیه‌ چاوی له‌وه‌یه‌ دووه‌م بردنه‌وه‌ی خۆی و یانه‌كه‌ش له‌ خولی نایابی عێراقی تۆمار بكات، رووبه‌ڕووی تیپێك ده‌بێته‌وه‌ 11 ساڵه‌ به‌رانبه‌ری نه‌دۆڕاوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ وه‌رزه‌ دۆخی كاره‌با جیاوازه‌، چونكه‌ لوئه‌ی سه‌لاح راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ی به‌غدایه‌، كه‌ ماوه‌یه‌كی درێژ یاریزانی هه‌ولێر بووه‌ و وه‌زری رابردووش راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ی هه‌ولێر بووه‌، بۆیه‌ باش شاره‌زای هه‌موو جومگه‌كانی ئه‌و تیپه‌یه‌ و خاڵه‌ به‌هێز و لاوازه‌كانی ده‌زانێت، واتا زه‌ردپۆشه‌كانی هه‌ولێر، له‌م یارییه‌ له‌به‌رده‌م یارییه‌كی زه‌حمه‌تدان، جگه‌ له‌مه‌ش ئیڤان خالیدی ناوه‌ڕاستكاری وه‌رزی پێشووی هه‌ولێر و فه‌رحان شوكری هێرشبه‌ری پێشووی هه‌ولێر له‌ تیپی كاره‌با یاری ده‌كه‌ن.
راهێنه‌ر تازه‌كه‌ی هه‌ولێر بیرۆكه‌ی گرینگی دانی به‌ یایزانی لاو هه‌یه‌، بریاریشی داوه‌، چه‌ند یاریزانێكی لاوی تیپه‌كه‌ له‌ یاریییه‌كانی داهاتوو یاریی پێبكات، ش، به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی بۆ داهاتوو ئاماده‌بن و پێبگه‌ن، له‌وانه‌ عه‌لی شاخه‌وان و عه‌بدولقادر ئه‌یوب، كه‌ یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراقن، شوان مامۆ و بارزان شێرزاد و هه‌ردی سیامه‌ند و شافیۆ مامۆنی پیشه‌گه‌ر خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی هه‌ولێرن، هه‌ولێر 6 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی دوازده‌یه‌م دێت، كاره‌با 8 خاڵی هه‌یه‌ له‌ پله‌ی هه‌شته‌م دێت.
له‌ كۆی 10 یاری رابردووی نێوانیان هه‌ولێر 6 یاری بردووه‌ته‌وه‌ و 4 یاریش یه‌كسان بوونه‌، گه‌وره‌ترین ئه‌نجامی نێوانیان (5-3) له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ولێر بووه‌، كه‌ له‌ ساڵی 2013ـه‌، زه‌رد پۆشه‌كانی هه‌ولێر له‌ ماوه‌ی یازده‌ ساڵی رابردوو هیچ یارییه‌كیان به كاره‌با نه‌دۆڕاندووه‌.

زاخۆ و دیوانیه‌
زاخۆ میوانی دیوانیه‌یه‌، تیپه‌كه‌ی خاپور دوای كۆمه‌ڵێك ئه‌نجامی باش له‌ دوو یاری رابردووی تووشی شكست هات، ئێسته‌ بیر له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی دیوانیه‌ هه‌ڵسنه‌وه‌، زاخۆ سرووشتی یاریكردنی وایه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی باش یاری ده‌كات، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ئه‌نجامیكی باش له‌و تیپه‌ ده‌كرێت.
زاخۆ له‌ 6 یاریی رابردوو 10 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی حه‌وته‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ دێت، دیوانیه‌ش به‌ 3 خاڵ له‌ پله‌ی نۆزده‌یه‌می خوله‌كه‌ دێت، له‌ كۆی 4 یاریی نێوانیان زاخۆ بردنه‌وه‌یكی هه‌یه‌ و سێ یارییش به‌ یه‌كسان كۆتایی هاتووه‌.

نه‌ورۆز میوانی سامه‌رایه‌
نوێنه‌ره‌كه‌ی سلێمانی گه‌ڕی رابردوو له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ دژی قاسم یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی له‌ مێژووی خولی نایابی عێراقی تۆماركرد، بۆ ئه‌م یارییه‌ش به‌دوای بردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێت و چاوی له‌ سێ خاڵی دیكه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئێسته‌وه‌ كاری مانه‌وه‌ی له‌ خوله‌كه‌ بۆ وه‌رزی داهاتوو ئاسانتر بێت، ئاسۆ رۆسته‌م و حه‌مكه‌ و دیار یاخی له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌م تیپه‌ن، 4 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی پازده‌یه‌م دێت، سامه‌راش به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 1 خاڵ له‌ كۆی 6 یاریی له‌ ریزبه‌ندی بیسته‌م و كۆتایی دێت.
نه‌فتی وه‌سه‌ت، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 18 خاڵ و تۆماركردنی 10 گۆڵ و پاكراگرتنی گۆڵه‌كه‌ی له‌ 6 یاریی رابردوو سه‌روو ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ی گرتووه‌، كه‌ عه‌بدولغه‌نی شه‌هد راهێنه‌رایه‌تی تیپه‌كه‌ ده‌كات، جه‌وه‌یش به‌ 16 خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌م دێت، شورته‌ش به‌ 16 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌م دێت، موهه‌ند ره‌حیم، به‌ 4 گۆڵ گۆڵكه‌ری خوله‌كه‌یه‌، شافیۆ مامۆنی پیشه‌گه‌ریش به‌ 3 گۆڵ گۆڵكه‌ری یانه‌ی هه‌ولێره‌، ئاسۆ رۆسته‌میش به‌ 2 گۆڵ گۆڵكه‌ری تیپی نه‌ورۆزه‌، ئه‌مجه‌د وه‌لید و لۆكاس سانتۆس به‌ 2 گۆڵ گۆڵكه‌ری یانه‌ی زاخۆن.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 07 نیسان 2022 13:01
© 2017 Hawler