ئایار 23, 2022

زۆرترین بینراو وه‌رزش

Error: No articles to display

یانه‌كانی شه‌قڵاوه‌ و ئارارات له‌ پێناو یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتن سه‌ردانی سلێمانی ده‌كه‌ن

ئه‌مرۆ چوارشه‌مه‌، گه‌ڕی سێیه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ ئه‌نجامدانی 4 یاری ده‌ستپێده‌كات، سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ش چوار یاری دیكه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن و كۆتایی به‌ یارییه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ دێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كاتژمێر (3)ـی ئێواره‌ ده‌بێت.

یاریی لوتكه‌ی ئه‌م گه‌ڕه‌ له‌ نێوان شێروانه‌ و هه‌ندرێن ده‌بێت، یارییه‌كه‌ش له‌ پێناو شه‌ڕی پێشه‌نگه‌، یانه‌ی سه‌یدسادقیش یاریگه‌ی خۆی به‌ ده‌ره‌فه‌ت ده‌زانی تا له‌ هه‌ولێر بباته‌وه‌، برایه‌تی و چه‌مچه‌ماڵیش، به‌دوای یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێریش له‌ یاریگه‌ی سۆران ده‌بێته‌ هه‌ڵۆ.

شێروانه‌ ده‌یه‌وێت پێشه‌نگ له‌ هه‌ندرێن وه‌ربگرێته‌وه‌
شێروانه‌ی كه‌لارییه‌كان، له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ندرێن ده‌كات، شێروانه‌ به‌هۆی بوونی كۆمه‌ڵێك گه‌نج و لاوی شاره‌كه‌ تیپێكی به‌هێزیان بۆ خوله‌كه‌ درووستكردووه‌، كه‌ ده‌توانن ركابه‌ری یانه‌كانی خولی نایابی كوردستان بكه‌ن، ئه‌م وه‌رزه‌ش 4 خاڵیان هه‌یه‌ و بێ دۆڕانن، ده‌یانه‌وێت یاریگه‌ی خۆیان بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تی گه‌یشتن به‌ پێشه‌نگی خولی نایاب، كه‌ ئێسته‌ له‌ خانه‌ی دووه‌من.
هه‌ندرێن، باشترین پێكهاته‌ی له‌نێو تیپه‌ به‌شداربووه‌كانی خولی نایابی كوردستان هه‌یه‌، جگه‌ له‌ یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی یه‌ده‌گه‌كانیشی یاریزانی ئاست به‌رزن، تا ئێسته‌ پلانه‌كانی دڵشاد مه‌عروفی راهێنه‌ر به‌ ته‌واوی ئامانجه‌كانی خۆی پێكاوه، به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه‌ ئه‌ركیان قووڕسه‌ و به‌ ئاسانی ناتوانن بردنه‌وه‌ تۆمار بكه‌ن، به‌ 6 خاڵ پێشه‌نگی خوله‌كه‌ن.

برایه‌تی و چه‌مچه‌ماڵ به‌دوای یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌گه‌ڕێن
سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر، له‌ یاریگه‌ی خۆیان میوانداری چه‌مچه‌ماڵ ده‌كه‌ن، سه‌مه‌د جه‌وهه‌ری راهێنه‌ر گه‌ڕی رابردوو گۆڕانكاری له‌ شێوازی یاریكردنی كردبوو، تیپه‌كه‌ی باشتر ده‌ركه‌وتووبوو، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانیی زیاتر له‌ تیپه‌كه‌ی ده‌كرێت، ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م وه‌رزه‌ی برایه‌تی پێگه‌یاندنی یاریزانه‌ بۆ ساڵانی داهاتوو له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ له‌ خولی نایابی كوردستان، بۆیه‌ هانده‌ران و هه‌ودارانی ئه‌م جۆره‌ تیپانه‌ ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی باش و له‌سه‌رخۆ و ئارمگرتن هاندی تیپه‌كه‌یان بده‌ن و له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی تیپه‌كه‌ په‌له‌ نه‌كه‌ن.
چه‌مچه‌ماڵ، به‌ راهێنه‌رایه‌تی ئه‌رسه‌لان جه‌لال به‌دوای یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ بۆ تیپه‌ خاوه‌ن جه‌ماوه‌ره‌ییه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی برایه‌تی له‌ سه‌ر یاریگه‌ی خۆی كارێكی ئاسان نییه‌، چه‌ند یاریزانێكی خاوه‌ن ئه‌زموونی هه‌یه‌، له‌وانه‌ هاوكار له‌تیف، ئاكۆ نوری، كه‌ به‌ كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی پێكهاته‌كه‌ی ئه‌رسه‌لان جه‌لال داده‌نرێن، ته‌نها خاڵێكیان هه‌یه‌.
هه‌ولێر میوانی هانده‌ره‌ سه‌رنجراكێشه‌كه‌ی سه‌یدسادقه‌
سه‌یدسادق، دوای شكستی گه‌ڕی رابردووی له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ولێر ده‌كات، ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی شكشته‌كه‌ی گه‌ڕی رابردووی له‌ هه‌ولێر بكاته‌وه‌، پشت به‌ هانده‌ره‌ بێ شووماره‌كه‌ی ده‌به‌ستێ، كه‌ به‌سه‌رما و گه‌رما هانی تیپه‌كه‌یان به‌ جوانترین شێوه‌ ده‌ده‌ن و دیمه‌نێكی جوان به‌ یانه‌كه‌ و یاریگه‌كه‌ ده‌به‌خشن، هه‌رچه‌ند ئاماده‌كارییه‌كانی تیپه‌كه‌یان كه‌م بووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو باش یاریی ده‌كه‌ن، ته‌نها 3 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی نۆیه‌من.
هه‌ولێر، گه‌ڕی رابردوو له‌ یاریگه‌ی خۆی به‌ دهۆك دۆڕا، تیپێكی لاون، ئه‌م كه‌م ئه‌زموونییه‌ به‌ رانبه‌ر هاده‌رێكی وا زۆر كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر ده‌روونی یاریزانه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆكاری شكستێكی دیكه‌ی هه‌ولێرییه‌كان، ته‌نها یه‌ك خاڵیه‌ن هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی چوارده‌یه‌من.
هه‌ڵۆ له‌ یارییه‌كی زه‌حمه‌تدا میوانداری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات
یانه‌ی هه‌ڵۆ به‌هۆی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی یاریگه‌كه‌یان، یارییه‌كانی تیپه‌كه‌یان بۆ یاریگه‌ی سۆران گواستووه‌ته‌وه‌، له‌ دوو یاریی رابردووش دوو شكستیان تووش هاتووه‌، بۆیه‌ ئه‌ركیان قوورسه‌، به‌ڵام له‌ تۆپی پێدا هیچ شتێك مه‌حاڵ نییه‌، ره‌نگه‌ ئه‌نجامێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو به‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌كانی سه‌میر بابۆ تۆمار بكه‌ن.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، 4 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه‌ و ته‌نها یه‌ك گۆڵیان هه‌یه‌، كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م تیپه‌ هێواشی بردنی هێرشه‌كانیان بۆ تیپی به‌رانبه‌ر، واتا ده‌رفه‌ت به‌ یاریزانانی تیپی به‌رانبه‌ر ده‌ده‌ن، بۆ به‌رگریكردن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر رێژه‌ی گۆڵنه‌كردنی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر هه‌بووه‌، 4 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی پێنجه‌من.

یارییه‌كانی سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌
له‌ درێژه‌ی یارییه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌، سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ به‌ ئه‌نجامدانی چوار یاری دیكه‌ كۆتایی به‌ یارییه‌كانی ئه‌م گه‌ڕ دێت كه‌ تێیدا شه‌قڵاوه‌ بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی سیروانی نوێ گه‌شتی شاری سلێمانی ده‌كات، دێربی بادینانیش له‌ نێوان دهۆك و زاخۆ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. یانه‌ی سۆرانیش له‌به‌رده‌م ئاپۆڕای هانده‌رانی میوانداریی ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات. له‌ دوایین یارییدا ئارارات له‌به‌رزاییه‌كانی پیرمام دێته‌ خواره‌وه‌ و بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی نه‌ورۆز سه‌ردانی سلێمانی ده‌كات.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 07 نیسان 2022 13:05
© 2017 Hawler