کانونی دووەم 28, 2022

زۆرترین بینراو وه‌رزش

Error: No articles to display

ئامادەکارییەکانی یانەی شێروانە بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو

یانەی شێروانە دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو پلەی دووەمی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا، ئەم وەرزەیش بەهەمان ستافی ڕاهێنان ماوەی مانگێک و نیو زیاترە ئامادەکاریەکانی دەسپێکردووە و یاری دۆستانە و کەمپی مەشق و ڕاهێنانیشی ئەنجامداوە، بەگوتەی بەرپرسانی یانەکەیش ئەم وەرزە شێروانە ئامانجی ئەوەیە هاوشیوەی وەرزی ڕابردوو پلەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی یانەکان بەدستبهێنێت.

کەمپی مەشق و ڕاهێنانیان ئەنجامداوە
دەربارەی دروستکردنی پێکهاتەی ئەم وەرزەی یانەکە و ئامانج و گۆڕانکارییەکانی یانەی شێروانە بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، ئەرکان محمد ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەکە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر قسەی کرد و گووتی: دوای بەدەستهێنانی پلەی دووەمی خولی نایابی کوردستان لە وەرزی ڕابردوودا، کارگێڕی یانەکە کۆبونەوەی ئەنجامدا، بەمەبەستی دیاریکردنی ستافی ڕاهێنەران و پلان و ئامانجی یانەکە بۆ ئەم وەرزەی خولەکە.
ماوەی مانگێک و نیوە بە ڕاهێنەرایەتی سەردار مەجید لەمەشق و ئامادەکارییەکان بەردەوامین، لەم ماوەیەدا دوو یاری دۆستانەمان لەگەڵ یانەکانی دیفاع مەدەنی و نەورۆزیش ئەنجامداوە، بۆ ماوەی هەفتەیەکیش کەمپی مەشق و ڕاهێنانمان لە کەلار ئەنجامدا، لەگەڵ ئامادەکارییەکانی خولی نایابی کوردستان، خۆمان بۆ یارییەکانی جامی سوپەریش ئامادە کرد، کە یارییەکانی لەشاری هەولێر ئەنجامدرا، دوای بردنەوەمان لەیانەی هەندرێن بەگۆڵێکی بێ بەرانبەر ئێستە لەیاری کۆتاین و لەگەڵ سیروانی نوێ یاری دەکەین بۆ دیاریکردنی پاڵەوانی جامی سوپەری کوردستان.
ئەم وەرزە یانەکەمان کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئەنجامداوە، ٦ یاریزانی وەرزی ڕابردوو یانەکەیان جێهێشتووە، ٥ یاریزانی نوێیش هاتونەتە تیپەکە، ٢ یاریزانی پیشەگەریشمان هێناوە، ٦ یاریزانی تیپی لاوانیشمان سەرخستووە.

ئامانجی یانەکە چی دەبێت؟
لەبەشێکی تردا ئەنوەر ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕی یانەی شێروانە باسی ئامانجی یانەکەی بۆ ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان کرد و لەو بارەیەوە گووتی: وەک دەستەی کارگێڕی یانەکە ئامانجی ئەم وەرزەمان بەدەستهێنانی پلەکانی یەکەم تا سێیەمی ڕیزبەندی یانەکانە.
ئەنجامدانی یارییەکانی جامی هەرێمی کوردستان کە ئەمساڵ پێش دەسپێکی خولی نایابی کوردستان ئەنجام دەدرێت، ئامادەکارییەکی زۆر باش دەبێت بۆ یانەکەمان، ڕاهێنەر دەتوانێت بگاتە پێکهاتەیەکی جێگیر بۆ تیپەکە.
یانەی شێروانە وەرزی ڕابردوو لە خولی نایابی کوردستان پلەی دووەمی خولەکەی بەدەستهێناوە، ساڵی ٢٠١٦ دوای یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر و کەرکووک لە خانەی سێیەمی یانەکان هات، ئەم وەرزەیش لەیەکەم یاری خۆیدا لە ڕۆژی ١٤ مانگی داهاتوو میوانداری یانەی ئارارات دەکات، ستافی ڕاهێنەرانی یانەی شێروانە ئەم وەرزە بە بەمشێوەیە دەبێت ڕاهێنەر سەردار مەجید، یاریدەدەری ڕاهێنەر موحسین عەبدولکەریم، ڕاهێنەری گۆڵپارێز جەبار کەریم.

 

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler