تشرینی یەکەم 03, 2022

زۆرترین بینراو وه‌رزش

Error: No articles to display

له‌ خولی نایابی عێراقدا نه‌ورۆز به‌ دوای یه‌كه‌م بردنه‌وەدا‌ ده‌گه‌ڕێت و هه‌ولێریش رووبه‌ڕووی شوڕته‌ ده‌بێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ و سبه‌ی گه‌ڕی سێیه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ سێ یانه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌شدارن، له‌ یاری یه‌كه‌م ئه‌مڕۆ نه‌ورۆز له‌ كاتژمێر (6) ده‌بێته‌ مێوانی نه‌فتی ناوه‌ڕاست، یارییه‌كه‌ش له‌ یاریگه‌ی نه‌جه‌ف به‌ڕێوه ‌ده‌چێت، رۆژی هه‌ینی هه‌ولێر له‌ به‌غدا كاتژمێر (3:30)، ده‌بێته‌ میوانی شوڕته‌، یانه‌ی زاخۆش له‌ شاری به‌سڕه‌ كاتژمێر(6)، میوانی یانه‌ی مینایه‌.

نه‌ورۆز و نه‌فتی وه‌سه‌ت
نه‌ورۆز، بۆ یه‌كه‌م وه‌رزه‌ له‌ خولی نایابی عێراقی یاریی ده‌كات، له‌ دوو گه‌ڕی رابردووی ته‌نها گۆڵێك و خاڵێكی هه‌یه‌، ئێسته‌ به‌دوای یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی مێژووی له‌ خوله‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێت و ده‌یه‌وێت باری لاسه‌نگی خۆی راست بكاته‌وه‌، كه‌ دۆڕانێك و یه‌كسانێكی هه‌یه‌، وه‌لی كه‌ریمی راهێنه‌ر ته‌نها به‌ 14 رۆژ ئه‌م تیپه‌ی بۆ یارییه‌كان ئاماده‌كردووه‌، بۆیه‌ كێشه‌ی له‌ تونای جه‌سته‌ی یاریزانه‌كان هه‌یه‌، له‌ دوو یاریی رابرده‌ووی دا، له‌ كۆتا چاره‌گی یارییه‌كان به‌ روونی نزمبوونه‌وه‌ی توانای جه‌سته‌ی یاریزانه‌كانی پێوه‌ دیاره‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ش تواناكانی دیار یاخی به‌رگریكه‌ری بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی كارتی سووره‌وه‌ دابڕابوو، به‌ ته‌نها خاڵێك له‌ ریزبه‌ندی سێزده‌یه‌می خوله‌كه‌ دێت.
نه‌فتی وه‌سه‌ت، ئه‌مه‌ وه‌رزه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش ده‌ركه‌وتوو، له‌ هه‌ردوو یاریی رابردووی دوو بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌، خاوه‌نی 6 خاڵه‌ و 3 گۆڵیشی هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت هیچ گۆڵێكیشی لێنه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی یاریزانان و هێرشبه‌رانی نه‌ورۆز قووڕس ده‌كات، تیپێكی به‌هێزن و یاریكردن له‌ نێو یاریگه‌ی ئه‌وان زه‌حمه‌ته‌، بۆیه‌ نه‌ورۆز تووشی كێشه‌ی زۆر ده‌بێته‌وه‌ له‌ یاریییه‌كه‌ دا، به‌ 6 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندین.

شوڕته‌ و هه‌ولێر
زه‌رد پۆشه‌كانی قه‌ڵای هه‌ولێر، دۆخیان باش نییه‌، چونكه‌ له‌ دوو یاریی رابردوو ته‌نها خاڵێكیان هه‌یه‌، گه‌ڕی رابردووش له‌ یاریگه‌ی خۆیان به‌ ئه‌مانه‌ی به‌غدا دۆڕاون، ئه‌م یارییه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ یانه‌ پاڵێورا و پڕ هانده‌ره‌كانی خولی نایابی عێراقی یاریی هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی زۆر قووڕسه‌ و ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی باشتر له‌م یارییه‌ ده‌ربكه‌وێن، هه‌رچه‌ند یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تیپه‌كه‌ی ته‌ها قادر، باش یاریكردنه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ به‌هێزه‌كان، به‌ڵام ده‌بێت یاریزانه‌كان خۆیان رێكبێخنه‌وه‌ و به‌ وردی پلانه‌كانی راهێنه‌ر جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌گینا تووشی دۆڕانێكی گه‌وره‌ دێن و هێنده‌ی دیكه‌ ئه‌ركی سه‌ر شانیان گران و زه‌حمه‌ت ده‌بێت، هه‌ولێر به‌ ته‌نها خاڵێك له‌ پله‌ی دوازده‌یه‌م دێت.
شوڕته‌ له‌ دوو یاریی رابردوو 6 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه‌، 3 گۆڵی كردووه‌، تا ئێسته‌ش تۆڕه‌كه‌ی نه‌هه‌ژێنراوه‌، نیاز محه‌مه‌دی به‌رگریكه‌ری هه‌ولێر و یاسین كه‌ریمی گۆڵپارێزی وه‌رزی رابردووی مینا، كه‌ دوو یاریزانی كوردن، ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ ریزی یانه‌ سه‌وز پۆشه‌كانی به‌غدا یاریی ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌ به‌ربژێره‌كانی بردنه‌وه‌ی نازناوی ئه‌مساڵی خوله‌كه‌یه‌، ئێسته‌ له‌ ریزبه‌ندی چواره‌م دێت، له‌ كۆی 10 یاریی رابردووی نێوانیان شوڕته‌ 7 یاریی بردووه‌ته‌وه‌ و هه‌ولێریش 2 یاری بردوووه‌ته‌وه‌ ته‌نها یه‌ك یارییش یه‌كسان بوونه‌، گه‌وره‌ترین ئه‌نجای نێوالنیان (4-0) له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شوڕته‌ بووه‌.

مینا و زاخۆ
زاخۆ ده‌بێته‌ میوانی مینای به‌سڕه‌، كه‌ دۆخی یانه‌كه‌ی خابور به‌راورد به‌ دوو یانه‌كه‌ی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان باشتره‌، چونكه‌ له‌ 2 یاریی رابردوو بردنه‌وه‌یه‌ك و یه‌كسانێكی هه‌یه‌، خاوه‌نی 4 خاڵه‌ و پله‌ی پێنجه‌م دێت، چاویان له‌ویه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان گورزێك له‌ مینا بوه‌شێنن و سێ خاڵی گرینگ به‌ده‌ستبهێنن، چونكه‌ مینا ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ دوو یاری رابردووی وه‌ك پێویست ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ و تیپێكی شپرزه‌ی هه‌یه‌، بۆیه‌ زاخۆیه‌كان ئه‌مه‌ به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانن و ده‌یانه‌وێت بیبه‌نه‌وه‌.
مینا، دۆڕانێك و یه‌كسانێكی هه‌یه‌، دۆخی باش نییه‌، له‌ رووی دارایه‌وه‌ وه‌ك ساڵانی رابردوو نین، بۆیه‌ له‌ درووستكردنی پێكهاته‌كه‌ كێشه‌یان هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاستیان وه‌ك پێویست نییه‌، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌ زاخۆ جارێكیتر خۆیان هه‌ڵسێننه‌وه‌ و له‌ و دۆخه‌ ناخۆشه‌ی تێیدانه‌ رزگاریان ببێت، ته‌نها یه‌ك خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی حه‌ڤده‌یه‌می خوله‌كه‌ دێن، له‌ كۆی 10 یاریی رابردووی نێوانیان، هه‌ر یه‌كه‌ و دوو بردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر حسابی یه‌كتر هه‌یه‌.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

دواترین دەستکاریکردن لەسەر شەممە, 09 نیسان 2022 15:24
© 2017 Hawler