ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئامادەکارییەکانی یانەی ئارارات بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو

یانەی ئارارات یەکێکە لەو یانانەی کە درەنگ دەستی کرد بە دروست کردنی تیپەکەی بۆ یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان، لێ ئەمەیش هۆکار بوو بۆ درەنگ کەوتنی ئامادەکارییەکانی یانەکە، ئارارات ئەم وەرزە بەکۆمەڵێک گۆڕانکارییەوە خۆی بۆ خولەکە ئامادە دەکات بەگوتەی ڕاهێنەری خولەکەیش ئامانجیان ئەوەیە کە یەکێک بن لەو یانانەی لە پلەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی یانەکان بن.

کۆمەڵێک گۆڕانکاری لەتیپەکە کردوە
دەربارەی دروستکردنی پێکهاتەی ئەم وەرزەی یانەکە و ئامانج و گۆڕانکارییەکانی یانەی ئارارات بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، ئەنوەر مەحەمەد ڕاهێنەری تیپەکە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر قسەی کرد و گووتی: وەکو وەرزی ڕابردوو یانەکەمان دەستی کردووە بە پێکهێنانی پێکهاتەکە، ئەم وەرزە جیاوازتر لە وەرزی ڕابردوو، تیپەکە گۆڕانکاری زۆری تێدا کراوە، ٧ یاریزانی نوێمان بۆ تیپەکە لە یانەکانی تر گواستۆتەوە کە دیارترینیان (نەزیر حەمید، سەلام ئەحمەد، ڕێبوار نەجمەدین، وریا کامەران، سەفین عەبدولخالق، عومەر بیبۆ) وە ١٠ یاریزانی تیپی لاوانیشمان بۆ تیپی یەکەم سەرخستووە، بەداخەوە لەبەر کەمی کات نەماتوانی کەمپی مەشق و ڕاهێنان ئەنجام بدەین، بەڵام ڕۆژانە لە مەشق کردن بەردەوامین و دو یاری دۆستانەیشمان لەگەڵ یانەکانی دهۆک و هەولێر ئەنجامداوە.
ڕاهێنەرەکەی یانەی ئارارات باسی ئەوەیشی کرد ئەنجامدانی یارییەکانی جامی هەرێمی کوردستان کاری بۆ ئامادەکارییەکانی یانەکان کەمتر کردۆتەوە کە بڕیار وایە ڕۆژی شەممە یارییەکانی بەڕێوەبچن.
ئامانجی یانەکە چی دەبێت؟
لەبەشێکی تردا ئەنوەر مەحەمەدی ڕاهێنەری یانەی ئارارات باسی ئامانجی یانەکەی بۆ ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان کرد و لەو بارەیەوە گووتی: ئەگەر سەیری دۆخی دارایی یانەکان بکەین ڕەنگە ئەستەم بێت بتوانین ڕکەبەریەکی بەهێزی یانەکانی تر بکەین، بەڵام هێنانی کۆمەڵێک یاریزانی باش و بە ئەزموون بۆ تیپەکە گەشبینی لا دروست کردووم کە بتوانین ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنین و یەکێک بین لە تیپەکانی سەروی ڕیزبەندی.
ڕاهێنەرەکەی ئارارات باسی ئەوەیشی کرد کە پلانی ئەوەیان هەیە یاریزانی پیشەگەر لەدەرەوەی کوردستان بهێنن، لەبەر داخرانی سنوری وڵاتی ئێران هێنانی یاریزانانیان دوا کەوتووە، دوای کردنەوەی سنور بڕیار وایە هێرشبەری پیشەگەری ئێرانی ئەمیر ڕەزا کە وەرزی ڕابردویش لە یانەی ئارارات یاری دەکرد بگەڕێتەوە تیپەکە.
لە یەکەم وەرزی خولی نایابی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦ یانەی ئارارات لە خولی نایابی کوردستان بەشدارە، ستافی ڕاهێنەرانی یانەی ئارارات ئەم وەرزە بە بەمشێوەیە دەبێت ڕاهێنەر ئەنوەر مەحەمەد، یاریدەدەری ڕاهێنەر ڕزگار سەلیم، ڕاهێنەری گۆڵپارێز فاخیر مەحەمەد

 

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر