تشرینی یەکەم 15, 2021

ئامادەکارییەکانی یانەی نەورۆز بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو

یانەی نەورۆز جیاواز لە 5 وەرزی ڕابردووی خولی نایابی کوردستان کە هەردەم یەکێک بووە لەبەربژێرە سەرەکییەکانی بەدەستهێنانی خولەکە، بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەر یانەکەدا هاتووە و بەشداریکردنی لەخولی نایابی عێڕاق، ئەم وەرزە نەورۆز بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری و پێکهاتەیەکی لاوه‌وه‌، ئامادەکاری بۆ خولەکە دەکات و ئامانجی کارگێڕی یانەکەش دروست کردنی تیپێکی باشە بۆ ساڵانی داهاتوو مانەوە لە خولەکە.

کۆمەڵێک گۆڕانکاری لەتیپەکە کراوە
دەربارەی دروستکردنی پێکهاتەی ئەم وەرزەی یانەکە و ئامانج و گۆڕانکارییەکانی یانەی نەورۆز بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، کەمال قادر سەرپەرشتیاری تیپەکە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر قسەی کرد و گووتی: وەکو وەرزی ڕابردوو یانەکەمان دەستی کردووە بە پێکهێنانی پێکهاتەکە، ئەم وەرزە جیاوازتر لە وەرزی ڕابردوو، تیپەکە گۆڕانکاری زۆری تێدا کراوە، ماوەی دوو هەفتەیە دەستمان کردووە بەمەشق و ڕاهێنانەکان و کەمپی مەشق و ڕاهێنانمان ئەنجام نەداوە و ئەگەر دەرفەت هەبێت ماوەی چەند ڕۆژێک ئەنجامی دەدەین، بڕیاریش وایە بۆ ئامادەکاری زیاتر چەند یارییەکی دۆستانە ئەنجام بدەین.
سەرپەرشتیارەکەی یانەی نەورۆز باسی ئەوەیشی کرد کۆمەڵێک یاریزان کە یاریان بۆ نەورۆز دەکرد، ڕیزی تیپەکەیان جێهێشتووە، کە دیارترینیان ئاکۆ نوری و مەحەمەد حەسەنن، هەندێک لەیاریزانان چوونەتە ڕیزی تیپی خولی عێڕاقی یانەکە، بۆ ئەم وەرزە کۆمەڵێک یاریزانی لاو کە ئەزمونیان نیە لە پێکهاتەی یانەکە یاریدەکەن، هەروەها هەردوو یاریزان بابان عەلی و بەندەن هەڵۆ هاتونەتە ڕیزی یانەکەمان.

ئامانجی یانەکە چی دەبێت؟
لەبەشێکی تردا سەرپەرشتیارەکەی یانەی نەورۆز باسی و ئامانجی یانەکەی بۆ ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان کرد و لەو بارەیەوە گووتی: ئەو دۆخە سیاسیەی کە ڕوویدا بێگومان کاریگەری زۆری کردە سەر یانەکەمان بە تایبەتیش لەڕووی داراییەوە، خەریک بوو ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی نەتوانین بەشداری خولی نایابی عێڕاق و کوردستان بکەین، بەڵام بەهاوکاری ستافی دەسەی کارگێڕی یانەکە، تواندرا کێشەکان تا ڕادەیەک چارەسەر بکرێن و بتوانین بەشداری چالاکیەکان بکەین.
دەربارەی ئامانجی یانەکەیش بۆ خولی نایابی کوردستان گووتی: تیپەکامن نوێیە بەشێکی زۆری یاریزانان بۆ یەکەمین جارە لە تیپەکە یاری دەکەن و هەماهەنگیان لەگەڵ یەکتر زۆر کەمە، بۆیە کاتی زیاتری دەوێت تاکو بتوانین پێکهاتەیەکی بەهێز و تۆکمە دروست بکەین.
بۆیە ئێمە وەکو یانەی نەورۆز ئەم وەرزە زیاتر ئامانجمان پێکهێنانی تیپێکی باشە و کاری لەسەر دەکەین بۆ ساڵانی داهاتوو، ئامانجیشمان ئەوەیە لە خولی کوردستان بمێنینەوە.
کارگێڕی یانەکە بۆ یارییەکانی خولی نایابی کوردستان ئەم وەرزە بە ستافێکی ڕاهێنان کە پێکهاتوون لە کامەران عەلی ڕاهێنەر، مەحەمەد حەسەن یاریدەدەری ڕاهێنەری، مەریوان ئەحمەد ڕاهێنەری گۆڵپارێزان، کەمال قادر سەرپەرشتیاری تیپ، تیپەکە بەڕێوەدەبەن.

 

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler