کانونی یەکەم 03, 2021

زۆرترین بینراو وه‌رزش

لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی یانەکانی کوردستان بەڕێوه‌ دەچێت

بڕیار وایە لە ١٦ ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی سەرجەم یانەکانی کوردستان بەڕێوەبچێت، هەڵبژاردنەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش سەرپەرشتی دەکرێت و بەپێی یاسایی ژمارە ١٨ ی ساڵی ١٩٨٦ ی عێڕاقی ئەنجامدەدرێت، ئەو کەسانەی کە مافی ئەوەیان هەیە لەو هەڵبژاردنە دەنگ بدەن، پێویستە ناویان لە لیستی دەستەی گشتی یانە وەرزشیەکان هەبێت.

کێن ئەوانەی کە دەتوانن دەنگ بدەن
دەربارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی یانە وەرزشیەکان و میکانیزمی هەڵبژاردنەکە، لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر سەردار حەیدەر بەڕێوەبەری یانەکان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: دوای چوارساڵ بڕیاردراوە کە لەناوەڕاستی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنێکی نوێ بۆ دەستەی کارگێڕی بۆ سەرجەم یانە وەرزشیەکانی کوردستان ئەنجامبدرێت، باسی ئەوەیشی کرد کە ئەوان بەپێی یاسایی ژمارە ١٨ ی ساڵی ١٩٨٦ ی عێڕاقی هەڵبژاردنەکە دەکەن و هەموو بڕگەکان جێبەجێ دەکەن کە لەو یاسایە هەیە، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و کارمەندان و یاریزانان مافی دەنگدان و خۆ پاڵاوتنیان هەیە لە هەڵبژاردنەکان یانە وەرزشیەکان.

تەمەنی ئەو کەسانەی کە خۆیان بەربژێر دەکەن دیاریکراوە
لەبەشێکی تری دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێر سەردار حەیدار گووتی: جیاواز لە هەڵبژاردەنەکانی ڕابردوو ئەمساڵ هەرکەسێک بڕوانامەی نەبێت ناتوانێت خۆی هەڵبژێرێت، مەرجیشە کە بڕوانەمەکە لە شەشی ئامادەیی کەمتر نەبێت، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ئاسانکاریمان بۆ یەک کەس کرد بوو، کە بڕوا نامەی نەبێت و بەشدار بێت، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا ئەم خاڵەمان لابردووە، پێویستە ئەوانەی لە دەستەی گشتین خۆیان بەربژێر بکەن، لەهەر یانەیەک لە ٥ تا ١٠ کەس دەتوانن ببن بە دەستەی کارگێڕێ یانەکان، خشتەی دەسپێکردنی هەڵبژاردنی یانەکانیشمان داناوەو لە ماوەی داهاتوودا ڕایدەگەیەنین و یانەکان و هەرچوار بەڕێوەبەرایەتیەکە ئاگادار دەکەینەوە بە مەبەستی ئامادەکاری زیاتر بۆ هەڵبژاردنەکان، دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەر یانەیەکی وەرزشی ئەو کەسانەی کە دەردەچن، خۆیان لە نێوان خۆیان سەرۆک و جێگر و سکرتێر هەڵدەبژێرن و بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش ئەم کارە ناکات.
بەڕێوەبەری یانەکانی کوردستان، هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە مەرجە ئەوکەسانەی کە دەنگ دەدەن تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمتر نەبێت، هەروەها ئەو کەسانەی کە خۆیان بەربژێردەکەن بۆ پۆستی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکان پێویستە تەمەنیان لەسەرووی ٢٠ ساڵەوە بێت.

 

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler