کانونی یەکەم 03, 2021

زۆرترین بینراو وه‌رزش

هۆكاری نه‌بردنه‌وه‌ی چامپیۆنس لیگ له‌لایه‌ن ڕۆناڵدۆوه‌ بۆ یوڤێنتوس ئاشكرا كرا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

یانه‌كه‌ی، بۆندێكی گه‌وره‌ی‌ پێشكه‌شی محه‌مه‌د سه‌ڵاح كرد
محه‌مه‌د سه‌ڵاح، یاریزانی میسڕیی یانه‌ی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی، بۆندێكی گرانبه‌های له‌لایه‌ن یانه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی پێشكه‌ش كراوه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ وه‌كوو یه‌كه‌مین یاریزانی باڵه‌كان له‌ مێژووی خولی ئینگلیزیدا توانی ژماره‌ی گۆڵه‌كانی بگه‌یه‌نێت به‌ 100 گۆڵ.
دوێنێ سێشه‌ممه‌ 14/9/2021، ڕاپۆرتی رۆژنامه‌ی سه‌نی بریتانی بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ یانه‌ی لیڤه‌رپوول ده‌یه‌وێ پارێزگاری له‌ ئه‌ستێره‌كانی بكا، ئه‌ویش له‌ میانی نوێكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كانیاندا، ئه‌وانیش بریتین له‌ بۆندی محه‌مه‌د سه‌ڵاحی میسڕی و سادیۆ مانیی سه‌نیگالی و چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی دیكه‌ی.
رۆژنامه‌كه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ یانه‌كه‌ ده‌یه‌وێ مانه‌وه‌ی ئه‌و دوو ئه‌ستێره‌یه‌ی مسۆگه‌ر بكا، ئه‌ویش به‌ نوێكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كانیان، هاوكات ده‌یه‌وێ بۆندی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌لیسۆن بیكه‌ری گۆڵپارێز و ڤیرجیل ڤان دایك و ئه‌ندی رۆبرتسۆن و ئه‌لێكسه‌نده‌ر ئارنۆڵد و جۆردان هینده‌رسۆن و فابینۆ نوێ بكاته‌وه‌.
مێدیا بریتانییه‌كه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ لیڤه‌رپوول ده‌یانه‌وێ هه‌مان بڕه‌بۆند پێشكه‌ش مانی بكه‌ن، كه‌ پێشكه‌شی ڤان دایكیان كردووه‌، كه‌ ده‌گاته‌ 220 هه‌زار جونه‌یهی ئیسته‌رلینی له‌ هه‌فته‌یه‌كدا.
ئه‌گه‌ر ئه‌و هێرشبه‌ره‌ سه‌نیگالییه‌ 29 ساڵانه‌ ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر نوێكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی بدا، ئه‌وه‌ به‌ پێی بۆنده‌ نوێیه‌كه‌ تا هاوینی ساڵی 2025 و ته‌مه‌ن 34 ساڵان له‌و یانه‌یه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌.
له‌باره‌ی محه‌مه‌د سه‌ڵاحیشه‌وه‌، یانه‌ی لیڤه‌رپوول ده‌یه‌وێ گه‌وره‌ترین مووچه‌ی له‌ خولی ئینگلیزی پێ بدا، كه‌ ده‌گاته‌ 500 هه‌زار جونه‌یهی ئیسته‌رلینی له‌ هه‌فته‌یه‌كدا. ئێسته‌ محه‌مه‌د سه‌ڵاح له‌گه‌ڵ یانه‌ی لیڤه‌رپوول بۆنده‌كه‌ی تا ساڵی 2023ـیه‌، خواستێكی زۆریش له‌لایه‌ن ڕێدزه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی، به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌ ئاستێكی زۆر باشدایه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ و له‌م گه‌ڕه‌ی دوایی خولی ئینگلیزیدا ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی برده‌وه‌.
محه‌مه‌د سه‌ڵاح، یاریزانی به‌ڕه‌سه‌ن میسڕیی یانه‌ی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی، له‌ گه‌ڕی رابردوودا، دوای 162 یاری له‌ خوله‌كه‌، 100ـه‌مین گۆڵی له‌ خولی ئینگلیزی تۆمار كرد، له‌و یارییه‌ی یانه‌كه‌ی به‌ سێ گۆڵی بێ به‌رانبه‌ر له‌ یانه‌ی لیدز یونایتدی برده‌وه‌.
محه‌مه‌د سه‌ڵاح له‌ باره‌ی تۆماركردنی گۆڵی ژماره‌ 100ـیه‌وه‌ له‌ خولی ئینگلیزی، گوتبوویی: تۆماركردنی ئه‌م ڕێژه‌ی گۆڵ له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول، كارێكی ئاسایی نییه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو: من به‌ درێژایی كاتی یاری، له‌ باڵه‌كان یاری ده‌كه‌م، پێشم وایه‌ كه‌ ئه‌سته‌م و ئاڵۆزه‌ ژماره‌ی له‌م جۆره‌ تۆمار بكه‌ی و له‌م ناوه‌نده‌ یاری بكه‌ی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر گرینگه‌ بۆ من، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یارمه‌تیی یانه‌كه‌م بده‌م بۆ سه‌ركه‌وتن.
سه‌ڵاح خۆشحاڵه‌ به‌وه‌ی 98 گۆڵی له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول و 2 گۆڵه‌كه‌شی بۆ چێڵسی تۆمار كردووه‌ و سوپاسی هاوڕێكانی كرد بۆ یارمه‌تیدانی بۆ تۆماركردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی گۆڵكردن.
محه‌مه‌د سه‌ڵاح، یه‌كه‌م یاریزانی بیانییه‌ كه‌ له‌ باڵه‌كان یاری بكا و بگاته‌ 100 گۆڵ له‌ خولی نایابی ئینگلیزی، تاكه‌یاریزانیشه‌ ژماره‌ 30 بێ و ئه‌و ژماره‌ گۆڵه‌ی تۆمار كردبێ.

هۆكاری شكستی ڕۆناڵدۆ له‌ یانه‌ی یوڤێنتوس ئاشكرا كرا
دیل پیێرۆ، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ یاریزانێكی پاڵه‌وانه‌ و هۆكاری شكستیشی له‌ یانه‌ی یوڤێنتوس ده‌خاته‌ روو.
ئه‌لیساندرۆ دیل پیێرۆ، ئه‌فسانه‌ی یانه‌ی یوڤێنتوس، پێی وایه‌ كه‌ یانه‌ی یوڤی ده‌توانێ زاڵ بێ به‌سه‌ر ئه‌و سه‌ره‌تا خراپه‌ی وه‌رز، كه‌ پێی ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ تازه‌كی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ریزه‌كانی یانه‌كه‌ی جێ هێشتووه‌.
ڕۆنالدۆ دوای سێ ساڵ مانه‌وه‌ی له‌ یوڤی، ریزه‌كانی خانمه‌پیره‌كه‌ی جێ هێشت، هه‌رچه‌نده‌ به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ چووه‌ یانه‌كه‌ تا یارمه‌تیی بدا بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوی چامپیۆنس لیگ، به‌ڵام نه‌یتوانی ئه‌و ئامانجه‌ بپێكێ و جوو جار له‌ قۆناغی شازده‌ دوور خرایه‌وه‌ و جارێكیش له‌ چاره‌كی كۆتایی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌.
دیل پیێرۆ بۆ رۆژنامه‌ی لاگازێتتا دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵی، وتوویه‌تی: ئێمه‌ ده‌بێ له‌گه‌ڵ واقیعدا مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، ناكرێ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ نه‌كراوه‌".
وتیشی: كریستیانۆ ڕۆنألدۆ خواستی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ نه‌بوو، روونیشه‌ كه‌ بۆ یوڤی قازانج له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌و مووچه‌ به‌رزه‌ نه‌دا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ یاریزانێكی پاڵه‌وانه‌ و پێویست بوو بۆندی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، كێشه‌ له‌وه‌دایه‌، كه‌ یانه‌كه‌ شكستی له‌وه‌دا هێناوه‌ كه‌ سوود له‌ ئه‌ستێره‌ دیاره‌كانی وه‌ربگرێ.
ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی پێشووی یانه‌ی یوڤی، له‌باره‌ی ئاستی خراپی ئێسته‌ی یانه‌كه‌ و چۆنیه‌تی ڕاستكردنه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كان، گوتی: پاولۆ دیبالای ئه‌رژه‌نتینی، له‌ رابردوو زۆری پێشكه‌ش كردووه‌ و پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌مان ئاست، ئازادیی زیاتری هه‌یه‌ و به‌قۆستنه‌وه‌ی توانا به‌رزه‌كه‌ی، ده‌توانێ جیاوازییه‌كی زۆر دروست بكا.
وتیشی: له‌سه‌ر هه‌مووان پێویسته‌ سه‌یری داهاتوو بكه‌ن و سه‌یری ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن له‌ رابردوو چی رووی داوه‌، وه‌كوو ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ یان هه‌ر شتێكی تر.
دوای نه‌مانی ڕۆناڵدۆ له‌ یوڤی و پێوه‌ندیكردنی به‌ مانچسته‌ر یونایتده‌وه‌، به‌ ئاستێكی باش ده‌ركه‌وت. سۆڵشایه‌ر، راهێنه‌ری یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتدیش، ڕێگه‌ی نموونه‌یی بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ڕۆناڵدۆی ده‌ستنیشان كرد.
پێشتر، ئۆلی جۆنار سۆڵشایه‌ر، راهێنه‌ری نه‌رویژیی یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد، دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ به‌ پێی ئه‌و پلانه‌ی دایناوه‌، له‌ هه‌موو یارییه‌كانی یانه‌كه‌یدا به‌شداری پێ ناكا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاستێكی باش و دره‌وشاوه‌ ده‌ربكه‌وێ.
ڕۆناڵدۆ وێستگه‌ی دووه‌می كاروانی یاریكردنی له‌ یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتده‌وه‌ ده‌ست پێ كرد، ئێسته‌ش دوای ساڵانێك گه‌ڕایه‌وه‌ یانه‌كه‌ی و له‌ دووه‌م یاریی یانه‌كه‌یدا دوو گۆڵی تۆمار كرد، ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ زیاتر پشتی پێ ببه‌سترێ.
به‌ڵام راهێنه‌ره‌ نه‌رویژییه‌كه‌، سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ رۆناڵدۆ له‌ هه‌موو یارییه‌كاندا به‌شداری نه‌كا و له‌ چه‌ند یارییه‌كی داببڕێ، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ ئاماده‌یی خۆی بۆ یارییه‌كان بكا، به‌ تایبه‌ت كه‌ ته‌مه‌نی 36 ساڵانه‌.
وتیشی: ڕۆناڵدۆ مه‌رج نییه‌ له‌ هه‌موو یارییه‌كدا به‌شدار بێ، ته‌مه‌نی 36 ساڵانه‌ و پێویسته‌ ئاگامان له‌ خوله‌كه‌كانی یاریكردنی بێ.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler