ئەیلول 27, 2021

سه‌میر بابۆ: تیپه‌كه‌مان هه‌موو وه‌رزێك بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ به‌ربژێره‌

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر بۆ وه‌رزی نوێی خولی نایابی كوردستان ده‌ستی به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی كرد، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كۆمه‌ڵێ گۆڕانكاری ڕیشه‌ی له‌ پێكهاته‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌، كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و خاڵه‌ لاوازانه‌ی وه‌رزی رابردوو له‌ پێكهاته‌كه‌ هه‌یان بووه‌ بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ن، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ میژووی به‌شداریكردنی دوو جار بووه‌ته‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی كوردستان، سه‌میر بابۆی راهێنه‌ری تیپه‌كه‌، له‌سه‌ر دواین گۆڕانكارییه‌كان و ئاماده‌كارییه‌كانی تیپه‌كه‌ی بۆ وه‌رزی نوێ، دواین زانیاری تیپه‌كه‌ی بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر خسته‌ڕوو.

راهێنه‌ری پێشمه‌رگه‌ چی ده‌ڵێت؟
سه‌باره‌ت به‌ پرسی گۆڕانكارییه‌كانی تیپه‌كه‌ی و خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی سه‌میر بابۆی راهێنه‌ر بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وتی: هه‌فته‌یه‌كه‌ مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌ین، له‌م چه‌ند رۆژه‌ی داهاتووش ئۆردوگایه‌كی مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌یه‌نه‌وه‌ به‌رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ شاری هه‌ولێر ده‌بێت، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ ماوه‌ی گونجاو پیویست بۆ هه‌ر تیپێك 8 تــا 10‌ هه‌فته‌ی پێویسته‌ تا له‌ رووی جه‌ستیه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش ئاماده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌و ماوه‌ی كورته‌ی ماوه‌ ناتوانیت به‌ڕێژه‌یه‌كی 100%، تیپه‌كه‌ له‌ رووی جه‌سته‌یه‌وه‌ ئاماده‌ بكه‌یت، به‌ڵام ئه‌مه‌ كاری ئێمه‌یه‌، كه‌ خۆمان ئاماده‌بكه‌ین و كاته‌كه‌ بگونجێنین له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارییه‌كانی تیپه‌كه‌، هه‌موو هه‌وڵی خۆمان ده‌ده‌ین له‌و پینج هه‌فته‌ی داهاتوو تیپێكی به‌هێز له‌رووی جه‌سته‌یه‌وه‌ بۆ ململانێكان ئاماده‌ بكه‌ین.
بابۆ گوتیشی: ئه‌م وره‌زه‌ پێكهاته‌كه‌مان به‌راورد به‌ وه‌رزی رابردوو كێشه‌ی كه‌متری له‌ پێكهاته‌كه‌ و هێڵه‌كاندا هه‌یه‌، توانیمانه‌ ئه‌و یاریزانانه‌ی پێویستمان پێیه‌ بیهێنیه‌ ریزه‌كانمان، هه‌رچه‌ند له‌چه‌ند هێلێك كێشه‌مان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت پێویستمان به‌هێرشبه‌رێكی باش هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پلانانه‌ی دایده‌ڕێژین به‌خێرای جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام ده‌بێت به‌ پێی ئه‌و داهاته‌ی له‌به‌رده‌ستمانه‌ هێرشبه‌رێك بگوازینه‌وه‌، هه‌وڵده‌ده‌ین به‌پێی توانای خۆمان له‌ رووی دارایه‌وه‌، پێكهاته‌كه‌ ته‌واو بكه‌ین و كێشه‌مان نه‌مێنێت.
ده‌رباره‌ی ئامانجی ئه‌م وه‌ر‌زی یانه‌كه‌ راهینه‌ری پێشمه‌گه‌ی هه‌ولێر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌وان به‌هۆی ئه‌و ئه‌نجامه‌ باشانه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو به‌ده‌ستیانهێناوه‌، هه‌موو كات به‌شێوه‌ی پاڵه‌وان و به‌ربژێری بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌، سه‌یری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر كراوه‌، بۆیه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ش بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ ده‌جه‌نگن، بۆیه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ش حه‌ز و خواستی ئه‌وان بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌یه‌ بۆ جاری سێیه‌م له‌مێژوویدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ شیوازی ململانێ و كێبڕكی كردنی یانه‌كانه‌، له‌ كاتی یارییه‌كان ئه‌و رێگایه‌ت نیشان ده‌دات تا ببیته‌ پاڵه‌وان یا ئامانجه‌كه‌‌ت به‌دیبهێنیت، یاخود هه‌ندێجار پێكان به‌رۆكی یاریزانه‌كان ده‌گرێت و پلانه‌كانت تێكده‌چن، بۆیه‌ ده‌بێت به‌شێویه‌كی باش ئاماده‌كاری بكه‌یت و به‌وردی پلانه‌كانت دابڕێژی و جێبه‌جێیان بكه‌یت، هه‌موو هه‌وڵێكی خۆمان ده‌ده‌ین تا به‌شێوه‌یه‌كی باش بۆ یارییه‌كان ئاماده‌بین.

یاریزانه‌ نوێیه‌كانی پێشمه‌رگه‌
ئه‌و یاریزانه‌ نوێیانه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر كردووه‌
دلێر حاته‌م گۆڵپارێز، هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ـ ناوه‌ڕاست، میران خه‌سرۆ ـ ناوه‌ڕاست، خه‌سرۆ محه‌مه‌د ـ به‌رگریكار، محه‌مه‌د سامی ـ هێرشبه‌ر، ئه‌ژی ئومێد، مسته‌فا سواره‌.

ئه‌و یاریزانانه‌ی بۆ تیپی یه‌كه‌م سه‌رخران
محه‌مه‌د جه‌وهه‌ر، مه‌سروور فه‌خره‌دین، یوسف وریا، نیعمه‌ت عارف، مووسا فایه‌ق، ئه‌و یاریزانه‌ش گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ نوێكرده‌وه‌: بژار مه‌هدی، مه‌حموود شاكر، فه‌رهه‌نگ وریا، عه‌بدوڵڵا سه‌ربه‌ست، عومه‌ر سه‌دام، گۆران عیماد، شێرزاد محه‌مه‌د، دڵدار خدر، رێمان عه‌بدوڵڵا و رێكار هاشم.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

© 2017 Hawler