شوبات 27, 2020

"گەشتەكەمان كۆتایی هات و گەشتێكی نوێ دەست پێ دەكات"

جانلویجی بۆفون، كاپتنی یۆڤێنتوس كە دوێنێ دوایین یاری بۆ یانەكەی ئەنجام دا، نامەیەكی پڕ لە هەست و ئیحساسی بۆ هاندەرانی یانەكەی نووسی.

17 وەرز بۆ یوڤێنتوس
بۆفون كە لە ساڵی 2001 لە یانەی پارما بۆ یوڤێنتوس چوو و 17 وەرز بۆ ئەو یانەیە یاری كرد، لە كۆتایی ئەم وەرزەدا ماڵئاوایی لە یانەكەی دەكات و بەو شێوەیە یاری بەرانبەر بە ڤێرۆنا دوایین یاری ئەو بوو، هەڵبەت هێشتا دیاری نەكردووە دوای ئەو یاریە پێڵاوەكانی هەڵداوەسێت یان بۆ یانەیەكی دیكە یاری دەكات.
بوفون لە نامەیەكدا ماڵئاوایی لە هاندەران و لایەنگرانی یانەكەی كرد و نوسی: "شەش هەزار و سەد و یازدە سات لە چێژ، فرمێسك، شكست و سەركەوتنەكان. سوپاستان دەكەم. سوپاسی تاكە بە تاكەتان دەكەم.

كۆتایی بەو گەشتە هات
چونكە هەمووتان ڕۆڵتان لە ژیانی من و سات بە ساتی یاریكردنم بە درێسی یوڤێنتوس هەبوو، بە هەموو ڕووداوەكانییەوە. درێسێك كە بوو بە پێستی دووەمم. پێستێك كە گرینگییەكی زۆری بۆ من هەبوو و وەكوو جەستەم دەم پاراست. پاراستم، بە هەموو خۆشییەكانی و هەموو ناخۆشییەكانییەوە.
لە مڕۆوە، ئەمڕۆ، كۆتایی بە گەشتێك دێت. كتێبێك، ئەویش كۆتایی پێ دێت، ئەو كتێبەی كە بە یەكەوە نووسیمان. جەستەم پڕ لە هەست و سۆزە. زۆر زۆر. هەڵبەت گەشتێكی نوێ دەست پێ دەكات. كتێبێكی نوێ، كە دەبێ نووسینەكەی دەست پێ بكات.

یوڤێنتوس گەورەتر لە یاریزانەكان
یوڤێنتوس سەرووتر و گەورەتر لە هەموو یاریزانەكان دەمێنێتەوە. لاپەڕەی گرینگ لە كتێبەكەیدا دەنووسرێت و لەو باوەڕەدام كتێبەكە بێ كۆتایی دەبێت، چونكە یانەكە تایبەتمەندییەكەی هەیە، كە بە ڕۆیشتنی سەدان یاریزانیش كۆتایی نایەت. یانەیەك كە دووبارە نابێتەوە و پڕ لە شكۆ دەمێنێتەوە.
یۆڤە یەك خێزانە، خێزانی من، من هیچ كات واز لە خۆشویستنی ناهێنم. سوپاسگوزاری ئەم یانەیەم و هەمووكات بە ماڵی خۆمی دەزانم. چونكە هەموو ئەو شتانەی كە هەمە، ئەو یانەیە پێی دام. بێشك زۆرتر لەو دەستكەوتانەی من بە یانەكەم بەخشی.

ژانی جیابوونەوە و دروشمی براكانم
من فێری ئەوە دەبم كە بە چاوێكی دیكە سەیری داهاتوو بكەم. ژیان بەردەوامە و بێ گومان بێ بەربەست نابێ و بەو هەستە ئێرە جێی دێڵم كە هەستی یاریكردنم تیادا ماوە و بەدوای بڕینی بەربەستەكاندا دەچم.
بەو هەستەوە لێرە دەڕۆم كە ترسی ئەزموونی برینی بەربەستەكانی هەیە، لە سەركەوتنەكان و دۆڕانەكان، بۆ ئەزموونێكی نوێ لە بڕینی بەربەستەكان، ئەو بەربەستانەی بێشك جیاوزان، جیاواز و قورس و دژوارتر.
كاتێك بچووك بووم، بە پایسكیل بۆ یاریگە چووم و ئێستەش بە دڵێكی پڕ لە خەمەوە لێی دێمە خوارەوە، هاتنەوەخوارێك كە سەركەوتنێكی بەدواوەیە. هەست بە ژانی جیابوونەوە دەكەم و هەڵبەت چێژی دروشم و چەپڵەڕێزانەكان لەگەڵ خۆمدا دەبەم، ئەو هەستەی كە بۆ هەمیشە لەگەڵمدا دەمێنێتەوە.
درك بەوەش دەكەم كە هیچكات ناتوانم بۆ هەمیشە لەو شوێنە جیاببمەوە كە بە ماڵی خۆمی دەزانم و ناتوانم هەمو یاریزانەكانی هاوڕێم بە برای خۆم نەزانم، لەگەڵ هاندەران، كە بە چەپڵەڕێزان بەڕێیان كردم.

سوپاسگوزاری ئێوە
جان لوئیجی بۆفون

 

محەمەد شەهدی - هەولێر

© 2017 Hawler