نیسان 15, 2021

زاخۆ و هه ولێر له كلاسیكۆی عێراقدا به یه ك ده گه ن

 

ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ له‌ گه‌ڕی بیست و یه‌كه‌می خولی نایابی عێراقی، زاخۆ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ولێر ده‌كات، یارییه‌كه‌ش كاتژمێر (2) به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌م یارییه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، جیاواز له‌هه‌موو یارییه‌كانی دیكه‌ی خوله‌كه‌ ململانێیه‌كی كۆن و مێژووی له‌نێوانیاندا هه‌یه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕێی یارییه‌كی به‌هێز و چێژبه‌خشی لێ ده‌كرێت.

 

زاخۆ، راهێنه‌رێكی تازه‌ی هێناوه‌ته‌ یانه‌كه‌ و یه‌كه‌م یارییه‌ سه‌رپه‌رشتی تیپه‌كه‌ ده‌كات، سامی به‌حت، ته‌نها دوو یه‌كه‌ی مه‌شقی به‌ تیپه‌كه‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ی تێبنی كراوه‌ هه‌وڵده‌دات، كه‌مترین گۆڕانكاری له‌م یارییه‌ بكات، ته‌نها ده‌یه‌وێت له‌ڕووی ته‌كتیك و پلانه‌وه‌ هه‌ندێ گۆڕانكاری كه‌م بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م یارییه‌ش یانه‌كه‌ به‌هه‌مان  شێواز و پلانی پێشووتری ده‌ربكه‌وێت، كه‌ بۆ زاخۆییه‌كان تا ئێسته‌ باشترین پلان بووه‌، ئاست و ئه‌نجامێكی باشیان به‌ده‌ستهێناوه‌، جگه‌ له‌م راهێنه‌ر چوار یاریزانی دیكه‌یان بۆ پێكهاته‌كه‌یان گواسته‌وه‌ته‌وه‌، كه‌ دیارترینیان گه‌یلا لوقمانی یاریزانی پێشووی برایه‌تی و كاره‌با و دهۆك بووه‌.

خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی زاخۆ، بریتیتن له‌ گۆڵپارێز و ئه‌حمه‌د زێڕۆ و موئه‌یه‌د عه‌بدولباست ز زیاد ئه‌حمه‌د و لیماوی به‌ڕازیلی، ئه‌حمه‌د و موئه‌یه‌د له‌ باڵه‌كان و زیاد له‌ پێشه‌وه‌ لیماویش له‌ هێلی به‌رگری، زاخۆییه‌كان زۆربه‌ی یارییه‌كان به‌ پلانی به‌رگرییه‌كی به‌هیز و پشتبه‌ستن به‌ هێرشی پێچه‌وانه‌ و یاریكردن له‌ باڵه‌كان و تۆپه‌ جێگیره‌كان یارییان كردووه‌، له‌م پلانه‌شدا سه‌ركه‌وتووبوونه‌.

زاخۆ له‌ كۆی 20 گه‌ڕی رابردوو، 30 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه‌، ته‌نها دوو یاریی دۆڕاندووه‌، له‌ خانه‌ی شه‌شه‌می خوله‌كه‌ دێت، 12 یه‌كسانبوونی هه‌یه‌، زیاد ئه‌حمه‌د به‌ 5 گۆڵ گۆڵكه‌ری تیپه‌كه‌یه‌، زاخۆ 18 گۆڵی كردووه‌ و 14 گۆڵی لێكراوه‌.

هه‌ولێر، له‌م یارییه‌ له‌ تواناكانی هه‌ردی سیامه‌ندی به‌رگریكه‌ری بێبه‌ش ده‌بێت، به‌هۆی وه‌رگرتنی كارتی سووره‌وه‌، هه‌روه‌ها لوئه‌ی سه‌ڵاحیش ناتوانێ راهینه‌رایه‌تی و سه‌رپه‌رشتی تیپه‌كه‌ی بكات، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو لوئه‌ی له‌ مه‌شقه‌كان هه‌وڵیداوه‌ گۆڕانكاری له‌ پێكهاته‌كه‌ و پلانی یاریكردنی هه‌ولێر بكات، ره‌نگه‌ بۆ ئه‌م یارییه‌ چه‌ند یاریزانیك له‌ پێكهاته‌كه‌ی یاریی رابردووی بگۆڕێت، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌وڵیداوه‌ ئه‌و شێوازه‌ یاریكردنه‌ی رادانی راهینه‌ری پێشوو، كه‌یاریزانه‌كان ده‌قیان پێوه‌ گرتووه‌، گۆڕانكاری تێدا بكات، به‌تایبه‌تی كاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌، چۆن یاریزانه‌كان له‌ هێلی پێشه‌وه‌ پارێزگاری له‌ تۆپ بكه‌ن و به‌ ئاسانی ته‌سلیمی تیپی به‌رامبه‌ری نه‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی یانه‌ی هه‌ولێره‌ له‌ ڕووی هونه‌ریه‌وه‌.

هه‌ولێر، له‌ كۆی 20 گه‌ڕی رابردووی خوله‌كه‌، خاوه‌نی 20 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی چوارده‌یه‌می خوله‌كه‌ دێت، به‌ڵام له‌ ئه‌گه‌ری دۆڕانی له‌م یارییه‌ و بردنه‌وه‌ی ركابه‌ره‌كانی ریزبه‌ندی خواره‌وه‌ هه‌ولێر ده‌چێته‌ ناوچه‌ی سوور و دابه‌زین، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌رگیز له‌گه‌ل خواست و ویستی هانده‌رانی هه‌ولێر ناگونجێت، گۆڵكه‌ری پاسه‌وانانی قه‌ڵاو مناره‌ تا ئێسته‌ بارزان شێرزاده‌ به‌ 5 گۆڵ، هه‌ولێر له‌ كۆی گشتی یارییه‌كانی تا ئێسته‌ 20 گۆڵی كردووه‌ و 22 گۆڵی لێكراوه‌.

هه‌ولێر و زاخۆله‌كۆی 10 یاریی ڕابردووی نێوانیان، هه‌ولێر چوار یاریی بردووه‌ته‌وه‌، زاخۆش له‌ 2 یاریی براوه‌بووه‌، له‌ چوار یارییش یه‌كسان بوونه‌، گه‌وره‌ترین ئه‌نجامی نێوانیان (3-1) بووه‌.

یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 44 خاڵ پێشه‌نگی خوله‌كه‌ی گرتووه‌، ئه‌یمه‌ن حوسێنی هێرشبه‌ریشی به‌ 14 گۆڵ سه‌روو ریزبه‌ندی گۆڵكه‌رانی داگیركردووه‌، زه‌وڕا تاكه‌ تیپه‌ ته‌نها یه‌ك یاریی دۆڕاندووه‌، ئه‌وه‌یش به‌رامبه‌ر زاخۆ بووه‌، سه‌ماوه‌ زۆرترین دۆڕانی هه‌یه‌ تا ئێسته‌، كه‌ 10 جار تامی دۆڕانی چه‌شتووه‌، زاخۆش به‌ 12 یه‌كسان زۆرترین یه‌كسانی هه‌یه‌، قوه‌ی جه‌ویه‌ به‌ 31 گۆڵ خاوه‌نی زۆرترین گۆڵه‌ له‌ دوای بیست گه‌ڕ، سه‌ماوه‌ی 27 گۆڵی لێكراوه‌ تا ئێسته‌ زۆرترینه‌، جه‌ویه‌ به‌ 13 بردنه‌وه‌ خاوه‌ن زۆرترین بردنه‌ویه‌، حدود و  سناعات كاره‌باش به‌ 2 بردنه‌وه‌ كه‌مترین بردنه‌وه‌یان هه‌یه‌.

بارزان ئه‌كره‌م - هەولێر

 

© 2017 Hawler