شوبات 27, 2021

ئەیاد محەممەد، یاریزانی پایسکیلسواریی یانەی سناعە و هەڵبژاردەی عێڕاق لە دیمانەیەکی هەولێر : "هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم پلەی یەکەم و میدالیای ئاسیایی بەدەست بهێنم"

ئەیاد محەممه‌د یاریزانی پایسکیلسواریی یانەی سناعە و هەڵبژاردەی عێڕاقە، یەکێکە لەو وەرزشکارانەی لە ماوەیەکی کەمدا توانیویەتی بگاتە ڕیزی هەڵبژاردەی عێڕاق و چەندان ناسناوی نێوخۆی و دەرەکی بەدەستهێناوە، ئەو کوڕە کوردەی شاری کەرکووک کە خاوەنی چوار میدالیای وڵاتانی عەرەبیە و چەند ساڵێکە لە ڕیزی هەڵبژاردەی عێڕاق لە پاڵەوانیەتیە دەرەکیەکان یاریدەکات، دەڵێت هیوادارم زیاتر گرنگی بەو یارییە بدرێت و دەرەفەت بۆ گەنجەکان بڕەخسێت پایسکیلسواری ئەنجام بدەن .

کەی دەستی بەیاریکردن کردووە؟
لەدەسپێکدا ئەیاد باسی ژیانی وەرزشی خۆی کرد گووتی: خۆم لەدایک بووی سالێ ١٩٩٣ م لە شاری کەرکووک لە دایک بووم و لە ساڵی ٢٠٠٨ وە دەستم بە یاریکردن کردووە، جگە لە یانەی سناعە کە ئێستە یاری بۆ دەکەم، یاریم بۆ چەند یانەیەکی تریش کردووە، سەرەتا لە یانەی سۆلاڤ یاریم کردوو، دواتر یانەی بابەگوڕ گوڕ، ماوەی چەند ساڵێکە ڕووم لەشاری بەغداد کردووە و یاری بۆ یانەی سناعە دەکەم، کە خاوەنی زۆرترین دەستکەوتە لە نێو یانەکانی عێڕاق لە یاری پایسکیلسواریدا.

گرنگترین دەسکەوتەکانی ئەو یاریزانە چین؟
ئەیاد بەهۆی ئاست بەرزیەوە لە یانەکانی شاری کەرکووک گرێبەستی یانەی سناعەی شاری بەغدای بەدەست دەگات، کە یەکێکە لە بەهێزترین یانەکانی عێڕاق لە یاری پایسکیلسواریدا، دوای واژوو کردنی گرێبەستەکەی لەو یانەیەدا چەندین جار لە پاڵەوانیەتیەکانی عێڕاق پلەکانی یەکەم تا سێیەمی بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستی پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوەیش ٤ میدالیای وڵاتانی عەرەبی هەیە، لەگەڵ یەک میدالیا کە لە وڵاتی ئێران بەدەستی هێناوە.

پێویستە پلان بۆ وەرزشیش هەبێت
لە بەشێکی تری دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێردا ئەو یاریزانەی پایسکیلسواریە گووتی: لە کوردستان بە بیانووی نەبونی بودجە قەیران وەرزش زۆر دواکەوتووە، وەرزشیش وەک هەر بوارێکی تری ژیان گرنگی خۆی هەیە، بۆیە چۆن پلان بۆ کاروبار و بوارەکانی تر دادەندرێت، پێویستە بەم شێوەیەیش پلانێک بۆ باشترکردنی بواری وەرزش دابندرێت.

حەزی لە کام وەرزشەیە؟
ئەیاد محەممەدی یاریزانی یانەی سناعەی بەغدا دەرەبارەی ئەوەی ئەگەر یاریزانی پایسکیل نەبوایە حەزی دەکرد چ بوارێکی تر هەڵبژێرێت، گووتی: وەرزش حەز و خولیای منە، ئەگەر پایسکیل سواریش نەبوایە، حەزم دەکرد یاریزانی تۆپی بالە یان تۆپی پێ بومایە.

پێویستە زیاتر گرنگی بە پایسکیلسواری بدرێت
لەبارەی یاری پایسکیلسواری و گرنگی پێدانی لەلایەن یانە و بەرپرسانی وەرزشی ئەو یاریزانە پاڵەوانە دەڵێت: زۆر گرنگە پایسکیلسواریش وەکو هەموو یارییە وەرزشیەکانی تر گرنگی پێبدرێت و یانەکان تیپی تایبەت بەو یاریەیان هەبێت، کوردستان یاریزانی زۆر باشی ئەو یارییەی تێدایە کە پێویستیان بەوە هەیە دەستیان بگیرێت، دەتوانین لە داهاتوودا هەڵبژاردەی کوردستان دروست بکەین و بەشداری پاڵەوانیەتیە دەرەکیەکان بکەین.

خۆی بەقەرزاری کێ دەزانێت؟
لەبارەی ئەوەی کە خۆی بەقەرزداری کێ دەزانێ کە لە ماوەی یاریکردنیدا دەستی گرتووە و یارمەتی دەری بووە، یاریزانە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێڕاق گووتی: ئومێدی برام یەکێکە لە شانازییەکانی من، کە هاوکاری زۆری کردووم، هەروەها هەردوو ڕاهێنەر مامۆستا فەرمان و دکتۆر سامان، پاڵپشت و هاوکارێکی زۆرم بوون، هاوڕێی خۆشەویشتم مەحەمەد ئەحسانیش پاڵپشتیەکی تری من بووە بۆ ئەو ئاستەی کە لەیاری پایسکیلسواریدا پێ گەیشتوم، دەمەوێت سوپاسی هەردوو یانەی سۆلاڤ و بابە گوڕ گوڕیش بکەم کە منیان پێگەیاند و بووم بەو یاریزانەی ئێستە.

حەزو ئارەزووی چیە؟
لەکۆتای دیمانەکەدا ئەو یاریزانەی پایسکیلسواری گوتی هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم پلەی یەکەم و میدالیای ئاسیاوی بەدەست بهێنم، ئەمە یەکێکە لە خەونەکانی من، ئاواتیشم ئەوەیە دوای وازهێنانیش لەیاری پایسکلیل سواریدا، ببم بە ڕاهێنەری ئەو یارییە و لە بواری وەرزش بمێنمەوە.

© 2017 Hawler