شوبات 26, 2021

فه رهاد ئه كره م: موژده و كاری باش بۆ رۆژنامه نووسانی وه رزشی كوردستان به ڕێوه یه

لێژنه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردستان، له‌ ته‌مووزی 2006 دامه‌زراوه‌، تا ئێسته‌ دووجار كۆنفڕاسی ئه‌نجامداوه‌، له‌ماوه‌ی رابردوو جوله‌ و چالاكییه‌كانیان وه‌ستابوو، له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌ی خۆیشیان بڕیاریانداوه‌، جارێكیتر ده‌ست به‌چالاكی بكه‌نه‌وه‌، لێره‌دا فه‌رهاد ئه‌كره‌م، به‌رپرسی دارایی و به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباره‌كانی لێژنه‌ی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی رۆژنامه‌ی هه‌ولێرده‌داته‌وه‌

 

*ماوه‌یه‌كه‌ بێ كارو چالاكین و جوله‌تان نییه‌؟

- رۆژنامه‌نووسان مافی خۆیانه‌ گله‌ی و ره‌خنه‌یان هه‌بێت، به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین، كوردستان دووچاری چ قه‌یرانێكی دارای هاتووه‌، ئێمه‌ش وه‌ك لێژنه‌ به‌شێك بووین له‌و گرفتانه‌ و به‌شی خۆمان به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام لێژنه‌كه‌مان بڕیاریداوه‌، له‌ داهاتووێكی نزیك له‌سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان خول بكاته‌وه‌.

* كه‌ی كۆنگره‌ و هه‌ڵبژاردنی نوێ  ده‌كه‌ن؟

- ئێمه‌ سه‌ر به‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانین، هه‌ڵبژاردن له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندایه‌، به‌ڵام ئێمه‌ پێشنیارمانكردووه‌، ناوی لێژنه‌كه‌ بگۆڕن و بۆ یه‌كێتی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردستان، وه‌ك ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ كار بكه‌ین، ئه‌و كات ده‌توانین خۆمان هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، هه‌موو ئه‌ندامێكیش مافی خۆپاڵاوتنی ده‌بێت، ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ گۆڕینی ناوه‌كه‌ بۆ زیاتر هه‌ماهه‌نگی كردنه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای به‌غدا.

* دواین كۆبوونه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی عێرقی له‌سه‌ر چی بوو؟

- له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسی په‌یوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولا كرا، به‌تایبه‌تی كاركردن به‌شێوه‌ی هه‌مانگی و به‌ رێكه‌وتنی هه‌ردوو سه‌ندیكاكه‌، بڕیارمانداوه‌ كاری هاوبه‌ش له‌ هه‌موو پارێزگاكانی كوردستان بكه‌ینو ه‌ له‌ داهاتووش چه‌ند خولێك له‌شاره‌كانی كوردستان ده‌كرێنه‌وه‌، له‌ ئێسته‌شدا چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ئه‌وانین تا خالید جاسم سه‌رۆكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی عێراقی سه‌ردانی هه‌ولێر بكات و له‌ پرێسكۆنفڕانسێكدا رێكه‌وتنه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی واژۆ بكه‌ین، كه‌ خاڵی زۆر باشی تێدایه‌ و بۆ رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی ئه‌و كات ئاشكرا ده‌كرێت.

* گرفتی نوێكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌كانی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانتان به‌كوێ گه‌یشت؟

- له‌ ئێسته‌دا ئه‌ندامه‌كان ده‌توانن ناسنامه‌كانیان نوێ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام چه‌ند ئه‌ندامێكمان هه‌یه‌، كێشه‌یان هه‌یه‌، چونكه‌  7 ساڵه‌ ماوه‌ی ئه‌ندامییه‌تیان لای ئێمه‌ به‌سه‌ر چووه‌ و نه‌هاتوونه‌ نوێی بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ مافی ئه‌ندامبوونیان راگیراوه‌ و هه‌ڵپه‌سێردراوه‌، ته‌نها ئه‌وانه‌ كێشه‌ له‌ نوێبوونه‌وه‌ی ناسنامه‌كانیان هه‌یه‌.

* به‌ نیازی چین له‌ داهاتوو؟

- ئێمه‌ بڕیارمانداوه‌ چه‌ند لێژنه‌یه‌ك له‌ شاره‌كان دروستبكه‌ین بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌كان، دواتر نووسه‌ر و پێشكه‌ش كار و په‌یامنێره‌كان به‌شێوه‌ی چین چین جیاده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌‌ له‌ به‌غدا ته‌نها ئه‌واه‌ ده‌بنه‌ ئه‌ندام، كه‌ نووسه‌رن، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، دواتر لیستی ناوه‌كان بۆ به‌غدا ده‌نێرین، ته‌نانه‌ت وێنه‌گر و فۆتۆگرافه‌ركانیش له‌ لیسته‌كه‌دا ده‌بن، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێ كردن موژده‌ و كاری باش بۆ رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردستان به‌ڕێوه‌یه‌.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

 

© 2017 Hawler