شوبات 27, 2021

پێشمه رگه كانی هه ولێر و سلێمانی له به رزاییه كانی پیرمام به یه ك ده گه ن، زاخۆش پێشوازی له ده ربه ندیخان ده كات

گه‌ڕی حه‌وته‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان له‌ رۆژانی پێنجشه‌مه‌ و هه‌ینی ئه‌نجام ده‌درێن، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كاتژمێر 2 به‌ڕیوه‌ده‌چن، چه‌ندین ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاگرین له‌خۆ ده‌گرێت، له‌ پیرمام پێشمه‌رگه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، دێربی هه‌ولێریش له‌ به‌یه‌ك گه‌یشتنی ئارارات و هه‌ندرێن ده‌بێت، برایه‌تی چاوی له‌وه‌یه‌ له‌ ده‌روازه‌ی شێروانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رو ریزبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م، چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ولێریش به‌یه‌كه‌وه‌ یاریی ده‌كه‌ن، نه‌ورز له‌ یارییه‌كی به‌هێزدا میوانداری دهۆكی زامدار ده‌كات، هه‌ڵۆكانی بارزانیش ده‌بنه‌ میوانی سۆران، زاخۆش میوانداری ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، سیروانی نوێش چاوه‌ڕوانه‌، كه‌ تاكه‌ تیپه‌ قۆناخی یه‌كه‌می بێ دۆڕان ته‌واو كردووه‌، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك شڕۆڤه‌ی سه‌رجه‌م یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری بۆ خوێنه‌رانی ده‌خاته‌ڕوو.

 

پێشمه‌رگه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی له‌ پیرمام به‌یه‌ك ده‌گه‌ن

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی پێشمه‌ره‌گه‌ی سلێمانی ده‌كات، تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆ 3 یارییه‌ تامی سه‌ركه‌وتنی نه‌كردووه‌، 194 خوله‌كیشه‌ هیچ گۆڵێكی تۆمار نه‌كردووه‌، ئه‌م دۆخه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر پێیدا تێده‌په‌رێت خراپه‌، له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌میر بابۆی راهێنه‌ر، به‌ده‌گمه‌ن به‌و رێگایه‌ ئه‌ستامانه‌ داڕۆشتووه‌، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت ئه‌مگه‌ڕه‌ بیبه‌نه‌وه‌ و بگه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر رێگه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كان، تا هیوای گه‌یشتنیان به‌ قۆناخی دووه‌م به‌هێزبكه‌نه‌وه‌، سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، خاوه‌نی 10 خاڵن و له‌ پله‌ی سێییه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌من.

پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، گه‌ڕی رابردوو له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌ورۆز شكستیان خوارد، بۆیه‌ ئه‌م یارییه‌ ده‌یانه‌وێت گورزێك له‌ تیپه‌كه‌ی پیرمام بده‌ن و خۆیان له‌سه‌رو ریزبه‌ندییه‌كه‌ نزیكبكه‌نه‌وه‌، كێشه‌ی سه‌ره‌كه‌ی تیپه‌كه‌ی كه‌ریم وه‌لی، له‌ هێلی پێشه‌وه‌یه‌، كه‌ ناتوانن ده‌رفه‌ته‌كانیان بقۆزنه‌وه‌، خاوه‌نی 8 خاڵن له‌ پله‌ی چواره‌م دێن، له‌ ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر حسابی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌گه‌نه‌ ریزبه‌ندی سێیه‌م.

نه‌ورۆز له‌ گه‌ڵ دهۆك له‌ ئه‌ركێكی زه‌حمه‌تدایه‌

نه‌ورۆ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری دهۆك ده‌كات، كامه‌رانی راهێنه‌ر دوو یارییه‌ سه‌رپه‌رشتی تیپه‌كه‌ ده‌كات، دوو بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌، هه‌وڵده‌دات له‌سه‌ر ئه‌م رێگایه‌ به‌رده‌وام بێت و دهۆكیش ڕاماڵێت، نه‌ورۆ ئێسته‌ به‌ته‌وای هاتوونه‌ته‌ نێو كه‌ش و هه‌وای كێبڕكێكه‌، به‌ڵام هه‌ستی گرینگی نه‌دان لای یاریزانان به‌ خولی كوردستان كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر به‌لایه‌نی ده‌روونی یاریزانه‌كانه‌وه‌ هه‌بووه‌، چونكه‌ بوونی ئه‌م ده‌نگۆیانه‌ خاوبوونه‌وه‌ و ساردبوونه‌وه‌ لای یاریزان دروست ده‌كات، خاوه‌نی 6 خاڵن له‌ پله‌ی حه‌وته‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌من.

دهۆك، گه‌ڕی رابردوو دۆڕان به‌شی بووه‌، گه‌ره‌كیانه‌ هه‌ڵسنه‌وه‌، سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، یاریزانه‌كانی پێشه‌وه‌ی خێران، به‌تایبه‌تی له‌ باڵه‌كان، به‌ڵام دهۆكییه‌كان كێشه‌ی كه‌می گۆڵكردنیان هه‌یه‌و له‌كۆی شه‌ش یاریی ته‌نها 3 گۆڵیان كردووه‌، ئه‌مه‌ش لاوازی هێڵی هیرشبه‌ریان نیشانده‌دات، یاخود یاریزانیكی سه‌ره‌ ڕمیان نییه‌ تا هێرشه‌كان به‌ ئه‌نجام بگه‌ینێ، 7 خاڵیان له‌ هه‌گبه‌دایه‌ و له‌ پله‌ی پێنجه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌من.

 

برایه‌تی به‌دوای پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێت

شێروانه‌ له‌ی یاریگه‌ی خۆی میوانداری برایه‌تی ده‌كات، شێروانه‌ شێری ده‌ره‌وه‌یه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی باش یاریی ناكات، ئه‌نجامه‌كانی وه‌ك پێویست نین، ته‌نها یه‌ك بردنه‌وه‌ی له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ دژی سۆران تۆمار كردووه‌، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌یان له‌ برایه‌تی دڵی ره‌نجاوی هانده‌رانی یانه‌كه‌ ئاشتبكه‌نه‌وه‌، ته‌نها عوسمان كه‌ریم پێكانی هه‌یه‌، خاوه‌نی 9 خاڵن له‌ پله‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌من.

برایه‌تی، هه‌نگاوه‌كانی به‌ دروستی ده‌هاوێژێت، به‌ڵام پێكان به‌رۆكی گرتووه‌، ئه‌وه‌تا ژیار گۆڤه‌ندی گۆڵكه‌ری تیپه‌كه‌ به‌ 5 گۆڵ تووشی پێكانێكی سه‌خت و درێژخایه‌ن بووه‌، به‌ڵام دانا عوسمانی هێرشبه‌ری بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ به‌شداری ئه‌م یارییه‌ بكات، ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ند خوله‌كێكی كه‌میش بێت، برایه‌تی خاوه‌نی 12 خاڵه‌ و له‌ پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت، به‌ بردنه‌وه‌ی راسته‌خۆ ده‌چێته‌ سه‌رو ریزبه‌ندییه‌كه‌ ، چونكه‌ سیروانی نوێی ركابه‌ری، ئه‌م گه‌ڕه‌ یاریی ناكات و چاوه‌ڕوانه‌، سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر 16 گۆڵیان كردووه‌، كه‌ زۆرترینه‌ له‌ خوله‌كه‌.

 

چه‌مچه‌ماڵ میوانداریی هه‌ولێر ده‌كات

چه‌مچه‌ماڵ، له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ولێر ده‌كات، گه‌ڕی رابردووش یه‌كه‌م دۆڕانیان له‌ مێژووی به‌شداریكردنیان له‌ خولی نایاب تووشهات، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر حسابی هه‌ولێر بردنه‌وه‌یه‌كی مێژووی بنووسنه‌وه‌، كێشه‌ی هه‌رێم كه‌لاری راهێنه‌ر بۆ ئه‌م یارییه‌ بێبه‌شبوونییه‌تی له‌ تواناكانی  یاریزانی به‌رگریان، كه‌  هه‌رێم كه‌ریمه‌، كه‌ بورجی چاودێری تۆپه‌ به‌رزه‌كان بوو، به‌ڵام به‌هۆی سزادانه‌وه‌ چوار یاریی له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌ی به‌شداری ناكات، چه‌مچه‌ماڵییه‌كان 8 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی چواره‌من.

هه‌ولێر، گه‌ڕی رابردوو چاوه‌ڕوانبووه‌، بۆیه‌ ده‌رفه‌تی باشتری هه‌بووه‌ تا له‌ دژی چه‌مچه‌ماڵ ئاماده‌كاری باشتر بكات، هه‌ولێر هاوشانی هه‌ڵۆ هیچ بردنه‌وه‌یه‌كی له‌ خوله‌كه‌ نییه‌، ته‌نها یه‌ك خاڵی هه‌یه‌، تا ئێسته‌ پێكهاته‌یه‌كی جێگیریشی نییه‌، زۆربه‌ی كات ده‌رفه‌ت به‌ یاریزانه‌كان ده‌ده‌ن، تا تواناكانیان تاقیبكه‌نه‌وه‌ و بۆ داهاتوو ئاماده‌یان بكه‌ن، چه‌ند یاریزانێكی به‌ ئه‌زموونیان هه‌یه‌، كه‌ ره‌نگه‌ له‌ قۆناخی دووه‌م ده‌ستبه‌رداری ئه‌وانیش بێت، له‌ رۆژانی رابردووش ئه‌میر ئیسماعیل و میران خه‌سرۆ ریزه‌كانی هه‌ولێریان جێهێشت، كه‌ ئه‌گه‌ر زۆره‌ له‌ داهاتوو یاریزانی دیكه‌شی لێ بڕوات، ئه‌م پلانه‌ی هه‌ولێر، كه‌ پێگه‌یاندنی یاریزانان ئامانجییه‌تی پێویسته‌ به‌كاته‌، به‌ڵام بۆ یانه‌یه‌كی خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر تووشی فشار و پاڵپه‌ستۆی زۆر ده‌بێته‌وه‌، ته‌نها یه‌ك خاڵیان هه‌یه‌ و له‌پله‌ی حه‌وته‌م و كۆتایین.

 

یارییه‌كانی رۆژی هه‌ینی

ئارارات و هه‌ندرین له‌ دێربی هه‌ولێر به‌یه‌ك ده‌گه‌ن

ئارارات له‌ پیرمام له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ندرێن ده‌كات، تیپه‌كه‌ی ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌دی راهینه‌ر یاریی دوای یاریی له‌ ڕووی هونه‌ره‌یه‌وه‌ ئاست و ئه‌نجامی باشتر ده‌بێت، پلانه‌كانی یاریكردنی گۆڕیوه‌ و سوودی بۆی هه‌بووه‌، عه‌لی عه‌زیزی ناوه‌ڕاستكاریشی كاریگه‌رترین چه‌كی ئه‌وه‌، له‌م یارییه‌ش له‌ تواناكانی دلۆڤان شینۆ ی ناوه‌وڕاستكار و موحسین ته‌های به‌رگریكه‌ری به‌هۆی پێكان بێبه‌ش ده‌بێت، 7 خالیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی شه‌شه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌من.

هه‌ندرێن، دۆخی باش نییه‌ له‌ كۆتا ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت، كه‌مترین رێژه‌ی گۆڵكردنیان هه‌یه‌، كه‌ ته‌نها 2 گۆڵه‌، ئه‌مه‌ش لاوازی هێلی پێشه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ ده‌رده‌خات، ره‌نگه‌ بۆ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ دڵشاد مه‌عروفی راهینه‌ر پلانه‌كانی بگۆڕێ، چونكه‌ جگه‌ له‌ بردنه‌وه‌ هه‌ر ئه‌نجامێكیتر له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان نابێت، خاوه‌نی 6 خاڵن له‌ پله‌ی هه‌شته‌می ریزبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌من.

 

هه‌ڵۆ به‌دوای یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێت

سۆران له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداربی هه‌ڵۆی دراوسێی ده‌كات، سۆران گه‌ڕی رابردوو دۆڕا، ئه‌م وه‌رزه‌ به‌هیزترین خاڵی خۆیان له‌ده‌ستداوه‌، كه‌ به‌رگریكردنه‌، بووه‌ته‌وه‌ خاڵی لاوازی تیپه‌كه‌، ئاراس ئه‌نوه‌ر له‌م یارییه‌ پێكانی هه‌یه‌ و به‌شداری ناكات، پلانیان به‌رگریكردنه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ به‌ باشی ئه‌م پلانه‌ جێبه‌جی نه‌كراوه‌، خاوه‌نی 5 خاڵن و له‌ پله‌ی شه‌شه‌م دێن، هاوشان به‌ یانه‌ی هه‌ولێر خاوه‌ن لاوازترین به‌رگرین، چونكه‌ زۆرترین رێژه‌ی گۆڵیان لێكراوه‌، كه‌ 14 گۆڵه‌.

هه‌ڵۆ، به‌ كۆمه‌ڵێ كێشه‌وه‌ یارییه‌كانی ئه‌نجام ده‌دات، نه‌بوونی یاریگه‌ هه‌بوونی كێشه‌ی دارایی، نه‌بوونی یه‌ده‌گی باش، تا ئێسته‌ش هیچ یارییه‌كی نه‌بردووه‌ته‌وه‌، كێشه‌ی سه‌ره‌كیان له‌ نه‌بوونی هێرشبه‌رێكی راسته‌قینه‌دایه‌، كه‌ ناتوانێن هه‌له‌كان بقۆزێته‌وه‌، ته‌نها سێ خاڵیان هه‌یه‌، له‌ پله‌ی پێنجه‌من، توانای ئیراهیم غازی هێرشبه‌ری بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ راهێنه‌ر له‌ كاتی پێویست یاریی پێبكات، نه‌ك به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی.

 

زاخۆ ده‌رفه‌تی له‌پێشه‌ له‌ ركابه‌ره‌كانی دووربكه‌وێته‌وه‌

زاخۆ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداربی ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، به‌هێزترین هێلی به‌رگری هه‌یه‌، ته‌نها 2 گۆڵیان لێكراوه‌، كه‌ كه‌مترینه‌ له‌ خوله‌كه‌، به‌ ئاسانی ده‌رفه‌ت ناده‌نه‌ ركابه‌ره‌كانیان، به‌رده‌وام به‌ به‌رگرییه‌كی پته‌و به‌هێز یاریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ركاتێك تیپێك به‌ هه‌مان شێواز ئه‌و یاریی بكات، تووشی كێشه ‌ده‌بنه‌وه‌، عامر فازڵ پێكانی هه‌یه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ یاریزانان فه‌رهاد سه‌بڕی ونێچیرڤان ئیسماعیل، كه‌ هه‌ردووكیان به‌رگریكارن، به‌هۆی كارتی زه‌رده‌وه‌ ناتوانن یاریی بكه‌ن، زاخۆ خاوه‌نی 11 خاڵه‌ و له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م دێت.

ده‌ربه‌ندیخان، دوو یارییه‌ ئاستی باش نییه‌، به‌هۆی یاری نه‌كردنی عه‌لی كاكه‌مینه‌وه‌ كێشه‌ی له‌ هێلی پێشه‌وه‌ بۆ دروستبووه‌، دوو یارییه‌ گۆڵیان نه‌كردووه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ش رێگایه‌كی درێژیان بڕیوه‌، كه‌ كاریگه‌ری راسته‌وخۆی به‌سه‌ر توانای جه‌سته‌ی یاریزانه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت قه‌ره‌بووی ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی دوو یاریی رابردوویان بكه‌نه‌وه‌ و گورزێك له‌ زاخۆ بوه‌شێنن، خاوه‌نی 11 خاڵن و له‌ پله‌ی دووه‌من.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

 

© 2017 Hawler