شوبات 26, 2021

نێیمار: بیرم له وازهێنان له تۆپی پێ كردووهتهوه

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

نێیمار: بیرم له‌ وازهێنان له‌ تۆپی پێ كردووه‌ته‌وه‌

نێیمار دا سیلڤا، ئه‌ستێره‌ی به‌ڕازیلیی یانه‌ی پاری سان جێرمان، دانی به‌وه‌دا نا، كه‌ له‌ سه‌روه‌ختێكدا بیری له‌ وازهێنان له‌ یاریی تۆپی پێ كردووه‌ته‌وه‌.

نێیمار دا سیلڤا، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ستێره‌ هه‌ره‌ دیاره‌كانی تۆپی پێ داده‌نرێ، به‌رده‌وام گوته‌ی هانده‌رانی له‌سه‌ر بووه‌، چ ئه‌وكاته‌ی له‌ به‌رشلۆنه‌ بوو، یان ئه‌و كاته‌ی چووه‌ ریزه‌كانی پی ئێس جیی فه‌ره‌نسی و ته‌نانه‌ت دواتریش كه‌ باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ به‌رشلۆنه‌ به‌ ئێسته‌شه‌وه‌ له‌ ئاردایه‌.

هه‌رچه‌نده‌ نێیمار وای پیشان ده‌دا، كه‌ ئه‌و كێشه‌ و به‌ربه‌ستانه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌ و به‌سه‌ریاندا زاڵ بووه‌، به‌ڵام دانی به‌وه‌دا ناوه‌، كه‌ له‌ سه‌روه‌ختێك له‌و كاتانه‌دا بیری له‌ وازهێنانی یه‌كجاره‌كی له‌ تۆپی پێ كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وش له‌ به‌رئه‌نجامی ڕه‌خنه‌ و ناڕه‌زایی و قسه‌وقسه‌ڵۆكی هانده‌ران و شه‌قامی وه‌رزشی.

ئه‌و یاریزانه‌ 25 ساڵانه‌، بۆ مێدیاكان ئاشكرای كردووه‌، كه‌ له‌ سه‌روه‌ختێكی سه‌ختی ژیانیدا، بیری له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ له‌ یاریكردن بووه‌ستێت، به‌ جۆرێك له‌ خاڵێكدا گه‌ییشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی له‌ خۆی بپرسێ بۆچی پێویسته‌ له‌ یاریكردن به‌رده‌وام بێ، له‌ كاتێكدا خه‌ڵك به‌ یاریكردنی ئه‌و سه‌رسام نییه‌.

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ به‌ جۆشوخرۆشییه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و دواتر ئه‌وه‌ی بیر كه‌وتووه‌ته‌وه‌ كه‌ چ كارێكی كردووه‌ تا  گه‌ییشتووه‌ به‌و ئاست و پێگه‌یه‌، خۆشه‌ویستیم بۆ تۆپی پێ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی بیرم كه‌وتنه‌وه‌، ئارامییان پێ به‌خشیم و گه‌ڕامه‌وه‌ دۆخی ئاساییم.

ئه‌وه‌یشی خسته‌ روو، كه‌ هیچ كاتێك هه‌ستی به‌ گووشار نه‌كردووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خۆی به‌ كه‌سێك ده‌بینێ كه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ گووشاره‌كاندا هه‌ڵیكردووه‌.

پێداگریی ئه‌وه‌شی كردووه‌، كه‌ ئه‌و كه‌سێكی زۆر ئازایه‌ و ئه‌و لایه‌نه‌ی باشترین رووی ژیانیه‌تی، پێشی وایه‌ سه‌خت و گرانه‌ له‌ ئێسته‌دا بڵێ خه‌ڵك ئێسته‌ چۆن بیر له‌و ده‌كه‌نه‌وه‌.

سه‌رنجی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌یش، كه‌ به‌رده‌وام  به‌ خه‌ڵك ده‌ڵێم ته‌نیا یه‌ك ڕێگه‌ بۆ ژیان هه‌یه‌، چێژ له‌ ژیان وه‌ربگره‌ و ئه‌مه‌ هه‌موو شتێكه‌.

بۆ زانین، هێشتا داهاتووی نێیمار له‌ یانه‌ی پاریس سان جێرمان ڕوون نییه‌، له‌ كاتێكدایه‌ بایه‌خێكی زۆر له‌ به‌رشلۆنه‌وه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌یه‌ و خۆیشی حه‌زی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌یه‌.

 

ئینته‌ر له‌ قه‌یرانێكی قووڵدایه‌ و ناتوانێ مووچه‌ و بڕی یه‌كه‌می بۆندی یاریزانانی بدا

ڕاپۆرته‌ مێدیاییه‌كانی ئیسپانیا، ئاشكرایان كردووه‌، كه‌ كارگێڕیی یانه‌ی ئینته‌ر میلان، به‌ شێوه‌یه‌كی جدی بیری له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شێكی یانه‌كه‌ بفرۆشێ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌رزه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی سه‌ر یانه‌كه‌ی بفرۆشێ.

رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌و ڕێوشوێنگرتنه‌به‌ره‌ی یانه‌ ئیتاڵییه‌كه‌، دوای ئه‌وه‌ دێ كه‌ قه‌رزه‌كانی سه‌ر یانه‌كه‌ زۆر كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ و ته‌نانه‌ت به‌شی یه‌كه‌می پاره‌ی ئه‌شره‌ف حه‌كیمی و مووچه‌ی یاریزانانی له‌ هاوینی ڕابردووه‌وه‌ نه‌داوه‌.

رۆژنامه‌ی ریپۆبلیكایش بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌ستێره‌كانی یانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كارگێڕیی ئینتر كۆبوونه‌ته‌وه‌ و گفتوگۆیان له‌سه‌ر بابه‌تی مووچه‌ و دواكه‌وتنی كردووه‌.

كارگێڕیی یانه‌ی ئینته‌ر میلان، ده‌كۆشێ كه‌ مووچه‌ی مانگه‌كانی یۆلیۆ و ئۆگێست له‌ پێش 16ـێ فێبرایه‌ری دادێ بدا بۆ ئه‌وه‌ی تووشی سزا نه‌بێ و دواتر گفتوگۆ له‌سه‌ر مووچه‌ی مانگه‌كانی نۆڤێمبه‌ر و دیسێمبه‌ر ده‌كا.

ئینته‌ر میلان سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ دواخستنی به‌شی یه‌كه‌م له‌ بڕی بۆنده‌كه‌ی ئه‌شره‌ف حه‌كیمی به‌ یانه‌ی ریاڵ مه‌درید تا 30ـی مانگی مارسی دادێ، كه‌ به‌هاكه‌ی 10 ملیۆن یۆرۆیه‌.

رۆژنامه‌ی دیڤێنسیا سێنتڕاڵیش بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئینته‌ر له‌ بڕه‌ بۆندی حه‌كیمی كه‌ 40 ملیۆن یۆرۆیه‌، تا 30ـی مانگی سێ بڕی یه‌كه‌می ده‌دا، له‌ كاتێكدا به‌ پێی بۆنده‌كه‌ پێویست بوو له‌ مانگه‌كانی ڕابردوودا ئه‌و بڕه‌ بۆنده‌كه‌ی بدایه‌.

به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و دواكه‌وتنی خوله‌كان له‌ ساڵی ڕابردوو و به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كان به‌بێ هانده‌ر، به‌شێكی زۆری یانه‌كانی رووبه‌رووی قه‌یرانی سه‌خت و قووڵی دارایی بوونه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ دۆخه‌كه‌ بۆ جیهان و ئه‌ورووپا به‌ گشتی سه‌خت و ئاڵۆز بوو، به‌ڵام له‌ ئیتاڵیا ڕه‌وشه‌كه‌ سه‌ختتر بوو، به‌ تایبه‌ت كه‌ پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆناش، هه‌ر له‌ دۆخێكی ناله‌باردا بوون.

بۆ بیرهێنانه‌وه‌، ئه‌شره‌ف حه‌كیمی پێشتر به‌ شێوه‌ی خواستن بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌ ریاڵ مه‌دریده‌وه‌ چووبووه‌ بوڕوسیا دۆرتمۆند، دواتریش له‌ ڕێی یانه‌ی ئینته‌ر میلانه‌وه‌ چووه‌ نێو خولی ئیتاڵیا.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

 

© 2017 Hawler