کانونی دووەم 17, 2021

له بادینان یاری لوتكه ی ئه م هه فته یه به ڕێوه یه، سۆران و هه ولێریش به یه كه وه به دوای ساڕێژی زامه كانیان ده گه ڕێن

رۆژی هه‌ینی گه‌ڕی پێنجه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كاتژمێر (2)ـئه‌نجام ده‌درێن، ئه‌م گه‌ڕه‌ به‌ گه‌ڕی دیاریكردنی چاره‌نووسی راهێنه‌ران هه‌ژمارده‌كرێت، چونكه‌ چه‌ند راهێنه‌رێك دواین ده‌رفه‌تیان پێدراوه‌، گه‌ر نه‌یبه‌نه‌وه‌ ده‌بێت شوێنه‌كه‌یان جێبێڵن، سیروای نوێ له‌ ئه‌ركێكی زه‌حمه‌تدایه‌ و ده‌بێته‌ میوانی شێروانه‌، دهۆكیش میوانداری ده‌ربه‌ندیخانی سه‌رووی ریزبه‌ندی گرووپه‌كه‌ی خۆی ده‌كات، هه‌ولێر له‌گه‌ڵ سۆران یاریی ده‌كات، زاخۆش له‌نێو ماڵی خۆی پێشوازی له‌ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ده‌كات، نه‌ورۆزیش دوای گۆڕینی راهێنه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ندرێن یاریی ده‌كات، له‌ پیرمامیش دێربی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و ئارارات به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌ڵۆ و برایه‌تیش به‌یه‌كه‌وه‌ یاری ده‌كه‌ن، چه‌مچه‌ماڵیش چاوه‌ڕوانه‌، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك وردترین زانیاری له‌سه‌ر بارودۆخی یانه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.

 

دهۆك له‌گه‌ڵ ده‌ربه‌ندیخان ئه‌ركی قوڕسه‌

دهۆك له‌ یاریگای خۆی میوانداری ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، دهۆكییه‌كان به‌ نیازن شۆڕشێك له‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌یان به‌رپا بكه‌ن، چوار یاریزانیشیان له‌ یانه‌كه‌ دوورخستوه‌ته‌وه‌، دواین ده‌رفه‌تیشیان به‌ سلێمان ره‌مه‌زانی راهێنه‌ر داوه‌ ئه‌گه‌ر نه‌یباته‌وه‌ له‌ یانه‌كه‌ دوورده‌خرێته‌وه‌، كێشه‌ی سه‌ره‌كی دهۆكیه‌كان نه‌گونجانی یاریزانه‌كانیه‌تی به‌یه‌كه‌وه‌، چونكه‌ چه‌ند یاریزانێك یه‌كه‌مینجاره‌ درێسی ئه‌و تیپه‌ ده‌پۆشن، دهۆك 4 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی 6ـه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مه‌.

ده‌ربه‌ندیخان، ئه‌سپه‌ڕه‌شه‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایاب تا ئێسته‌ هیچ شكستێكی نییه‌ و به‌ 10  خاڵ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی گرتووه‌، بوونی عه‌لی كاكه‌ مینه‌ له‌ هێرشبه‌ری هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د له‌ ناوه‌ڕاست، به‌رگرییه‌كی پته‌و به‌هێز له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌و تیپه‌ن، ئه‌وانه‌ ده‌یانه‌وێت دهۆكیش به‌ده‌ردی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ببه‌ن و به‌ بردنه‌وه‌ له‌ بادینان بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م یارییه‌ هه‌ڤاڵی مایسترۆی ناوه‌ڕاست به‌هۆی كارتی سووره‌وه‌ یاری ناكات، كه‌ كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر شین پۆشه‌كانی ده‌ربه‌نده‌وه‌ ده‌بێت.

 

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و ئارارات له‌ به‌رزاییه‌كانی پیرمام به‌یه‌ك ده‌گه‌ن

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری ئاراراتی دراوسێی ده‌كات، سه‌میر بابۆی راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت به‌خێرای دۆڕانه‌كه‌ی گه‌ڕی رابردوو بسڕێته‌وه‌ و بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ی سه‌ركه‌وتن، گرفتی سه‌رمیر بۆ ئه‌م یارییه‌ پێكانی شێرزاد محه‌مه‌دی به‌رگریكاری راستیه‌تی، كه‌ به‌رده‌وام له‌ یارییه‌كان پشتی پێبستووه‌، خاڵی به‌هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ گونجانی یاریزانه‌كانه‌، چونكه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ یاریزانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ یاری ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش بوونی ره‌وا یوسف له‌ ناوه‌ڕاست و ئامانج ئه‌كره‌م له‌ هێلی پێشه‌وه‌ ده‌تونن ئه‌نجامه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌، به‌ 9 خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌من.

ئارارات، دوای زنجیره‌یه‌ك شكست گه‌ڕی رابردوو تامی یه‌كه‌م بردنه‌وه‌یان كرد، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نایاب له‌ كیس نه‌ده‌ن و بمێنه‌وه‌، له‌ ئێسته‌شدا ده‌ستیان به‌ گۆڕانكاری كردووه‌، چه‌ند یاریزانێكی به‌ ئه‌زموونیان هێناوه‌ته‌وه‌ ریزه‌كانیان، ره‌نگه‌ له‌ قۆناخی گواستنه‌وه‌ی یاریزانانیش یاریزانی باشتر بهێنن، دره‌نگ ئاماده‌كاری و كێشه‌ی دارای و دابڕانێی ساڵێك له‌ یاریكردن بۆ تیپه‌كه‌ گرفتی بۆ دروستكردوون، عه‌لی عه‌زیز له‌ ناوه‌ڕاست خاڵی به‌هێزی تیپه‌كه‌ی ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌ده‌، به‌ڵام گه‌ڕی ڕابردوو به‌هۆی پێكان یاریگه‌ی جێهێشتووه‌، بۆیه‌ مه‌ترسی یاری نه‌كردنی له‌سه‌ره‌، ئارارات 3 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی حه‌وته‌مه‌.

 

سیروانی نوێ ئه‌ركی زه‌حمه‌ته‌

شێروانه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری سیروانی نوێ ده‌كات، كوڕانی كه‌لار له‌ ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ ئاماده‌ن، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو، به‌ ئه‌نجامێكی گه‌وه‌ره‌ له‌ پایته‌خت به‌ 4 -3، له‌ هه‌ولێریان برده‌وه‌، خاڵی به‌هێزی شێروانه‌ بوونی چه‌ند یاریزانێكی لاوی وه‌ك رێباز ره‌حیم، محه‌مه‌د حه‌میدن، كه‌ هاوشانی محه‌مه‌د سابیر یاریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام  شێروانه‌ به‌رده‌وام له‌م ساڵانه‌ی دوای له‌ یاریگه‌ی خۆی تووشی گرفت ده‌بێته‌وه‌، به‌زه‌حمه‌ت ده‌یباته‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێویسته‌ ئه‌و فشاره‌ی له‌سه‌ر یاریزانانه‌ له‌ لایه‌ن هانده‌ران و ده‌سته‌ی راهێنه‌ران نه‌هێڵرێت، تا یاریزانه‌كان به‌ ئاسووده‌ی یاری بكه‌ن، شێروانه‌ خاوه‌نی 6 خاڵه‌ و له‌ پله‌ی چواره‌م دێت.

سیروانی نوێ، له‌ لایه‌ن راهێنه‌ر رزگار عه‌لیه‌وه‌ هه‌ر یارییه‌ و به‌ پلانێكی تایبه‌ت و ته‌كتیكی تازه‌ به‌ پێی دۆخی تیپی به‌رامبه‌ریان یاریی ده‌كه‌ن، خاڵی به‌هێزی سیروانی نوێ بوونی به‌هادین به‌كری هێرشبه‌ر و شادومان سه‌باحی ناوه‌ڕاستكاره‌، كه‌ له‌ تۆپه‌ جێگیره‌كان زۆر شاره‌زایه‌، بوونی مسته‌فا تاریقی گۆڵپارێزێزیشی خاڵێكی تری به‌هێزی سیروانی نوێیه‌، سیروانی نوێ شێوازی یاریكردنی به‌كۆمه‌ڵ و پشتنه‌به‌ستن به‌ یاریزانی تاك سیمای هه‌ره‌ دیاری یاریكردنیانه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ش له‌ به‌رگری بورجی چاودێری تۆپه‌ به‌رزه‌كانی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، كه‌ یاریزانان عه‌بدولعه‌زیز محه‌مه‌ده‌، به‌هۆی كارتی سووره‌وه‌ دابڕابوو، سیروانی نوێ خاوه‌نی 8 خاڵه‌ و سه‌روو ریزبه‌ندی گرووپی خۆی گرتووه‌.

 

سۆران و هه‌ولێر به‌دوای ساڕێژی زامه‌كانیانه‌وه‌ن

سۆران له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ولێر ده‌كات، سۆرانیه‌كان دۆخیان باش نییه‌، تا ئیسته‌ تامی هیچ بردنه‌وه‌یه‌كیان نه‌كردووه‌، بوونی كێشه‌ی دارای و دره‌نگ بڕیاردان له‌سه‌ر به‌شداریكردن له‌ خوله‌كه‌ هۆكاری كه‌می ئاماده‌كارییه‌كانی تیپه‌كه‌یه‌ له‌ رووی هونه‌ری و جه‌سته‌یه‌وه‌، به‌ڵام بوونی جه‌ماوه‌رێكی سه‌ره‌سه‌ختی یانه‌كه‌ پالنه‌رێكی باشی تیپه‌كه‌ن بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی سۆران، ده‌یانه‌وێت ئه‌م یارییه‌ ببه‌نه‌وه‌ دیاری یاریزانه‌كان بێت، به‌ بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی هانده‌رانیان بۆ یاریگاكه‌، سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانیان ئاماده‌ن بۆ یارییه‌كه‌، بوونی ئیدرس كاكه‌ و گه‌یلان سادقی گۆڵپارێز خاڵی به‌هێزی تیپه‌كه‌ن ده‌ركه‌وتنی ئه‌وان به‌ ئاستی راسته‌قینه‌یان سۆرانێكی جیاواز ده‌بینن، هیچ خاڵێكیان نییه‌ و له‌ كۆتا ریزبه‌ندین، خاڵی لاوازیان هێلی به‌رگریه‌ تا ئێسته‌ 10 گۆڵیان لێكراوه‌.

 هه‌ولێر، به‌ پێكهاته‌یه‌كی ته‌واو لاو یاری ده‌كه‌ن، ده‌سته‌ی راهێنه‌ران چاویان له‌وه‌یه‌ تیپێك بۆ وه‌رزه‌كانی داهاتوو دروستبكه‌ن و یاریزان بۆ یانه‌كه‌ په‌روه‌رده‌ بكه‌ن، بۆیه‌ش تووشی سێ دۆڕان هاتوون، ئه‌م یارییه‌ عومه‌ر ئیبراهیم له‌ باڵی چه‌پ پێكانی هه‌یه‌، كه‌ كاریگه‌رترین یاریزانی هه‌ولێره‌ له‌م چه‌ند یارییه‌ی ڕابردوو، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت ورده‌ ورده‌ ئاستی هه‌ولێرییه‌كان باشتر ده‌بێت، بۆیه‌ پێشبینیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن له‌ داهاتوو هه‌ولێرێكی جیاوازببینن، خاوه‌نی یه‌ك خاڵن له‌ پله‌ی شه‌شه‌من، گرفتی سه‌ره‌كی ئه‌وان هه‌ڵه‌ی به‌رگریكارانه‌ ئه‌وه‌تا له‌ 4 یاریی 13 گۆڵیان لێكراوه‌.

 

زاخۆ میوانداری پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ده‌كات

زاخۆ میوانداری پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ده‌كات، زاخۆ ده‌ستپێكێكی باشی هه‌بووه‌ له‌م وه‌رزه‌ دوو بردنه‌وه‌ و دۆڕانێك و شكستێكی هه‌یه‌، بوونی سانتۆسی هێرشبه‌ر و عامر فازل خاڵی به‌هێزی تیپه‌كه‌ی محه‌مه‌د یوسفن، زاخۆ له‌ یاریگه‌ی خۆی تۆقێنه‌ره‌ دوو یاری كردووه‌ و بردوویه‌تیه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ ده‌یه‌وێت پێشمه‌رگه‌ی سلێمانیش ڕاماڵی، 7 خاڵیان هه‌یه‌، له‌ پله‌ی چواره‌من.

پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، ئاستی جێگیر نیه‌، یاریی هه‌یه‌ باش ده‌رده‌كه‌وێت به‌ڵام له‌ هه‌ندێ یاریید‌ا كه‌سایه‌تی تیپه‌كه‌ ون ده‌بێت، نه‌بوونی هێرشبه‌رێكی راسته‌قینه‌ش بۆ تیپه‌كه‌ گرفتێكیتره‌، گه‌ڕی رابردووش به‌ ئه‌نجامێكی گه‌وره‌ له‌ دهۆكیان برده‌وه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ كێشه‌یان نییه‌ و ته‌واوی یاریزانه‌كانی ئاماده‌ن، 7 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی سێیه‌من، هه‌ردوو تیپه‌ خاڵیان وه‌ك یه‌كه‌ بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر حسابی یه‌كتر قۆناخێكیتر بچنه‌ پێشه‌وه‌.

 

هه‌ڵۆ و برایه‌تی رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌

هه‌ڵۆ له‌ یاریگه‌ی خۆی یاری له‌گه‌ڵ برایه‌تی ده‌كات، بوونی به‌رگرییه‌كی به‌هێز له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی تیپه‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری بارزانن، كه‌ تا ئیسته‌ ته‌نها 2 گۆڵیان لێكراوه‌، ئه‌مه‌ش كه‌مترین رێژه‌ی گۆڵ خواردنه‌ بۆ تیپێك، له‌ سێ یاری رابردوو سێ یه‌كسانی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌دوای یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێن، ئه‌وان پشت به‌ یاریگه‌كه‌یان ده‌به‌ستن، كه‌ بۆ تیپی میوان یاریكردن تێیدا زه‌حمه‌ته‌، هه‌ڵۆ 3 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی پێنجه‌م دێت.

برایه‌تی، یه‌كێك له‌ تیپه‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابه‌، بوونی سه‌فین مه‌نسور و ژیار گۆڤه‌ند و رێبوار نه‌جه‌مه‌دین و دانا عوسمانن، كه‌ دانای هێرشبه‌ر پێكانی هه‌یه‌ بۆ ئه‌م یارییه‌ زه‌حمه‌ته‌ یاریی بكات، ئه‌مانه‌ خاڵی به‌هێزی تیپه‌كه‌ن، سه‌وزپۆشه‌كان  تا ئێسته‌ 11 گۆڵیان كردووه‌ له‌سه‌ر ئاستی یانه‌كان زۆرترینه‌، به‌ڵام له‌ به‌رگری باڵه‌كان گرفتیان هه‌یه‌ و تا ئێسته‌ وه‌ك پێویست ده‌رنه‌كه‌وتوون، هه‌وڵی ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ مه‌حمود مه‌جید یه‌كه‌م ناسناوی نایاب ببه‌نه‌وه‌، ئه‌ركیان ئاسان نییه‌، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كان، برایه‌تی خاوه‌نی 6 خاڵه‌ و له‌ پله‌ی سێیه‌م دێت.

 

نه‌ورۆز له‌سه‌ر حسابی هه‌ندرێن به‌دوای هه‌ڵسانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت

نه‌ورۆز له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ندرێن ده‌كات، یونس سلێمان ده‌ستیله‌كاركیشایه‌وه‌، كامه‌ران محه‌مه‌دی یاریده‌ره‌ی ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی وه‌رگرتووه‌، چوار دۆڕانیان هه‌یه‌، ئه‌و ئه‌نجامه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوبوو، ئێسته‌ ده‌یانه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌ هه‌ندرێنی پایته‌خت بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌هێزترین پێكهاته‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانیان باش نین، هیچ خاڵێكیان نییه‌ و له‌ كۆتا ریزبه‌ندین.

هه‌ندرێن، به‌دوای مانه‌وه‌ له‌ نایابدا ده‌گه‌ڕێت، بوونی شێرزاد محه‌مه‌د هێمن نازم و نه‌ریمان خدری گۆڵپارێز له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌و تیپه‌ن، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ندرێن نه‌بوونی هێرشبه‌رێكی راسته‌قینه‌یه‌، له‌ ئێستادا هه‌ریادی هێرشبه‌ری لاو به‌ته‌واوی پشتیپێده‌به‌سترێ  له‌ لایه‌ن دڵشتد مه‌عروفی راهێنه‌ره‌وه‌، هه‌ندرێن به‌رگرییه‌كی باشی هه‌یه‌، ته‌نها یه‌ك گۆڵیان لێكراوه‌، به‌ 5 خاڵ له‌ خانه‌ی پێنجه‌م دێن. 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

 

© 2017 Hawler