شوبات 26, 2021

یۆرگن كڵۆپ نیوه ی پێكهاته ی لیڤه رپوولی له ده ستدا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

ستێفانۆ پیۆلی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو

یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵیا به‌ فه‌رمی له‌سه‌ر پێگه‌ی خۆی بڵاویکردووەته‌وه‌، كه‌ ستێفانۆ پیۆڵی راهێنه‌ری یانه‌كه‌ی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌.

یانه‌ی میلان دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوو پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ سەرجەم راهێنەر و یاریزانەکانی یانەکەی كرد، دەرکەوت تەنها ستێفانۆ پیۆلی راهێنەر تووشی ئەو پەتایە بووە و بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی هەبێت و لە ماڵەکەی خۆیدا کەرەنتین کراوە و سەرجەم یاریزانەکانیشیان ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ بووە.

ئەیسی میلان دوای کۆتایی هاتنی یارییە نێودەڵەتیەکان لە گەڕی هەشتەمی سێریائەی 22ـی ئەم مانگە دەبێتە میوانی لازیۆ و چاوەڕێش دەکرێت پیۆلی راهێنەری بە هۆی تووشبوونی به‌و ڤایرۆسه‌، بەشداری یارییەکە نەکات.

 

گه‌ڕانه‌وه‌ی هانده‌ران بۆ نێو یاریگه‌كان نزیك بووه‌ته‌وه‌

حکومەتی بەریتانیا لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ یارییەکانی یۆرۆی 2021 کە ساڵی داهاتوو دەکرێن، رێگە بە هاندەران بدەن لە یاریگەکان ئامادەبن.

رۆژنامەی سەنی بەریتانی بڵاویکردووە، دوای سەرکەتنی ڤاکسێنی کۆرۆنا لە لایەن دوو کۆمپانیای ئەمریکی و ئەڵمانی، حکومەتی وڵاتەکەیان دڵنیایە لەوەی کە یارییەکانی هەڵبژاردەکەیان لە یۆرۆی 2021 کە بە هۆی ڤایرۆسەکەوە بۆ ساڵی داهاتوو دواخراوە، بە ئامادەبوونی هاندەران بکرێت و لە ئێستاوەش ئامادەکارییان بۆ ئەوە کردووە کە ڤاکسێنەکە بۆ هاونیشتیمانیەکان و وەرزشوانەکانیان بەدەست بێنن.

هەڵبژاردەی تۆپی پێ ئینگڵاند لە کۆمەڵەی چوارەمی یۆرۆی داهاتوو رکابەری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی کڕواتیا، سکۆتلەندا و کۆماری چیک دەکات و لە یەکەم یاریشدا لە یاریگەی نەتەوەیی وێبلی پێشوازی لە هەڵبژاردەی سکۆتلەندا دەکەن.

 

رامۆس و پێرێز له‌ سێڤییا بڕیاری كۆتایی ده‌ده‌ن

رۆژنامەی ماركای ئیسپانی له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا ئاشكرای كردووه‌ كه‌ دووشەممەی داهاتوو لە شاری سێڤییا و لە کامپی مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەکەی ئیسپانیا، پرێس کۆنفڕانسێک لە نێوان پێرێزی سەرۆکی شاهانەکان و رامۆسی بەرگریکاری ئەو یانەیە ده‌كرێت و لەو پرێس کۆنفڕانسەدا پێدەچێت داهاتووی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکەی یەکلایی بکرێتەوە، چونکە دەنگۆیەکی زۆر هەیە کە هەردوولا لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکە رێکكنەکەوتوون.

شاهانەکان ئەو یاریزانانەی تەمەنیان سەروی 30 ساڵ، گرێبەستەکانیان تەنها بۆ ماوەی یەکساڵ نوێدەکەنەوە، بە پێچەوانەوە رامۆس داوای دوو ساڵ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەکات و ئەگەر هەردوولا نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، ئەوا بەرگریکارەکەی مێرنگی هاوینی داهاتوو دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی، دەتوانێت بێ بەرامبەر یانەکەی جێبێڵێت.

 

ئانچیلۆتی یاریزانێكی دیكه‌ی ریال مه‌درید ده‌گوازێته‌وه‌

رۆژنامەی ده‌یلی مه‌یلی بریتانیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی داوای لە کارگێری یانەکەی کردووە، بە هەر شێوەیەک بێت ئەم زستانە ئیسکۆ ناوەڕاستکاری ئیسپانی یانەی ریال مەدرید بگوازنەوە ریزەکانیان و یانە مەدریدیەکەش ئامادەیە بەرامبەر 10 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئەو یاریزانەی بێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە میرکاتۆی داهاتوو ئیسکۆ لالیگا جێبێڵێت و لە پرێمەرلیگ بەردەوام بێت.

ئانچێلۆتی هاوینی رابردوو توانی یانەکەی رازی بکات، خامێس رۆدریگێز لە ریزەکانی مێرنگی بگوازنەوە یانەکەیان و ئەمجارەشیان داوای ئیسکۆ دەکات.

 

ئۆتۆمبێله‌كه‌ی هاری كه‌ین دزرا

رۆژنامەی سه‌نی بەریتانی ئاشكرای كردووه‌، بەم دواییە چەند کەسێکی نەناسراو توانیویانە ئۆتۆمۆبێلەکەی هاری کەین لە جۆری رانجرۆڤەر کە نرخەکەی 100 هەزار پاوەندە لە پێش ماڵەکەی بدزن و دوای سەیرکردنەوەی کامێرای چاودێری، دەردەکەوێت چەند کەسێک بونەو و پێش وەختە چاودێری ئەو ناوچەیان کردووە و دواتریش ئۆتۆمۆبێلەکەی یاریزانانەی یانەی تۆتێنهامیان دزیوە.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردووە، دوای ئەم رووداوە هاری کەین پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە، بەڵام پۆلیس پێگووتووە کارەکە زۆر بە زیرەکانە کراوە و ئەستەمە بتوانن ئۆتۆمۆبێلەکەی بدۆزنەوە و هاری دەبێتە سێیەم یاریزانی سپێرز دزی لێ بکرێت.

 

لیڤه‌رپوول نیوه‌ی پێكهاته‌كه‌ی له‌ده‌ستدا

رۆژنامەی میره‌ری بەریتانی له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا نووسیویه‌تی: دوای ئەوەی محەمەد سەڵاح هێرشبەری میسڕی یانەی لیڤەرپوول دەرکەوت کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، ئەو یاریزانە بۆ جاری دووەم پشکنینی کرد، بۆ ئەوەی دڵنیابێت کە هەڵگری پەتاکەیە، بەڵام بۆ دووەمجاریش ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ دەرچوو و بەم شێوەیە ئەو یاریزانە ناچارە دوو هەفتە لە کەرەنتین بێت، تا ئەو کاتەی بە تەواوەتی پەتاکە تێدەپەڕێنێت.

سەرچاوەکە ئەوەشی بلاوکردووە، سەڵاح دوای بەشداری کردنی لە ئاهەنگی بووکگواستنەوەی براکە لە شاری قاهیرەی وڵاتەکەی، تووشی کۆرۆنا بووە و و بەم شێوەیە چاوەرێ دەکرێت سه‌ڵاح له‌ یارییەکانی داهاتووی هەڵبژاردەکەی و هەروەها یانەکەی بەرامبەر لێستەر سیتی لە پرێمەرلیگ و هەروەها ئاتالانتا لە چامپیۆنزلیگ بێبه‌ش بێت.

سه‌ڵاح بووه‌ پێنجه‌مین یاریزانی لیڤه‌رپوول كه‌ به‌هۆی پێكان و كۆرۆنا له‌ یانه‌كه‌یان داده‌بڕێن، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ تیاگۆ ئالكنتارا، ئارنۆڵد و جۆگۆمێز و ڤاندایك به‌هۆی پێكانه‌وه‌ دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌.

ئه‌سعه‌د ئیسماعیل - هەولێر

 

© 2017 Hawler