شوبات 27, 2021

زیدان داوای لە ئەستێرەكانی یانەكەی كردووە قوربانی بدەن

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

ریاڵ مەدرید داوایەكی ڕامۆسی ڕەت كردەوە

یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، داوایەكی سێرجیۆ ڕامۆسی كاپتنی یانەكەیانی بۆ نوێكردنەوەی بۆندەكەی رەت كردەوە.

راپۆرتی مێدیا ئیسپانییەكان، دوێنێ سێشەممە ئاشكرایان كرد، كە سێرجیۆ ڕامۆسی یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید بۆندەكەی لە هاوینی 2021 كۆتایی دێ، بەڵام هەردوولا لە بارەی نوێكردنەوەی بۆندەكەی نەگەییشتوونەتە ڕێككەوتن. لە بەرنامەی چیرنجیتۆدا، ئاشكرا كرا، كە هیچ پێوەندییەكی جدیی لە نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید و سێرجیۆ ڕامۆسدا نەبووە بۆ نوێكردنەوەی بۆندەكەی.

ئاماژە بەوەش كراوە، كە كارگێڕیی ریاڵ مەدرید هێشتا سوورە لەسەر ئەو بۆندەی پێشتر پێشكەشی رامۆسی كردووە، كە نوێكردنەوەی بۆندەكەیەتی بۆ ماوەی تەنیا وەرزێك.

راپۆرتێكی مێدیایی ئاشكرای كردووە، لە وەرزی رابردووەوە، ماوەی بۆندەكەی لە پشت وەستانی پرۆسەی نوێكردنەوەی بۆندی ڕامۆسەوەیە، كە یاریزانەكە دەیەوێ بۆندەكەی بۆ زیاتر لە وەرزێك نوێ بكاتەوە، بەڵام یانەكە دەیانەوێ تەنیا ساڵێك ماوەی بۆندەكەی درێژ بكەنەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

زیدان داوای لە ئەستێرەكانی یانەكەی كردووە قوربانی بدەن

ئەنجامە خراپەكەی یانەی ریاڵ مەدرید بەرانبەر ڤاڵێنسیا كە بە چوار گۆڵ شكستی خوارد، كاریگەری لەسەر یانەكە كردووە و زیدان داوای كردووە كە یاریزانانی زیاتر بكۆشن

راپۆرتی مێدیا ئیسپانییەكان، ئاشكرایان كردووە، كە زینەدین زیدانی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، بزاوتەكانی دەست پێ كردووە بۆ ئەوەی ڕەوشی نەرێنیی یانەكە بە هۆی ئەنجامی یارییەكەیانەوە بەرانبەر ڤاڵێنسیا، درێژە نەكێشێ.

مێدیای ئەی بی سی، بڵاوی كردووەەتەوە، كە زیدان لەگەڵ كۆمەڵێك یاریزانی یانەكەدا، كە گەشتیان نەكردووە بۆ مەبەستی بەشداریكردنی یارییە نێودەڵەتییەكان، كۆبووەتەوە و داوای لێ كردوون رۆڵی زیاتر بگێڕن و رۆڵی داهاتووی بە شێوەیەكی باشتر بۆ ماوەكانی داهاتوو بۆ روون كردوونەتەوە، داوایشی لێ كردوون كە بەرگریی سەرسەرخت لە یانەكە بكەن تا ئەنجامەكانیان باشتر بگەڕێتەوە.

زیدان وای دەبینێ كە هەمووان دەتوانن لەو ئاستە باشتر پێشكەش بكەن كە بەرانبەر ڤاڵێنسیا پێی دەركەوتن، بۆ ئەو مەبەستە نموونەی یارییەكانیان بەرانبەر ئینتەر میلان و بەرشلۆنەی لە پێش چاوە.

ڕەوشی یاریزانانی یانەی ریاڵ مەدرید بە هۆی ئەنجامە گەورەكەی بەرانبەر ڤاڵێنسیا، تووشی شڵەژان و دڵەڕاوكێ بوون، بە تایبەتی كە لەو یارییەدا بە ئاستێكی خراپ بینران.

بەشێكی مێدیا و چاودێران، پێیان وایە پێكهاتەی زیدان بۆ ئەو یارییە خراپ بووە و بەشێكی یاریزانانی لەو ئاستەدا نەبوون كە لەو یارییەدا پشتیان پێ ببەستێ.

بۆ زانین، لە چەند رۆژی دادێ، یارییەكانی خول و جامە ئەورووپییەكان بە هۆی ئەنجامدانی یارییە نێودەڵەتییەكانەوە ڕادەوەستێ.

 

لیۆن بە لێدوانێك لە بارەی دیبایەوە بەرشلۆنە نیگەران دەكا

یەكێك  لە بەرپرسانی یانمەی لیۆن، دەروازەی بەرانبەر یانە گەورەكانی جیهان كردەوە، تا ركەبەری بەرشلۆنە بكەن بۆ دەستخستنی میمفێس دێمبای، هێرشبەری یانە فەرەنسییەكە.

پێشتریش بەرشلۆنە چەند جارێك ڕایگەیاندووە، كە خوازیاری دەستخستنی ئەو یاریزانەیە و دیبای لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا زۆر لە پێوەندیكردن بە ریزەكانی یانەی بەرشلۆنەوە نزیك بوو، ئەوەش لەسەر بنەمای خواستی رۆناڵد كۆمانی راهێنەریی هۆڵەندیی یانەكە، بەڵام لە كۆتاییدا ئەو بۆندە سەری نەگرت و دیبای لە یانە فەرەنسییەكەدا مایەوە، ئێستە دەیەوێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا ئەو بۆندە سەر بگرێ. بەڵام جێرارد ئۆلیە، ڕاوێژكاری سەرۆكی یانەی لیۆن، بە لێدوانێك بۆ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، یانەی بەرشلۆنەی نیگەران كردووە، بەوەی وتوویەتی هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ پارێزگاریكردن لە مانەوەی دیبای، ئەوەی روو دەدات دەیبینین و چاوەڕێ دەكەین.

ئەوەشی خستە روو، كە ئاستی دیبای پێش پێكانەكەی، ئەگەری ئەوە زیاد دەكەن چەند یانەیەكی دیكەیش بۆ وەرزی دادێ هەوڵی دەستخستنی بدەن. ئاماژەی بەوەش كردووە، هەرچەندە ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە تواناكانی دیبای بەرز دەنرخێنێ، بەڵام "ئەو یاریزانە بە بوونی لە یانەی لیۆن زۆر خۆشحاڵ و ئاسوودەیە.

پێشتر میمفێس دیبای، یاریزانی هۆڵەندی یانەی لیۆنی فەرەنسی ئەوەی خستە روو ئەگەر هەیە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا ریزەكانی یانەكەی ئێستەی جێ بهێڵێت.

یانەی بەرشلۆنە هەرچەندە ئێستە لە هێڵی پێشەوەدا لە كێشەیە، بەڵام رووبەرووی كێشەیەكی قووڵی دارایی بووەتەوە و ئەگەری هەیە لە سەرەتای ساڵی دادێ ڕەوشی یانەكە خراپتر بێ و نزیك لە مایەپووچبوون بێ، بە تایبەت ئەگەر یاریزانانی یانەكە رازی نەبن بە كەمكردنەوەی 30%ـی مووچەكەی.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

 

© 2017 Hawler