تشرینی یەکەم 21, 2020

ڕۆناڵدۆ: پڕۆتۆكۆڵی كۆرۆنام نەشكاندووە و تۆمەتم بۆ دروست كراوە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

ڕۆناڵدۆ: پڕۆتۆكۆڵی كۆرۆنام نەشكاندووە و تۆمەتم بۆ دروست كراوە

كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پورتوگالی یانەی یوڤێنتوس، دوای تووشبوونی بە پەتای كۆرۆنا، دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە، كە ڕێوشوێنە تەندروستییەكانی شكاندووە، بەڵام ناوبراو رەتی كردەوە ئەو پڕۆتۆكۆڵانەی شكاندبێ كە بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دانراون و ڕایگەیاند پابەندی ڕێكارەكانە.

فیچینزۆ سپادافۆرا، وەزیری وەرزشی ئیتاڵیا، رۆناڵدۆی تۆمەتبار كرد، بەوەی بنەما و ڕێوشێنەكانی كۆرۆنای شكاندووە، بەڵام رۆناڵدۆ ئەوەی رەت كردەوە و وەڵامی وەزیرە ئیتاڵییەكەی دایەوە.

رۆناڵدۆ لە پەیجی خۆی لە ئینستاگرامەوە، نووسی" ماڵباتەكەم لە نهۆمی خوارەوەی ماڵەكەمدان، پەیوەندیشم لەگەڵیاندا بڕیوە."

ئەوەشی وت، كە بەردەوام لە ماڵەوەیە و ڕێزی لە بنەما و ڕێوشوێنەكانی تووشبووانی كۆرۆنا گرتووە و ڕایگەیاند ئەوەی لە بارەیەوە دەوترێ، ڕاست نییە.

ئەوەشی وت، كە بۆ ئەوەی هەموو ڕێوشوێنە پێویستەكانی بۆ بگیرێتە بەر لە چارەسەركردندا گەڕاوەتەوە یوڤێنتوس، بۆ ئەو مەبەستە بە فڕۆكەی تایبەت هاتووەتەوە و لە تۆرینۆش لەگەڵ هیچ كەسێكدا بەركەوتنی نەبووە.

فیچینزۆ سپادافۆرا، ئەوەی وتبوو، كە بەهرەوەریی یاریزان، مافی ئەوەت ناداتێ لەو بارودۆخانەدا بە لەخۆدەرچوونەوە مامەڵە بكەیت، "تۆپی پێی ڕێت نادا ڕێزی كەسانی تر نەگری."

 

سەرۆكی یانەی فیۆرێنتینا ڕەخنە لە كیێزا دەگرێ

رۆكۆ كۆمیسۆ، سەرۆكی یانەی فیۆرێنتینا، رەخنەی لەو شێوازە چوونەی فیدریكۆ كیێزا لە یانەی فیۆلاوە بۆ یوڤێنتوس گرت، كە لە هاوینی رابردوودا ئەو كارە پێشهات.

كیێزا، بە شێوەی خواستن و بۆ ماوەی دوو ساڵ بەرانبەر 10 ملیۆن یۆرۆ، چووە یانەی یوڤێنتوس، لەگەڵ مافی كڕینەوەی فەرمی و یەكجاری بە بەهای 40 ملیۆن یۆرۆ.

لەو ڕووەوە كۆمیسۆ وتوویەتی "بە شێوەیەك وەك كوڕی خۆم مامەڵەم لەگەڵدا دەكرد، بەڵام ئەو بە شێوەیەكی دروست لەگەڵمدا ڕەفتاری نەكرد، تەنانەت لەگەڵ ماڵبات و ئەوانەیشی لە یانەی فیۆرێنتیناش كار دەكەن، باش نەجووڵایەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، كە كەوتوونەتە ناو دۆخێك یەك كڕیار و یەك فرۆشیار هەبوو.

 

كێشەیەكی دیكە بەرۆكی بارتۆمیۆی گرت

خۆزێ ماریۆ بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەی بەرشلۆنە، لە چەند مانگی رابردوودا بە چەند دۆخێكی پڕلە ئێشە و سەرئێشەدا گوزەری كردووە و ئێستاش بە هۆی سكاڵای چوار یاریزانی یانەكەیەوە، كێشەیەكی دیكەی بۆ هاتووەتە پێش.

سەرەكیترین كێشەی پێشتری بارتۆمیۆ، لەگەڵ ئەستێرە دیارەكانی یانەكەدا بوو، بەڵام ئەمجارە لە لایەن چوار یاریزانی تیمی دووەمی یانەكەیەوە لە دەستەی خولی ئیسپانیا سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە.

رۆژنامەی ئەلمۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاوی كردووەتەوە، هەریەك لە یاریزانان كیكی سافیرۆ، چاومی، سێرجی بۆیج و جۆلییم خایمی سكاڵایان لە لای دەستەی یاریزانانی خولی ئیسپانیا تۆمار كردووە.

هۆی سكاڵاكە، ئەوەیە كە پاداشتی خۆیان وەرنەگرتووە كە بڕەكە 10 هەزار یۆرۆیە

 

مامەیارە ئەحمد

© 2017 Hawler