تشرینی یەکەم 21, 2020

ئەحمەد سالار بیرەوەریی ئەو رۆژە دەگێڕێتەوە كە هانده‌رێك وێنه‌ی له‌گه‌ڵ گرتووه‌ و نه‌یناسیوه‌

بیرەوەرییە نەبیستراوەکان، گۆشەیەکی هەفتانەی بەشی وەرزشی ڕۆژنامەی هەولێرە، کە هەرجارە و بیرەوەرییەکی نەبیستراو و نەگێڕدراوەی وەرزشکارانی یارییە جیاوازەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو، ئەو بیرەوەری و یادەوەرییەکەی وەرزشکارەکە دەگێڕێتەوە، مەرجە لە نێو یاریگە ڕووی دابێ، یان لە چوارچێوەیەکدا بێ وابەستە و پەیوەست بێ بە یارییەكە و جۆری وه‌رزشه‌كه‌وه‌.

 

لە زنجیرەی ئەمجارەی یادەوەرییە نەبیستراوەکان ئەستێرەی دیاری کوردستان و عێڕاق و پێشووی یانەی سلێمانی (ئەحمەد سالار) یادگارییەکی نەبیستراوی خۆی دەگێڕێتەوە کە لەکاتی گەڕانەوەیان لەشاری هەولێر لەساڵی ٢٠١٥، کاتێک لە میانەی یارییەکانی خولی نایابی کوردستان یارییان لەگەڵ یانەی هەندرێن هەبووە، دوای گەڕانەوەیان بۆ شاری سلێمانی، دوای دابەزینیان لە پاسی یانەکە لەگەڵ هەریەک لە یاریزان سیروان و پزیشکی یانەی سلێمانی دکتۆر ئاراس، دوای دابەزینیان لە پاسی یانەکە، گەنجێک بەڕاکردن چووە بۆ لای ئەحمەد سالار و داوای ئەوەی لێکردووە، کە وێنەیەکی یادگاری لەگەڵ بگرێت، کاپتنەکەی سلێمانیش بۆ خۆشحاڵییەوە، داواکەی ئەو گەنجەی قبوڵ کردووە، بەڵام دوای گرتنی وێنەکە گەنجەکە وتویەتی ئەرێ بێ زەحمەت ناوت چی بوو، ئەمە لەلای ئەحمەد سالار یادگارییەکی خۆشەو بەردەوام لەهزریدا دەمێنێتەوە.

هەروەها لەساڵی ٢٠٠٥ - ٢٠٠٦ لەمیانەی پاڵاوتنەکانی سەرکەوتن بۆ خولی نایابی عێڕاق لەکاتی گەڕانەوەی شاندی یانەی سلێمانی، لەڕێگەی بەغدا – کەرکووک قەرەبالخیەکی زۆر هەبووە، دوای ئەوەی کە پرسیارییان کردووە کە هۆکار چیە ڕێگەکە بەم شێوەیەیە، پێیان ڕاگەیاندون کە ئۆپەڕاسیۆنی کوشتی زەڕقاوی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە جێ بەجێ دەکرێت، لەوکاتەدا بووە کە یانەی سلێمانی گەڕاوەتەوە، بۆیە ئەم ڕووداوە ترس و دڵە ڕاوکێیەکی زۆری لەلای ئەحمەد سالار و شاندی یانەی سلێمانی دروست کردووە، ئەمەیش یادگارییەکی ناخۆشە لەلای ئەحمەد سالار و بەردەوام لە هزریدایەو بیری ناچێتەوە.

پڕۆفایل:

ئەحمەد سالار

لەساڵی لەدایک بووە ١٩٨٥

 لەساڵی ١٩٩٦ لە تیپی میللی کۆڵنەدەر دەستی بە یاریکردن کردووە

سەرەتای دەسپێکی یاریکردنی بۆ یانەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ بووە کە لە تیپی لاوانی یانەی ئاشتی دەستی پێکردووە لە کاروانی وەرزشیدا یاری بۆ یانەکانی (ئاشتی، کەمال سەلیم، سلێمانی، پێرس، نەورۆز، پێشمەرگەی سلێمانی، پێشمەرگەی هەولێر)

دەسکەوتەکانی وەک یاریزان:

ساڵی ٢٠٠٧ باشترین یاریزانی سنوری پارێزگای سلێمانی بووە، ساڵی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ دووەم باشترین یاریزانی کوردستان بووە.

ساڵی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ دووەم باشترین کەسایەتی وەرزشی کوردستان بووە.

ساڵی ٢٠١٠ گۆڵکاری هەرچوار پارێزگای کوردستان بووە

گۆڵکاری مێژووی یانەی سلێمانیە، گۆڵکاری مێژووی خولی نایابی کوردستانە، گۆڵی لەسەرجەم یانە بەشدارەکانی خولی نایابی کوردستان کردوو

 

 

هێمن ئەسکەندەر

 

© 2017 Hawler