تشرینی دووەم 27, 2020

له‌ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌هۆی كوردبوونه‌وه‌ زوڵمێكی گه‌وره‌م له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كی جێهانی لێكرا"

" عادل کەمال ناوێکی دیاری یاری لەشجوانیە لەسەر ئاستی کوردستان و عێڕاق و ماوەی زیاتر لە ١٨ ساڵ یاریزانی لەشجوانی بووە و چەندین دەسکەوتی نێوخۆی و جیهانی بەدەستهێناوە، بەڵام پێکان ئەوی لە بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان دابڕاند، ئەزموونی ئەو پاڵەوانە هۆکارێک بووە بۆ دروست بوونی دەیان یاریزان و لەشجوان لە هەولێر و پلەی بەرز و بڕوانامەی باڵایان بەدەستهێناوە، ڕۆژنامەی هەولێر لە نزیکەوە ئەزموون و دەسکەوتەکانی ئەو پاڵەوانە دەخاتەڕوو.

 

کەی دەستی بە لەشجوانی کردووە؟

لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا، عادل کەمال باسی ژیانی وەرزشی و دەسکەوتەکانی دەکات و ئامۆژگاری و ڕێنماییش بۆ ئەو کەسانە دەخاتەڕوو کە لە هۆڵەکانی لەشجوانی یاریدەکەن، لەدەسپێکدا عادل کەمال باسی سەرەتایی دەسپێکردنی یاری لەشجوانی کرد و گوتی: لە بەرواری ٤/٤/١٩٩٢ دەستم بە یاری لەشجوانی کردووە و لە زۆربەی پاڵەوانیەتیەکانی کوردستان و عێڕاق بەشداریم کردووە و پلەکانی یەکەم و دووەمم بەدەستهێناوە، بەهۆی ئاست بەرزیمەوە لەساڵی ١٩٩٨ لەڕیزی هەڵبژاردەی عێڕاق وەرگیرام، تا ساڵی ٢٠١٠ لە هەڵبژاردەی عێڕاق بووم بەشداری پاڵەوانیەتیەکانی جیهان و عەرەبی و ئاسیاویم کردووە.

 

لەهەڵبژاردەی عێڕاق کێسەیان بۆ دروستکردووە

لەبەشێکی تری دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێردا عادل کەمال باسی لەوەکرد کە سەرەڕای ئاست بەرزی، بەڵام لە هەڵبژاردەی عێڕاق بەردەوام ئاستەنگیان بۆ دروستکردووە و هەوڵی ئەوە دەدرا لە ئاست و توانای ئەو کەمبکەنەوە، لەو بارەیەوە گووتی: لەساڵی ١٩٩٨ لە پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی نەیانهێشت بەشداری بکەم و یاریزانێکی عەرەبیان لەشوێنی من یاری پێکرد و هیچ ئەنجامێکی نەبوو، ئەوە زۆر دڵگرانی کردم و پێم گوتن ئەگەر بەشداریم پێ ناکەن بۆ منتان هێنا بۆ ئەو پاڵەوانیەتیە، دڵنیا بووم ئەگەر من بەشدار بم میدالیای زێڕ بەدەست دەهێنم، بەڵام دوای ئەو هەموو ڕێگریانەیش کۆڵم نەداو بەردەوام بووم و بەشداری پاڵەوانیەتی جیهان و ئاسیام کرد و ئەنجامی باشم بەدەستهێنا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ توشی پێکانێک بووم و دواتر نەشتەرگەریم ئەنجامداو نەمتوانی بەشداری پاڵەوانیەتیەکان بکەم، پێکان ڕێگر نەبوو لەبەردەمم تاوەکو سارد ببمەوە و لەیاری لەشجوانی دوربکەومەوە، وەک ڕاهێنەر بەردەوام بووم و چەندین یاریزانم دروست کرد کر ئێستە هەموو پاڵەوانی زۆر باشن و ناوی دیارن لەیاری لەشجوانی.

 

پێکان ڕێگر بوو لەبەردەوام بوونم

پاڵەوانەکەی لەشجوانی پێکانی شانی بەهۆکارێکی سەرەکی دەزانێت لەدورکەوتنەوە لە پاڵەوانیەتیەکان و باسی لەوەکرد ئەگەر پێکان نەبوایە کە ماوەی ١٠ ساڵە دوری خستۆتەوە، دەیتوانی زۆر ئامانجی گەورە بەدەست بهێنێت و تا ئێستەیش لە پاڵەوانیەتیەکان بەشداری بکات، چونکە کێشی ٧٥ کگم لە وڵاتانی ئەوروپا کەمترە، دەرفەتی باش بوو بۆ من کە لەو کێشەدا بتوانم هەردەم ڕکەبەری ناسناوەکان بکەم، بەڵام پێکانەکەم ڕێگر بوو لەبەردەوام بوونم.

 

چۆن ڕێنمای ڕاهێنەران دەکات؟

ئەزموونی ٢٨ ساڵەی عادل کەمال لەیاری لەشجوانی وەک یاریزان و ڕاهێنەر وایکردووە کە بەردەوام چاودێرێکی باشی ئەو یارییە بێت،  دەربارەی ئامۆژگاری و ڕێنمایی ئەو بۆ ئەو کەسانەی لەشجوانی دەکەن، دەڵێت: ئەو ڕاهێنەرەی لە هۆڵەکی لەشجوانی ڕاهێنەرە دەبێت بەچاوی باوک سەیری یاریزانەکان بکات، چونکە ئەوە ئەرکێکی ئاسان نیە و پێویستە بەوردی چاودێری بکرێت، پێدانی پڕۆتین و هۆڕمۆن بەیاریزان بە هەڕەمەکی نابێت و پێوستە بەپێی جۆری لەش و لار و تەندروستی یاریزانەکە بدرێت، هەرچەندە بەداخەوە ئەوە گرنگی پێنادرێت و ڕاهێنەرەکان تاڕادەیەک کەمتەرخەمن، پێوستە خواردن و خەو وەرزشکردنەکە بەشێوەی زانستی بێت نەک ‌هەڕەمەکی، پێویستە ڕاسگۆبین هۆڕمۆن بەکاردێت بۆ یاریزانەکان و بەکاری دەهێنن کە ڕەنگە کاریگەری لاوەکی هەبێت لەسەر جەستەی ئەو یاریزانە، بەڵام ئەگەر ئەو یاریزانە بەشداری پاڵەوانیەتی بکات و بەپێی خشتەیەکی تایبەت بەکاری بهێنێت کە ڕاهێنەر بۆی دیاری دەکات ئاساییە.

زۆر بوونی هۆڵە وەرزشیەکان کاریگەری هەیە؟

دەربارەی کاریگەری زیاد بوونی هۆڵە وەرزشیەکانیش ئەو ئەندامەی یەکیەتی لەشجوانی لقی هەولێر گووتی: زیاد بوونی هۆڵی وەرزشی سوودی هەیە، بەمەرجێک بۆ بزنس و لە پێناو پارە نەبێ، ئەوەی کە هۆڵی وەرزشی دادەنێت دەبێت کەسانی خاوەن بڕوانامە و شارەزا دابنێن و بەشێوەیەکی باش ڕێنمایی ئەو کەسانە بکەن کە دێنە هۆڵەکان، گوتیشی ئێمە مەرج و ڕێنمایی خۆمان هەیە بۆ ئەو کەسانەی بیانەوێت هۆڵ بکەنەوە، هەموو کەس ڕێگەی پێنادرێت.

 

لەشجوانی لە ئێستە و لە ڕابردوو

دەربارەی جیاوازی یاری لەشجوانی لە ئێستە و ڕابردوودا عادل کەمال گووتی: ئەو کات خەڵک باری دارایی باش نەبوو سۆشیال میدیا و ئامێری پێشکەوتوو نەبوو، پڕۆتین و تەواوکەری خۆراکیەکان نەبوو، بیرمە ئەو کاتە بە قەوان و دیشلیمان دەکرد بە دەمبڵس و یاریمان پێدەکرد، بەڵام ئێستە هەموو هۆکارەکانی پێشکەوتنی ئەو یارییە هەیە جیاوازێکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەوسا.

 

داواکاری چی هەیە؟

لەکۆتایی دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێردا عادل کەمال خۆشترین یادگاری خۆی باسکرد کە لە ساڵی ٢٠٠٩ لە پاڵەوانیەتی ئاسیا بەشداریکردووە لەگەڵ یاریزانانی هاوڕێی ئەنجامی زۆر باشیان بەدەستهێناوە و هەموومان بە میدالیاوە گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان، گوتیشی ٢٠٠٤ لە بەحرێن لە پاڵەوانیەتی ئاسیا ستەمم لێکرا کە دەبوو پلەی دووەم بەدەست بهێنم، منیان کردە چوارەم ئەوە بۆ من یادگارییەکی ناخۆش بوو، ئەو پاڵەوانە جیهانیە داواکاری لەبەرپرسانی حکومی و وەرزشیش هەیە و داوا دەکات کە زیاتر گرنگی بە یاری لەشجوانی بدرێت، چونکە بەبۆچوونی ئەو لەشجوانی هۆکارێکی زۆر باشە بۆ دورخستنەوەی گەنجان لەو شتانەی زیانیان هەیە و لێ فاکتەرێکیشە بۆ کەمکردنەوەی نەخۆشیەکان و توانای جەستەی مرۆڤ بەرزدەکاتەوە.

 

پڕۆفایل:

عادل کەمال

لەساڵی ١٩٩٢ تاوەکو ساڵی ٢٠١٠ یاریزانی لەشجوانی بووە

لەساڵی ١٩٩٨ تاوەکو ساڵی ٢٠١٠ یاریزانی هەڵبژاردەی عێڕاق بووە

ئەو پاڵەوانیەتیانەی بەشداریکردووە

لەو کاتەی یاریزان بووە لە هەر پاڵەوانیەتیەکی عێڕاق بەشدار بوو بێت یەکەم بووە.

ساڵی ١٩٩٩ بەشداری پاڵەوانیەتی ئەبوزەبی کلاسیک کردووە کە پاڵەوانیەتیەکی کراوە بووە باشترین یاریزانەکان بەشداربوون

ساڵی ٢٠٠١ بەشداری پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی لە وڵاتی میسڕ کردووە و پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.

لەساڵی ٢٠٠٢ بەشداری پاڵەوانیەتی جیهانی کردووە لە وڵاتی مسڕ و پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە.

ساڵی ٢٠٠٣ لە وڵاتی مەغریب پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.

ساڵی ٢٠٠٤ لە پاڵەوانیەتی ئاسیا لە وڵاتی تایلەند پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە.

ساڵی ٢٠٠٧ لە وڵاتی یەمەن لە پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی پلەی چوارەمی بەدەستهێنا.

ساڵی ٢٠٠٩ لە پاڵەوانیەتی ئاسیا لە تایلەند پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.

لە پاڵەوانیەتی جیهان لە ئازربێجان پلەی حەوتەمی بەدەستهێناوە.

 

هێمن ئەسکەندەر

© 2017 Hawler