تشرینی یەکەم 21, 2020

سه‌ردار محه‌مه‌د، ئه‌و زوڵمه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی له‌ بیری نه‌كردووه‌

بیره‌وه‌رییه‌ نەبیستراوەکان، گۆشەیەکی هەفتانەی بەشی وەرزشی ڕۆژنامەی هەولێرە، کە هەرجارە و بیرەوەرییەکی نەبیستراو و نەگێڕدراوەی وەرزشکارانی یارییە جیاوازەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو، ئەو بیرەوەری و یادەوەرییەکەی وەرزشکارەکە دەگێڕێتەوە، مەرجە لە نێو یاریگە ڕووی دابێ، یان لە چوارچێوەیەکدا بێ وابەستە و پەیوەست بێ بە یارییەكە و جۆری وه‌رزشه‌كه‌وه‌

سه‌ردار محه‌مه‌د، بیره‌وه‌رییه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر گێڕایه‌وه‌ و گوتی: له‌ هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ولێر یارییم ده‌كرد، ئه‌وكات هه‌ڵبژارده‌كان ده‌كرانه‌ چه‌ند كۆمه‌ڵه‌یه‌ك و دواتر هه‌ڵبژارده‌یه‌ك بۆ قۆناخی كۆتایی سه‌رده‌كه‌وت و له‌ به‌غدا یاریی ده‌كرد، ئێمه‌ش یارییمان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی كه‌ركوك هه‌بوو، كه‌ دواین یاریی كۆمه‌ڵه‌كان بوو، عه‌مۆ بابای راهێنه‌ری مه‌زن راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی كه‌ركوك بوو، به‌ یه‌كسان بوون و بردنه‌وه‌ هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ولێر ده‌گه‌یشته‌ كۆتایی، ئه‌و رۆژه‌ بارانێكی زۆر باری یاریگا قوڕ و ئاوێكی زۆری لێ كۆبووبوه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هانده‌رێكی زۆر له‌ یاریگا ئاماده‌بوون، كه‌ هه‌رگیز پێشتر یاریگه‌ ئه‌و هانده‌ره‌ی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیبوو، یاریی ده‌ستیپێكرد و به‌هێزه‌وه‌ رووبه‌ڕووی یه‌كتر بووینه‌وه‌، تا دواین خوله‌كه‌ یه‌كسان بووین بێ گۆڵ، به‌و ئه‌نجامه‌ش سه‌رده‌كه‌وتین، له‌ دواین ساتی یارییه‌كه‌ به‌رگریكاری ئێمه عه‌لی حوسین له‌گه‌ڵ هێرشبه‌رێكی ئه‌وان له‌سه‌ر قوڕ و چیمه‌نی باراناوی یاریگه‌ خزین، راسته‌وخۆ ناوبژیوان فیكه‌ی پێناڵتی له‌سه‌ر ئێمه‌ لێدا و یارییه‌كه‌مان دۆڕاند، دوای ئه‌و هانده‌ران هه‌موویان روویان له‌ ناوبژیوان كرد تا لێی بده‌ن، به‌ڵام هێزێكی زۆری پۆلیس له‌وێ بوون و ناوبژیوان رزگاری بوو، دواتر هانده‌ران په‌لاماری ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌یاندا كه‌ ژماره‌ی تابلۆیان ته‌ئمیم واتا كه‌ركوك بوو، زیانێكی زۆریان پێكه‌وت، هه‌رچه‌ند هه‌ولێر تانه‌ی له‌ ئه‌نجامی یارییه‌كه‌دا، به‌ڵام بێ سود بوو، كه‌ ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین خه‌ونی من بوو له‌ ته‌مه‌نی یاریكردنم، به‌ڵام به‌ زوڵمێكی ناوبژیوان كۆتایی پێ هات، له‌و رۆژه‌وه‌ تا ئێسته‌ ئه‌و یارییه‌م له‌ بیر نه‌چووته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو هه‌ولێریان به‌ربژێركردبوو بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌.

بیۆگرافیا

سه‌ردار محه‌مه‌د، له‌ 1957 له‌ گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌بان له‌ شاری هه‌ولێر له‌ دایك بووه‌، له‌ 1976 تا 1988 له‌ ریزی یانه‌ی هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ولێر یاریی كردووه‌، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌و گۆڵانه‌ی تۆماری كردوون بیری نه‌ماون، به‌هۆی خێرایی و جموجۆڵه‌كانی له‌ لایه‌ن هانده‌رانه‌وه‌ ناسناوی سه‌ردار رازی پێ به‌خشراو بوو‌، به‌ ئه‌حمه‌د رازی كورد ناسرا بوو، له‌ 1984 بۆ 1985 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ولێر جامی هه‌ڵبژارده‌كانی عێراقیان بردووه‌ته‌وه‌، جارێكیتریش له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ولێر، له‌ خولی كرێكارانی عێراقیش پله‌ی دووه‌میان به‌ده‌ستهێناوه‌.‌

 

بارزان ئەکرەم

 

 

© 2017 Hawler