تشرینی دووەم 27, 2020

زیدان؛ واژۆكردنی هەر گرێبەستێكی لەم هاوینەدا ڕەت كردەوە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

زیدان؛ واژۆكردنی هەر گرێبەستێكی لەم هاوینەدا ڕەت كردەوە

زینەدین زیدانی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، ڕەتی كردەوە كە هیچ گرێبەستێكی دیكە بەم نزیكانە و لە ماوەی گواستنەوەی ئەم هاوینەیەدا بكەن.

دوای بردنەوەیان لە ریاڵ بێتس لە گەڕی سێیەمی لا لیگا، زیدان ئەوەی خستە روو، كە هەوڵ نادەن لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا هیچ گرێبەستێكی دیكە لەگەڵ یاریزانی نوێدا واژۆ بكەن.

زیدان وتی: هەمووان دەزانن كە ریاڵ مەدرید دەتوانێ باشتر بێ و ئەوەیشی كردووە، ناشمەوێ هیچ بۆندێكی نوێ واژۆ بكەین، پێشتر لەسەر ئەمە قسەمان كردووە، من بە پەیكەربەندیی ئێستەی تیپەكە و پێكهاتەكەم دڵخۆش و ئاسوودەم، هەوڵ دەدەین ئاستی بەرزتر پێشكەش بكەین.

بۆ بیرهێنانەوە، رۆژنامەی ئەی بی سی، دوێنێ دووپاتی كردەوە، كە ریاڵ مەدرید دەیەوێ بڕەپارەی پێویست بۆ هاوینی دادێ دەست بخا تا بۆند لەگەڵ ئمباپێدا واژۆ بكات و لە پاریسەوە بۆ مەدریدی بگوازێتەوە.

 

رۆبێرتۆ؛ هۆی مانەوە و بەردەوامبوونی لە بەرشلۆنە نازانێ

سێرجی رۆبێرتۆ، یاریزانی یانەی بەرشلۆنە، هیچ وەڵامێكی نەدۆزییەوە بۆ هۆی مانەوەی لە بەرشلۆنە و وابەستەبوونی كارگێڕیی یانەكە بۆ مانەوەی لە كاتەلۆنیا، بەڵام دوای مانەوەی دڵنیایی دا كە هەموو تواناكانی خۆی دەخاتە گەڕ لە پێناو یانەكەدا.

هەرچەندە ناوبراو پێی باش و گونجاو بوو یانەی بەرشلۆنە جێ بهێڵێت، بەڵام دواجار كارگێڕیی یانەكە ڕێی لەو هەوڵەی گرت و ناوبراو لە ریزەكانی یانە كاتەلۆنییەكەدا مایەوە.

رۆبێرتۆ، ئەوەیشی دووپات كردەوە، كە دەكۆشێت بۆ ئەوەی ببێتە یەكێك لەو یاریزانانەی كە راهێنەری یانەكەی رۆناڵد كۆمان پشتی پێ دەبەستێ.

ناوبراو، بە ئەستەم و سەختی زانی كە ئەنجامە گەورەكەیان بەرانبەر بایرن میونشن لە چامپیۆنس لیگ بیر بچێتەوە، بەڵام پێی وایە دوای دەستپێكردنی ركەبەریی نوێ، بووەتە شتێك لە رابردوو، ئەوەیشی وت كە نابێ ئەوە لە بیر بكەن، بۆ ئەوەی وایان لێ بكات لەم وەرزەدا بەهێزتر دەربكەون.

رۆبێرتۆ، ئەوەیشی وت، كە ئەوەی دەیانەوێ، ئەوەیە كە باشترین بۆ بەرشلۆنە بێ و یانەكە بە جۆرێك بگەڕێتەوە، شایان بە ناو و پێگەی خۆی بێ و ئەگەر پێویست بە گۆڕانكاری بكا، دەست پێ دەكەین.

لە بارەی بڕیاری رۆییشتنی سوارێز و كاریگەری لەسەر مێسی، وتی: بۆ مێسی، سوارێز وەك برا وابوو، هەموو رۆژێك پێكەوە بوون، بۆیە بۆ ئەو باش نەبوو كە سوارێز رۆیشت، ئەمە وەك جیابوونەوەیە لە هاوسەرەكەت، یان باشترین هاوڕێ، كارێكی ناخۆش و ئاڵۆزە.

 

كۆمان: رۆییشتنی سوارێز تەنیا بڕیاری من نەبوو

راهێنەری هۆڵەندیی یانەی بەرشلۆنە "رۆناڵد كۆمان"، ئەستۆپاكیی خۆی لە بابەتی نەمانی سوارێز لە بەرشلۆنە پیشان دا.

دوای ئەوەی لیۆنێل مێسی، ئەوەی خستە روو كە راهێنەر رۆناڵد كۆمان ڕێی داوە لویس سوارێز ئەم هاوینە ریزەكانیان جێ بهێڵێ، كۆمان بۆ دەربڕینی ئەستۆپاكیی خۆی، ڕایگەیاند كە ئەو تاكە كەس نەبووە كە ئەو بڕیارەی داوە.

كۆمان، لەو رووەوە، وتی: وا پیشان دەدرێ كە لەم بابەتەدا من كەسێكی خرپ بم، چونكە من قسەم لەگەڵ سوارێز كردووە، بەڵام من وەك كەسێك و وەك یاریزانیش ڕێزم بۆی هەیە.

وتیشی: من پێم وت كە ئەگەر دەمێنیتەوە، بۆت سەخت و ئاڵۆز دەبێت، چونكە بڕیاری مانەوە، بەشێكە لە كۆی گشتی كارەكە، پێش واژۆكردنم لەگەڵ بەرشلۆنە، یانەكە هەندێ بڕیاری دابوو و منیش پشتیوانیم كرد، كارەكە تەنیا من نەبوومە.

لە بارەی پەیامەكەی مێسی بۆ سوارێز، دوای نەمانی لە یانەكە، وتی: شتێكی سروشتی و ئاساییە كە مێسی بەو هۆیەوە هەست بە خەم و دڵتەنگی بكا، ئەوكاتەی یەكێك لە هاوڕێكانی لە یانەكە نامێنن.

ناوبراو، بۆ شوێنگرتنەوەی مێسی، وتی كە بەرشلۆنە بە دوای هێرشبەرێكدا دەگەڕێت بۆندی لەگەڵدا واژۆ بكات و لەو ڕووەوە ڕایگەیاند "ئێمە بەردەوام بە دوای ئەو یاریزانانەدا دەگەڕێین كە تیپەكە باشتر دەكەن، ئەو یاریزانانەی دەمانەوێ، ناتوانین بە هۆی دۆخی یانەكەوە دەستەبەریان بكەین، بەڵام من ئەمەم پێشتر زانیوە و قبووڵیشم كردووە.

 

 

© 2017 Hawler