تشرینی دووەم 27, 2020

شەشەمین پاڵەوانیەتی تێنسی ئەندازیار کەمال عەبدوڵڵای ده‌ستیپێكرد

ڕێکخراوی یاریزانانی تێنسی کوردستان شەشەمین پاڵەوانیەتی ئەندازیار کەمال عەبدوڵڵای کردەوە، پاڵەوانیەتیەکە کراوە دەبێت و زیاتر لە ١٨٥ یاریزان لە هەموو ئاستە جیاوازەکان بەشدارییان کردووە، کە لە زۆربەی شارەکانی عێڕاق و کوردستان هاتوون، یارییەکان ڕۆژانە لە یاریگەکانی ئەکوا پارک و پارکی پێشمەرگە بەڕێوەدەچن، بە گوتەی کەمال عەبدوڵڵا كه‌ سپۆنسه‌ری پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ ساڵ دوای ساڵ ئەو پاڵەوانیەتیە فراوان دەکەن و بەشێوازێکی جیاوازتر و پێشکەوتووتر ئەنجامی دەدەن.

 

ژمارەیەیەکی زۆری یاریزانان بەشدارییان کردووە

دەربارەی کردنەوەی پاڵەوانیەتیەکە و شێوازی بەڕێوەچوونی یارییەکان، لە لێدوانێکی تایبەت بە ڕۆژنامەی هەولێر ئەندازیار کەمال عەبدوڵڵا بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: ئەمە ساڵی شەشەمە لەسەر ئەرکی خۆم ئەو پاڵەوانیەتیە دەکەمەوە، ئەمساڵ ڕێکخراوی یاریزانانی تێنسی کوردستان بە سپۆنسەری من پاڵەوانیەتیەکەیان کردۆتەوە کە نزیکەی ١٩٠ یاریزان لە زۆربەی شارەکانی عێڕاق و کوردستان بەشدارییان کردووە، ژمارەی یارییەکان ٢٠٠ یاری دەبێت و هەفتەیەک ئەو پاڵەوانیەتیە بەردەوام دەبێت و یارییەکانیش لە یاریگەکانی ئەکوا پاڕک و پاڕکی پێشمەرگە بەڕێوەدەچن، هەوڵێشم داوە ساڵ دوای ساڵ پاڵەوانیەتیەکە گەورەتر و فراوانتر بکەم، ڕەنگە بۆ لەمەو دوا ساڵانە ئەم پاڵەوانیەتیە دوو جار بکەینەوە، ماوەیەکی تر دوای ئەم پاڵەوانیەتیە وەکو یەکیەتی تێنس لقی هەولێر پاڵەوانیەتیەکی تریش بکەینەوە و بەشێوازێکی گەورەتر و بەشداری سەدان یاریزان.

 

پاڵەوانیەتیەکی بەهێزە

کەمال عەبدوڵڵا کە سەرۆکی یەکیەتی لقی هەولێری یاری تێنسیشە زیاتر قسەی لەسەر پاڵەوانیەتیەکە کرد و گووتی: ئەو پاڵەوانیەتیە هۆکارێک بووە بۆ هێنان و کۆکردنەوەی یاریزانانی تێنس لەسەر ئاستی عێڕاق و لە هەموو تەمەنە جیاوازەکان، ئەمەیش پاڵەوانیەتیەکەی زیاتر بەهێز کردووە و ڕکەبەرییەکی زۆر لەنێوان یاریزانان بەدی دەکرێت.

هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە خەرجی مانەوەی بەشێک لەو یاریزانانەی کە لە دەرەوەی کوردستان هاتوون لەئەستۆ گرتووە لەگەڵ دابین کردنی خەڵاتەکانی پاڵەوانیەتیەکە، هەوڵیش دەدەن لە پاڵەوانیەتیەکانی داهاتوو خەڵات و دیارییەکان زیاد دەکەین و خەرجی یاریزانانی بەشداری پاڵەوانیەتیەکانیش دەدەین، ئاست بەرزی یاریزانانیش گڕوتینێکی زۆری بە پاڵەوانیەتیەکە داوە.

ئاستەکانی پاڵەوانیەتیەکە

گوتیشی ئەمساڵ یارییەکان لە ئاستی تەمەنەکانە و پاڵەوانەکانی عێڕاق لە پاڵەوانیەتیەکە بەشدارن، پاڵەوانیەتیەکە لەشەش ئاست پێکهاتووە کە بریتین لە ئاستی یاریزانانی پێشکەوتوان کە ٦٤ یاریزان بەشدارن و یاریزانە دێرینەکان کە لە ئاستی تاک و جووت یاری دەکەن، هەروەها ئاستی منداڵان کە لە تەمەنی کەمتر لە ٨ ساڵان کە ١٢ یاریزانن، ئاستی ١٠ ساڵان و ١٢ ساڵان و ١٥ ساڵان کە هەریەکەو ١٦ یاریزان بەشدارن، ئاستی پێشکەوتوان و دێرینرکان یارییەکانی بەشێوازی دۆڕان بە یەک یاری دەبێت، بەڵام ئاستەکانی تر یارییەکان بە شێوازی کۆمەڵە دەبێت.

 

پلانی پاڵەوانیەتیەکی گەورەی هەیە

سەرۆکی لقی هەولێری تێنس موژدەی ئەوەیشی بە یاریزانانە دێرینەکاندا کە پلانی ئەوەی هەیە لەسەر خەرجی خۆی لەساڵی داهاتوو، لەهەولێر پاڵەوانیەتیەکی فراوانی یاریزانانی وڵاتانی عەرەبی بکاتەوە، لەو بارەیەشەوە، قسەم لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی یاریزانان کردووە و کە لە وڵاتی ئەمریکایە، خۆشحاڵی خۆی بەو بیرۆکەیە دەربڕیوە و ئامادەیە هاوکاریمان بکات، باسی ئەوەیشی کرد کێشەی خراپی یاریگەکانیان هەیە، بەڵام ئەو گڕوتین و خۆشەویستیەی یاریزانان بۆ تێنسیان هەیە، فاکتەرێکی بەهێز دەبێت بۆ سەرکەوتنی کردنەوەی پاڵەوانیەتیەکی لەو جۆرە کە یاریزانان لەسەرجەم وڵاتانی عەرەبی بێن بۆ هەولێر و بەشداری بکەن، هەوڵێش دەدەین ئەو کەم و کورتیانەی لە یاریگەکان هەیە پێش دەسپێکردنی پاڵەوانیەتیەکە چاکی بکەین و بەشێوەیەکی باشتر پاڵەوانیەتیەکە بەڕێوە ببەین.

 

هێمن ئەسکەندەر

© 2017 Hawler