تشرینی دووەم 28, 2020

لارسۆن پێشنیاز دەكات بەرشلۆنە بۆ شوێنگرتنەوەی سوارێز پەنا بۆ ئیزاك ببات

پێش ئەوەی لە 5ـی مانگی دادێ ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان كۆتایی بێ، یانەی بەرشلۆنە دەیەوێ هێرشبەرێك بباتە ریزەكانییەوە و بۆ شوێنگرتنەوەی سوارێزیش، هێنریك لارسۆن، هێرشبەری پێشتری بەرشلۆنەیش، پێشنیازی ئەوە دەكات یانەی كاتەلۆنییەكە، یاریزانێكی هاونیشتمانیی خۆی بباتە ریزەكانییەوە.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیك لە یانەی بەرشلۆنە، ئەوەی بڵاو كردەوە، كە هێنریك لارسۆن، كە ئێستە یاریدەدەری رۆناڵد كۆمانی راهێنەری بەرشلۆنەیە، داوای لە یانەكەی كردووە بۆ شوێنگرتنەوەی لویس سوارێز، بۆند لەگەڵ ئەلێكسەندەر ئیسحاقی سوێدی بكەن.

ئەو یاریزانە تەمەن 21 ساڵانەی یانەی ریاڵ سۆسیداد، لەگەڵ یانەكەیدا ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردووە و لە رووی توانای جەستەییەوە خاوەن هێزێكی زۆرە و باڵایشی 190 سانتیمە.

لە رووی هونەرییشەوە، یاریزانێكی خێرایە و دەتوانێ بە باشی جڵەو بە تۆپ بكا و كۆنتڕۆڵی بكا.

وێڕای ئەو یاریزانە، دوای نەمانی سوارێز لە یانەی بەرشلۆنە، ئەو یانە كاتەلۆنییە، ئیدین دجیكۆیشی كردووە بە یەكێك لە ئامانجەكانی، بەڵام پێشنین یاریزان بۆ ئەو مەبەستەی شوێنی سوارێزی پێ پڕ بكاتەوە، ئیزاكە.

بەربەستی بەردەم بۆندی یاریزانە سوێدییەكە، داخوازییە زۆرەكەی سۆسیدادە، كە داوای 70 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی و دەستبەرداربوونی لەو یاریزانە دەكا.

كێشەكە زیاتر بوو، كاتێك یانە ئیسپانییەكە، ڕەتی كردەوە دانوستان بۆ كەمكردنەوەی ئەو بڕەپارەیە بدا.

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر و لە یەنایەردا بەرشلۆنە هەوڵی دەستخستنی ئەو یاریزانەی دا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.

بۆ زانین و بیرهێنانەوە، ئەو هێرشبەرە سویدییە لە 44 یاریی یانەی ریاڵ سۆسیداددا بەشداریی كردووە و 16 گۆڵی تۆمار كردووە، كە نۆ گۆڵی لە خولی ئیسپانیا و 7 گۆڵی لە جامی شای ئیسپانیا بووە.

 

 

© 2017 Hawler