تشرینی یەکەم 20, 2020

یانەی هەولێر بە پلانێکی جیاواز ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێڕاق ده‌ستپێكرد

چەند ڕۆژێکە تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر بەشدار لە خولی نایابی عێڕاق، دەستی کردووە بە مەشق و ئامادەکارییەکان بۆ یارییەکانی وەرزی نوێی خولەکە، کە بڕیار وایە یەکەم وەشانی یارییەکان لە ٢٥ ی مانگی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچن، هەولێر دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی ڕاهێنەر ڕادان کاسانیچی کڕواتی، بە پلانێکی جیاواز بەشداری خولەکە دەکات، کە بریتیە بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک یاریزانی لاوی خولەکانی کوردستان و هێنانی ٤ یاریزانی پیشەگەر لەدەرەوەی عێڕاق.

 

بەپلانێکی جیاواز بەشداری دەکەن

لەسەر ئامادەکارییەکانی یانەی هەولێر بۆ یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق هەریەک لە عەبدوڵڵا مەجید سەرۆکی یانەکە و ڕادان کاسانیچ بەم جۆرە قسەیان بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد، لە دەسپێکدا دکتۆر عەبدوڵڵا مەجید قسەی کرد و گووتی: دۆخی یانەی هەولێر وا دەخوازێت، ئەم وەرزە بە پلانێکی جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو بەشداری یارییەکانی خولی نایابی عێڕاق بکەین، ئەویش بریتیە لە پشت بەستن بە کۆمەڵێک یاریزانی لاو کە لە خولەکانی کوردستان یاریدەکەن، جگە لە مانەوەی بەشێک لە یاریزانە کوردەکانی خۆمان کە لە ساڵانی ڕابردوو لە تیپەکە یارییان دەکرد، لە پلانماندانیە ئەم وەرزە هیچ یاریزانێکی بەڕەگەز عەرەب بهێنین، چونکە ئەو یاریزانەی لەگەڵ بودجەی یانەی هەولێر دەگونجێت ئەو ئاستەیان نیە، کە بتوانێت ئاستێکی باش پێشکەش بکات، بۆیە پێمان باش بوو پشت بە یاریزانە کوردەکان و هێنانی سێ تا چوار یاریزانی بیانی ببەستین و تا ئاستی تیپەکە بەرزبکەنەوە.

گووتیشی بەو توانا داراییەی کە یانەی هەولێر هەیەتی، ناتوانێت ڕکەبەری لەسەر ئەنجامی باش بکەین، پێویستە هاندەرانیش ئەوە بزانن، بۆیە داواکاریمان لە ڕاهێنەر ئەوەیە کە تیپێکی باش دروست بکات، گەشبینیشم بەو پلانەی کە ئێمە دامانڕشتووە بتوانین ئەنجامی باش بەدەست بهێنین.

دەربارەی ئەوەی کە بەو پێکهاتەیە ترسی ئەوەیان نیە کە لە پلەکانی خوارەوە بێن و مەترسی دابەزینیان لەسەر نابێت، سەرۆکی یانەی هەولێر گووتی: سەنگ و قورسایی ناوی هەولێر لە خولی عێڕاق زۆرەو پێم وانیە بگەینە ئەوەی کە ترسی دابەزینمان لەسەر بێت.

لەسەر هێنانی یاریزانە پیشەگەرەکانیش گووتی: پێویستە ڕاهێنەر ئەو یاریزانانە ببینێت و خۆی بڕیار لەسەر ئاستیان بدات.

 

خۆشحاڵە بە گەڕانەوەی بۆ هەولێر

پێش دەسپێکردنی یەکەم یەکەی مەشقی هەولێر بۆ یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق (ڕادان کاسانیچ) ی ڕاهێنەری هەولێر قسەی بۆ کەناڵەکانی میدیا کرد و گووتی: خۆشحاڵم کە جارێکی تر گەڕامەوە هەولێر بۆ مەشق پێکردنەوەی یانەکە، کۆمەڵێک یاریزان ئیستە لەگەڵمان مەشق دەکەن و چاوەڕێی یاریزانە پیشەگەرەکان دەکەین کە لە دوو هەفتەی داهاتوودا یەکلای دەبێتەوە، پێکهاتەی ئێستەمان زیاتر یاریزانی لاون و هەوڵی دروستکردنی تیپی باش دەدەین و ئامانجیشمان ئەوەیە ئاست و ئەنجامێکی باش بۆ یانەی هەولێر بەدەستبهێنین.

جێگەی باسە جگە لەو یاریزانە کوردانەی کە وەرزی ڕابردوو لە تیپەکە یارییان دەکرد، هەولێر پێنج یاریزانی تریشی گواستۆتەوە کە هەریەک لە هەڵۆ فایەق لەیانەی شێروانە و مەحەمەد دلاوەر لە یانەی سیروانی نوێ و دیار عەلی و شێروان کوردستان لە یانەی نەورۆز دیدار غازی لەیانەی پێشمەرگەی هەولێر، هەروەها چەند یاریزانێکی تیپی لاوانی هەولێریش بۆ تیپەکە سەرخراون، جگە لەوە یانەی هەولێر ئەم وەرزە گرێبەستی لەگەڵ ڕاهێنەری توانای جەستەیی بەڕەگەز کڕواتی (دوجی باکۆڤیچ) واژوو کردووە

بڕیاریش وایە لە ٢٩ ی ئەم مانگە لەشاری بەغدا تیروپشکی ئەم وەرزەی خولەکە ئەنجام بدرێت کە بەبەشداری ٢٠ یانە بەشوازی خول بەڕێوەدەچێت،

 

هێمن ئەسکەندەر

 

© 2017 Hawler