ئەیلول 30, 2020

چارەنووسی بەیڵ دیار نییە و مانەوەی لە ریاڵ زیانی لێ دەدا

ارۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

چارەنووسی بەیڵ دیار نییە و مانەوەی لە ریاڵ زیانی لێ دەدا

دواجار گاریس بەیڵ، یاریزانی وێڵزی یانەی ریاڵ مەدرید، گەیشتە ئەو بڕوایەی باشترە بچێتە ریزەكانی یانەیەكی دیكە، ئەمە لە كاتێكدایە ناوبراو بۆ وەرزی دادێ لە دەرەوەی پلانی راهێنەردایە.

هێشتا چارەنووسی بەیڵ دیار نییە و هیچ یانەیەكیش بۆندی پێشكەش نەكردووە، بە تایبەت كە وەرزێكی خراپی بەڕێ كرد و چەند یارییەكیش لە یاریكردن دوور كەوتەوە و یانەكەیشی بە دوای دەرچەیەكدا دەگەڕێ بۆ بەڕێكردنی، تەنانەت ئەگەر بە شێوەی خۆڕاییش بێ، لە كاتێكدا بەیڵ سوور بوو لەسەر مانەوەی و بەردەوامبوون لە ریاڵ مەدرید، بەو پێیەی دەركی بەوە كردبوو كە هیچ یانەیەكی ئەو مووچەیەی پێ نادات كە لە ریاڵ مەدرید هەیەتی.

ئەمە لە كاتێكدایە، كە بەیڵ لە پلانی یانەی مانچستەر یونایتد و راهێنەر سۆڵشایەر بە دوور نییە، تەنانەت بەیڵ وەك بژاردەیەكی جێگرەوەیە، لە باری سەرنەكەوتن لە بۆندی گادۆن سانشۆدا لە یانەی بوڕوسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانییەوە، كە زیاتر لە هۆكارێك وا دەكەن ئەم بۆندە سەرنەگرێت، دیارترینیان لایەنی مادی و ڕەتكردنەوەی یانە ئەڵمانییەكەیە، كە نایانەوێ دەستبەرداری بن.

مان یوو، متمانەی بە تواناكانی بەیڵ هەیە، هەروەها لایەنی بازرگانییشی ڕەچاو كردووە.

بەیڵ ئێستە چاوەڕوانی داهاتووویەكی نوێ و باشە، بە تایبەت ئەگەر لە ریاڵ مەدرید بمێنێتەوە، واتەی ئەوەیە هیچ یارییەك بەشداری پێ ناكرێت، ئەمەیش دواتەی دووركەوتنەوەیەتی لە یۆرۆی 2020 لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی، كە بە هۆی كۆرۆناوە بۆ 2021 دواخرا.

 

ئمباپێ، مشتومڕێ نێوان ریاڵ و بەرشەی كۆتایی پێ هێنا

یاریزانی نێونەتەوەیی فەرەنسی كیلیان ئمباپێ، كە بە یەكێك لە دیارترین ئەو ئەستێرانە دادەنرێ كە بۆ جێگرتنەوەی مێسی و رۆناڵدۆ چاوەڕێ كراون، مشتومڕی نێوان ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنەی نەهێشت و خوازیارە بچێتە ریزەكانی یانەی شایانە.

ناوبراو پێش چەند رۆژێك، ئەوەی ڕاگەیاند، كە دەیەوێ ریزەكانی پی ئێس جی جێ بهێڵێت و ئەو كارەی بۆ هاوینی دادێ داناوە، بۆیە هەردوو یانەكەی ئیسپانیا ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە سەرنجی زیاتریان خستە سەر، بەڵام بەرنامەی لە چێرنجیتۆدا، ئەوە ئاشكرا كرا، كە ئمباپێ دەیەوێ بۆ یانەی ریاڵ مەدرید بگوازرێتەوە و لەو پێناوەیشدا ئامادەیە بە پارە و ماڵ قوربانی بدات، كە لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەكەیدایە.

روونیش كراوەتەوە، كە كارگێڕیی ریاڵ مەدرید، تا ئێستە هیچ بۆندێكی پێشكەشی ناوبراو نەكردووە، دەیانەوێت لەگەڵ بەرپرسانی یانە پاریسییەكە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و لەو رووەوە گفتوگۆ بكەن.

بۆ زانین و بیرهێنانەوە، لە باری چوونی ئمباپێ بۆ ریاڵ مەدرید، بەرپرسانی یانەكە هەموو شتێك بۆ ئەو یاریزانە پێكەوە دەنێن.

 

كۆمان شێوازە پەیڕەوكراوەكەی بەرشلۆنەی شكاند

راهێنەری هۆڵەندی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، ئامادەكارییەكانی بە چڕی دەست پێ كرد، بۆ پێكەوەنانی تیپێكی زۆر باش، بە تایبەت كە وەرزی رابردوو رووبەرووی جۆرێك لە كارەسات بوونەوە، لەو پێناوەیشدا ئەو قەدەغەكراوانە لا دەبات كە پێشتر لە یانەكەدا هەبوون.

لە دیارترین ئەو خاڵانە، كە دەستی بە شكاندنی كرد، یاریكردنە بە شێوازی 4-2-3-1، لە بری یاریكردن بە شێوازی 4-3-3، كە ساڵانێكە بەرشلۆنە بەو شێوازە یاری دەكات، كە سەرچاوەكەی لە پێپ گواردیۆلای راهێنەرەوە دەستی پێ كرد، لەو كاتەی لە 2008ـدا ئەركی راهێنەرایەتیی یانە كاتەلۆنییەكەی لە ئەستۆ گرت و ئەنجامی ناوازە و چاوەڕێنەكراوی بە دەست هێنا.

پێش كۆمانیش، فرانك ریكارد هەمان شێوازی یاریكردنی پەیڕەو دەكرد، كە ئەویش چەند ناسناوێكی بۆ یانە كاتەلۆنییەكە بردەوە، پێش ئەوەی دوور بخرێتەوە و بە گواردیۆلا شوێنەكەی پڕ بكرێتەوە.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، ئاماژەی بەوە كردووە، كە كۆمان یاریی ئامادەكاریی وەرزی بەو شێوازە 4-2-3-1 ئەنجام داوە.

ئەوە ڕوونە، كە كۆمان بە تەواوی لە پلانی 4-3-3 دوور كەوتووەتەوە و دەیەوێ زیاتر سوود لە فلیپ كۆتینیۆ و ئەنتوان گریزمان ببینێ، كە لە وەرزی رابردوو و بەو شێوازە یارییەی یانەكە پەیڕەوی دەكرد، باش دەرنەكەوتن.

كۆتینۆ و تەنانەت گریزمانیش، دەتوانن لە پشت هێرشبەری سەرەڕمەوە یاری بكەن لە هاوشان لیۆنێل مێسی، یان ئەنسۆ فاتی و یان عوسمان دێمبلی لە لای چەپەوە، ئەمەیش هێزێكی تایبەت بە هێڵی پێشەوەی تیپەكە دەدا.

 

مامەیارە ئەحمد

دواترین دەستکاریکردن لەسەر چوار شەممە, 16 ئەیلول 2020 08:39
© 2017 Hawler