ئەیلول 30, 2020

کار و بزاوتەكانی گرووپی ئۆفرۆدی کوردستان بۆ پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل لە شوێنە سەخت و داخراوەکان دەخاتە ڕوو

گرووپی ئۆفرۆدی کوردستان بۆ پێشبڕکێیەکانی ئۆتۆمبێل لە شوێنە سەخت و داخراوەکان لە ساڵی ٢٠٠٧ وە دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠١٨ وە بە فەرمی لەلایەن حکومەتەوە مۆڵەتی فەرمی پێدراوە، لە کوردستانیش تا ئێستە چەند جارێک و لە وەرزی زستان و وەرزەکانی تر پێشبڕکێکانی ئۆتۆمبێل بەڕێوەچووە، هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەیشی کە بەشداری دەکەن بەشێوەی ستانداردی جیهانی ئامادەکراون و شوێنی بەڕێوەچوونی پێشبڕکێکانێش بەشێوەیەکی ستاندارد دروست کراوە.

 

لە تورکیا و ئێران بەشداری پێشبڕکێیەکانی ئەو یارییەیان کردووە

دەربارەی کاروچالاکیەکانی گروپی ئۆفرۆدی کوردستان بۆ پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل لە شوێنە سەخت و داخراوەکان دیموکرات ئیسماعیل، سەرۆکی گروپەکە بەمجۆرە قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد و گووتی: لەساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوین و لە ساڵی ٢٠١٨ مۆڵەتی فەرمیمان لە حکومەت وەرگرتووە، پێشتر گروپەکەمان لە وڵاتانی تورکیا و ئێران بەشداری پێشبڕکێکانی ئەو یارییەی کردووە و ئەنجامی باشیشمان بە دەستهێناوە، هەر لەوێیش سەیری یاریگە و شوێنی ئەنجامدانی پێشبڕکێکانمان کردووە لە کوردستان بە هەمان ستاندار دروستمان کردۆتەوە.

هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە ئەوان ویستویانە لە پێشبڕکێ جیهانیەکانیش بەشداری بکەن، بەڵام بەهۆی کێشەی نەبوونی ڤیزا و گواستنەوەی سەیارەکان بۆ ئەو وڵاتانە نەیانتوانیوە بەشدار بن.

 

گەورەترین فێستیڤاڵ ئەنجام درا

بۆ یەکەمجاریش لەسەر ئاستی کوردستان و عێڕاق لە هەولێر بەبەشداری زیاتر لە ١٠٠ ئۆتۆمبێل ڤیستڤاڵی ئۆتۆمبێلی فۆڕ بای فۆڕ بۆ شوێنە سەخت و داخراوەکان بەڕێوەچوو، کە چەندین شوفێر لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و عێڕاق بەشدارییان کرد بوو، دەربارەی ئەرک و خەرجیەکانی ئەو ڤیستڤاڵەیش سەرۆکی گروپی ئۆفرۆدی کوردستان گووتی: بۆ ئەم ڤیستڤاڵە چەند کۆمپانیایەک سپۆنسەرییان کردین و جەرجی و خەڵاتەکانیان دابین کرد، ئاماژەی بەوەیش کرد کە هەر شۆفێرێک بەشداری پێشبڕکێکانی یاری ئۆفرۆدی بکات، مەرجە کە ئۆتۆمبێلەکەی ٤ ئینج بڵند کرابێت بەپێی ستاندارد، تایە و دەبڵ و لەف و ژێرەوەی ئۆتۆمبێلەکە بۆ ئەو سەختیە بگونجێت و ئامادەکرابێت و هەموو مەرجی سەلامەتی شوفێرەکە لە ئەستۆی خۆیەتی.

 

کار و پلانیان چییە؟

دیموکرات ئیسماعیل، سەرۆکی گروپی ئۆفرۆدی کوردستان باسی پلانی داهاتووی گروپەکەیانی کرد و گووتی: بۆ ئەنجامدانی چالاکی و پێشبڕکێی تر پێویستمان بە هاوکاری ماددی و سپۆنسەری زیاترە، چونکە ئەو یارییە ئەرکی زەحمەتە و کارێکی ئاسان نیە، ئەو یارییە هاوادار و هاندەرێکی زۆری هەیە کە لە پێشبڕکێکان ڕێگەی دوور دەبڕن و دێن بۆ بینیی نمایشە سەرنج ڕاکێشەکانی ئۆتۆمبێلەکان، بۆیە پێویستمان بە پاڵشتی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار هەیە.

گوتیشی ئەگەرچی ئەو یارییە زیاتر لە وەرزی زستان و شوێنە سەختەکان ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەو یاریگەی کە لە سەیرانگەی هەنارە دروستیان کردووە تێکی نادەن و پلانمان هەیە لە وەرزی بەهار لە جەژنی نەورۆزدا و لەناو سروشت ڤیستیڤاڵێکی گەورە ئەنجام بدەن.

 

داواکارییان چییە؟

لە کۆتا پەیڤیدا سەرۆکی گروپی ئۆفرۆدی کوردستان بۆ پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل لە شوێنە سەخت و داخراوەکان گووتی: داوا لە حکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری دەکەین، کە هاوکاری زیاترمان بکات، داواتنامەی زۆرمان بۆ دێت لە وڵاتانی دەرەوە، بەڵام ناتوانین بەشداری بکەین، وڵاتانی تورکیاو ئێران و ئوردن حەزیان کرد بێنە کوردستان و بەشداری ڤیستڤاڵەکەی ئێمە بکەن، بەڵام لەبەر نەبوونی داراییەکی باش نەمانتوانی داوەتیان بکەین، باسی ئەوەیشی کرد کە هەر پێشبڕکێیەک ئەنجام دەدەن لەڕێگەی پەیجی فەرمی گروپەکەیان ئاگاداری بڵاو دەکەنەوە و هەر شۆفێرێک بیەوەێت بەشداری بکات، دەتوانێت ناوی تۆماربکات، خۆیشمان وەکو گروپی ئۆفرۆدی کوردستان زیاتر لە ٤٠ ئۆتۆمبێل بەفەرمی سەر بە ئێمەن.

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler