تشرینی یەکەم 20, 2020

هیگواین ماڵئاوایی له یوڤێنتۆس دهكــــــــــــات

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی وه‌رزی نوێ، هه‌واڵی خوله‌كانی ئه‌ورووپا و ئاسیا گه‌رمتر ده‌بن، وه‌رزی وه‌رزش و لاوانی عێراقیش په‌یامێك ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م یه‌كێتییه‌ وه‌رزشییه‌كان ده‌كات. 

مێسی ئیتاڵیا تووشی پێكانێكی ترسناك بوو

نیكۆلۆ زانیۆلۆ ئه‌ستێره‌ی لاوی رۆما و هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا كه‌ به‌ مێسی ئیتاڵیا ناسراوه‌ له‌ ماوه‌ی 9 مانگ بۆ جاری دووه‌م تووشی پچڕانی به‌سته‌ره‌كانی ئه‌ژنۆی بوو.

زانیۆلۆ له‌ یاریی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی به‌رامبه‌ر هۆڵه‌ندا له‌ خوله‌كی 40 تووشی پێكان بوو، له‌ ئه‌نجامی پشكنینه‌كانی دوێنێ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ پێكانه‌كه‌ی له‌ به‌سته‌ره‌كانی ئه‌ژنۆیه‌تی.

زانیۆلۆ كه‌ له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ له‌ ئه‌ژنۆی راستی تووشی چرانی به‌سته‌ره‌كان بوو، دوای نۆ مانگ جارێكی تووشی هه‌مان پێكان بوو به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌ ئه‌ژنۆی چه‌پی له‌ كاتێكدا ته‌مه‌نی ته‌نیا 21 ساڵه‌ و پێشبینی ده‌كرێت شه‌ش مانگی دیكه‌ش له‌ یاریگه‌كان دوور بكه‌وێته‌وه‌.

 

خامیس رۆدریگێز گه‌ڕایه‌وه‌ لای ئانچیلۆتی

بە شیوەیەکی فەرمی خامێس رۆدریگێز ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی کرد، ریال مه‌درید له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا سووپاسی ئه‌ستێره‌ كۆلۆمبییه‌كه‌ی كرد و نووسیویه‌تی: خامیس یه‌كێك بوو له‌ جوانترین نموونه‌ی كه‌سایه‌تی یانه‌كه‌.

ماڵپەری فەرمی یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی دواجار لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لەسەر گواستنەوەی خامێس رۆدریگێز ناوەڕاستکاری کۆڵۆمبی گەیشتنە رێکەوتن و ئەو یاریزانە بۆ ماوەی دوو وەرز گرێبەستەکەی واژۆ کرا، هەرچەندە ئەو یانەیە تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی بە تێچووی گرێبەستەکە نەکردووە، بەڵام سەرچاوەکان بڵاوییان کردووە کە ئەو یاریزانە بەرامبەر 22 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بەم یانەوە کردووە.

ئێڤەرتۆن کە کارلۆ ئانچێلۆتی ئیتاڵی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە دەکات، پێشتر خامێس لەگەڵ ئەو راهێنەرە لە ریال مەدرید کاری کردووە و ئەو کاتە توانی 13 گۆڵ و 13 ئاسیست له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌و راهێنه‌ره‌ ئیتاڵییه‌ بكات.

خامیس رۆدریگێز دوای ماڵئاواییكردنی له‌ یانه‌ی ریال مه‌درید په‌یامێكی له‌ تویته‌ر بۆ هانده‌رانی نووسیوه‌ و ده‌ڵێت: سووپاستان ده‌كه‌م، هه‌موو كاتێك پشتگیری منتان كردووه‌.

 

هیگواین به‌ره‌و ئه‌مریكا ده‌كه‌وێته‌ ڕێ

دیڤید بێكهام خاوه‌نی یانه‌ی ئینته‌ر میامی ئیتاڵیا له‌گه‌ڵ گۆنزالۆ هیگواین گه‌یشتۆته‌ رێككه‌وتن و له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوو گرێبه‌سته‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌ندرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی گۆنزالۆ هیگواین له‌ ئیتاڵیایه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی یاریزانه‌ ئارجێنتینیه‌كه‌ بۆ یانه‌ی ئینته‌ر میامی ئه‌مریكی.

تۆڕی سكای سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویكرده‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی هیگواین كه‌ نیكۆلاسی برایه‌تی له‌گه‌ڵ یانه‌ی یوڤێنتۆس ده‌ستی به‌ گفتوگۆ كردووه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌م ئه‌ستێره‌ ئارجێنیتنیه‌ و گواستنه‌وه‌ی بۆ یانه‌ی ئینته‌ر میامی ئه‌مریكی، كه‌ ئه‌م یانه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌یڤد بێكهامی ئینگلیزیه‌وه‌ خاوه‌ندارێتی ده‌كرێت

هیگواینی ته‌مه‌ن 32 ساڵ، پێشتر له‌ یانه‌ی ریڤه‌ر پله‌یت پێگه‌یشتووه‌، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ 2007 له‌ ده‌رگه‌ی یانه‌ی ریال مه‌درید په‌یوه‌ندی به‌ خوله‌كانی ئه‌ورووپا كرد، پاشان یانه‌كانی ناپۆلی، میلان و چێڵسی تاقی كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ یانه‌ی یوڤێنتۆسیش له‌ كۆی 149 یاری، 66 گۆڵ و 16 ئاسیستی كردووه‌.

گرێبه‌سته‌كه‌ی هیگواین له‌ هاوینی ساڵی داهاتوو له‌گه‌ڵ یوڤی كۆتایی دێت و مووچه‌ی ئه‌م یاریزانه‌ ده‌گاته‌ حه‌وت ملیۆن یۆرۆ، ئاندریا پێرلۆی راهێنه‌ریش به‌ یاریزانه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌ له‌ پلانه‌كانی نییه‌ بۆ وه‌رزی داهاتوو.

 

ئیتۆ: هازارد له‌ ئاستی مێسی دای

ساموێل ئیتۆ كه‌ پێشتر بۆ ماوه‌ی 5 وه‌رز له‌ ریزه‌كانی بارسێلۆنا یاریكردووه‌ له‌ دیمانه‌یه‌كدا كه‌ له‌ پێگه‌ی ئاسی ئیسپانیا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئیدین هازارد له‌ ئاستی مێسی دایه‌، ده‌شڵێت: دڵخۆشم كه‌ مێسی كوڕم بڕیاری مانه‌وه‌ی له‌ بارسێلۆنا دا، كارێكی باشی كرد

ئیتۆ ده‌شڵێت: بارسێلۆنا پێویسته‌ ئه‌و یاریزانانه‌ بگوازێته‌وه‌ كه‌ به‌شێوازی تیكی تاكا یاری ده‌كه‌ن، نابێت پشت به‌و یاریزانانه‌ ببه‌ستێت كه‌ تۆپ له‌ ناوچه‌ی سزای خۆیان بۆ ناوچه‌ی سزای تیپی به‌رامبه‌ر فڕێ ده‌ده‌ن.

ئیتۆ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی بارسێلۆنا نه‌مانی ئه‌و یاریزانانه‌یه‌ كه‌ خوێنی بارسێلۆنایان له‌ ناخدا هه‌یه‌.

هێرشبه‌ره‌ كامیرۆنییه‌كه‌ گوتیشی: ئێستا مێسی به‌ ته‌نیایه‌، ده‌ورووبه‌ره‌كه‌ی لێی تێ ناگه‌ن، بارسێلۆنا پێویسته‌ به‌ هه‌مان شێوازی سه‌رده‌می پێشووی كاربكات، ئه‌و یاریزانانه‌ بگوازێته‌وه‌ كه‌ له‌ شێوازی یاریكردنی تیپه‌كه‌ نزیكن، نه‌ك به‌ هه‌ڕه‌مه‌كی گرێبه‌ستی گه‌وره‌ بكه‌ن.

ئیتۆ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌ندرێس ئینیێستا باشترین یاریزانه‌ كه‌ له‌ كاروانی وه‌رزشی خۆی هاوشانی یاری كردووه‌.

ساموێل ئیتۆی ته‌مه‌ن 39 ساڵان دوو نازناوی چامپیۆنزلیگی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا بردووه‌ته‌وه‌ له‌ كۆی 199 یاری 130 گۆڵ و 40 ئاسیستی كردووه‌.

 

خولی نایابی عێراق ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

عه‌دنان درجاڵ وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی عێراق نووسراوێكی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م یه‌كێتییه‌ وه‌رزشییه‌كان كردووه‌ كه‌ ده‌ست به‌ چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كان بكه‌نه‌وه‌. عه‌دنان درجاڵ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ره‌زامه‌ندییان له‌ حكوومه‌ت و لێژنه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا وه‌رگرتووه‌ كه‌ به‌پشتبه‌ستن به‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان خوله‌كان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

وه‌زیری وه‌رزش و لاوان داوای له‌ سه‌رجه‌م فیدراسیۆنه‌ وه‌رزشییه‌كانی عێراق ده‌كات پلان بۆ رێكخستنه‌وه‌ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خوله‌كان دابڕێژن و ده‌رفه‌تی وه‌رزشكردن بۆ گه‌نج و لاوان بڕه‌خسێننه‌وه‌.

ده‌سته‌ی كاتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاری داوه‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتوو پلانی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خولی نایاب و لاوان و پله‌یه‌كی عێراق رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام هێشتا سیسته‌می به‌ڕێوه‌چوونی خوله‌كه‌ روون نییه‌ و پێشبینی ئه‌وه‌ كراوه‌ به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا خولی نایابی عێراق به‌شێوازی دوو كۆمه‌ڵه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.

  

ئەسعەد ئیسماعیل - هەولێر

© 2017 Hawler