ئەیلول 25, 2020

هانده رێكی یانه ی هه ولێر مێژووی 33 ساڵی یانه كه ده نووسێته وه

په‌یام فه‌تحوڵڵا، هانده‌رێكی سه‌رسه‌ختی یانه‌ی هه‌ولێره‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌ڵساوه‌ به‌ نووسینه‌وه‌ی مێژووی 33 ساڵه‌ی رابردووی یانه‌كه‌ی و له‌ كتێبێكدا چاپیكردووه‌، زانیارییه‌كانی لە دوو توێی کتێبێکی چاپکراودا خستووه‌ته‌ بەر دەستی خوێنەران و وەرزش دۆستانی کوردستان، بە ناونیشانی یانەی وەرزشی هەولێر، ئەزموون و ئەرشیفی 33 ساڵی رابردوو.

 

په‌یام بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وتی: ئەم کتێبە له‌ نووسین و ئەرشیف کردنی سەرجەم ئەنجام و وردەکارییەکانی یانەی هەولێرە، كه‌ لە ماوەی 33 ساڵی رابردوودا روویداوه‌، بۆ یه‌كه‌مجاریش لە ساڵی 1992 دەستم کرد بە دۆکیۆمێنت كردنی بایه‌ته‌كان كرد، وە سەرجەمی بە شێوازی دەست نووس لام پارێزراوە، ماوەی نووسینی کتێبەکە خۆی زیاتر لە 7 ساڵ دەدات کە لەو ماوەیەدا بە پێی توانا و کات ئاماده‌كاری هو شه‌ونخوونیمان بۆی كردووه‌.

په‌یام له‌سه‌ر پرسی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ گوتی: ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌ بریتیە لە باسکردنی مێژووی یانەی هەولێر، لە ماوەی نێوان ساڵانی (1987-2020)، ئەمەش لە چوارچێوەی پێنج بەشدا لەم کتێبە باسکراوە، کە هەر بەشێك لەم بەشانە چەند بابەتێك لەخۆ دەگرێت.

 بەشی یەکەم بریتیە لە باسکردنی پوختەیەکی مێژوویی دەربارەی یانەی وەرزشی هەولێر و هەروەها گرنگترین ئەنجامەکانی یانەی وەرزشی هەولێر لە چوارچێوەی بەشداری کردنە فەرمیەکانی یانەکە لە خول و پاڵەوانێتیەکان وەک خولی نایاب و پلەیەکی عێڕاق، جامی عێڕاق، خولی یانە پاڵەوانەکانی عەرەب، خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، جامی یەکێتی ئاسیا، ئەمە جگە لەوەی ئاماژە بە ئەنجامی بەشێکی زۆر لە یارییە دۆستانەکان کراوە.

بەشی دووەم بریتیە لە باسکردن لە چەندین زانیاری جۆراوجۆر دەربارەی یانەکە و ئەو دەستکەوتانەی یانەکە بە دەستیهێناوە هەروەها گرنگترین رووداوەکانی ماوەی ئەو 33 ساڵە.

بەشی سێیەم بریتیە لە باسکردن فاکتەرەکانی سەرکەوتنی یانەکە لە ماوەیه‌دا، کە بریتین لە دەستەی کارگێڕی یانەکە، ئەستێرەکانی یانەی هه‌ولێر، گۆڵکه‌رانی یانەکە، هاندەران، دەزگاکانی راگەیاندن، رۆڵی حکومەتی لە هەرێم.

بەشی چوارەم، تایبەتە بە ئەنجامەکانی یانەی وەرزشی هەولێر لە خولی نایابی کوردستان.

بەشی پێنجەم، بریتیە لە وێنە و پاشکۆکانی ئەم کتێبە کە خۆی لە وێنە و چەندین دەستنووس دەبینێتەوە، کە سوودی لێوەرگیراوە بۆ نووسینی ئەم کتێبە ده‌شڵێت: لەم کتێبەدا هەوڵم داوە زۆر بە ووردی بابەتەکان بنوەسرێتەوە تاوەکو سەرجەم وەرزشوانان ئاشنای مێژووی یانەکەیان لەو ماوەیەی، کە باسکراوە چونکە ناکرێت ئەم مێژووە لەەیاد بکرێت و ماندووبوونی کەسانێکی زۆر لەبیر بکرێت، بەڵکو دەبێت ئەوانەی رۆڵیان هەبووە ناویان بخرێتە نێو لاپەڕەکانی مێژوو بە تایبەتی مێژووی یانەی هەولێر بە تایبەتی و وەرزشی کوردستان بە گشتی.

نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ هه‌ستی خۆی بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر ئاشكرا كردوو گوتی: زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم وەکو گەنجێکی شاری هەولێر و هاندەرێکی دێرینی ئەم یانەیە توانیم ئەم ئەرکە پیرۆزە بەجێ بگەیەنم بەرانبەر بە یانەکەم. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم کاری جوانتر و باشتر پێشکەش بە رەوتی وەرزش لە کوردستان بکەم، وە لە پڕۆگرامم دایە لە داهاتوودا چەند کارێکی دیکەی ئەرشیفی لە بواری وەرزش ئاماد بکەم و بە تایبەتی خولی نایابی کوردستان وە پێشکەشی بە خوێنەری کوردی و وەرزش دۆستانی بکەم وە هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم کارانە لەبەرچاو بگرن و بایەخی زیاتر بە ئەرشیف و مێژووی یانە و خولەکان بدەن.

 

بیۆگرافیا

پەیام فتح الله رسول، لەدایک بووی 1983، شاری هەولێره‌، خاوەن بڕوانامەی ماستەره‌ لە بەشی کۆمەڵناسی، هاندەری یانەی وەرزشی هەولێر بۆ ماوەی (30) ساڵ، كارمه‌نده‌ له‌ وه‌زاره‌تی كارباری كۆمه‌ڵایه‌تی. بارزان ئەکرەم - هەولێر

دواترین دەستکاریکردن لەسەر چوار شەممە, 09 ئەیلول 2020 09:48
© 2017 Hawler