تشرینی یەکەم 17, 2019

بوفۆن: هه‌رگیز شه‌وی دزی و خیانه‌ته‌كه‌ی نێو یاریگه‌ی بێرنابیۆم له‌بیر ناچێت

یارییەكەی نێوان یۆڤنتوس و ڕیاڵ مەدرید چووە پاڵ مێژوو و ڕەنگە دوای ماوەیەیك دیكە كەس باسیشی نەكات، بەڵام ئێستە باس و خواسێكی زۆری لەسەرە و شارەزایانی تۆپی پێ هەموویان لەسەر لێدانە سزاكەی ڕۆناڵدۆ لە دوایین چركەساتی یارییەكە كۆك نین و تەنانەت هەڵسووكەوتی بۆفۆنی گۆڵچیش مشتومڕێكی زۆری لەسەرە.

گۆڵچی و كاپتنی یانەی تۆپی پێی یۆڤنتوس نەتەنیا سەبارەت بە هێرشكردن و قسەپێگوتن بە ناوبژیوانی نێوان یۆڤنتوس و ڕیاڵ مەدرید پەشیمان نییە، بەڵكوو ئێستەش لێی تووڕەیە و بە دز ناوی دەبات.
دوای یاری گەڕانەوەی نێوان یۆڤنتوس و ڕیاڵ مەدرید كە تیایدا جانلویجی بۆفۆن سەبارەت بە فیكەی لێدانی سزا هەڵیكوتایە سەر ناوبژیوانی ئینگلیزی و زۆر قسەی نەشیاوی پێ گوت، كۆمەڵە یاریزانێكی پێشوو كاردانەوەیان بەرانبەر ناوبراو هەبوو و گۆڤاری گاتزتا دلواسپۆرتێش بە مانشێتێكی گەورە نووسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەبێ سەبارەت بە هەڵسوكەوتەكەی داوای لێبوردن بكات.

بۆفۆن: پەشیمان نیم
بەڵام بۆفۆن دەڵێت، سەبارەت بە هەڵوێستی توندی بەرانبەر بە ناوبژیوانەكە پەشیمان نییە و داوای لێبوردن لە كەسیش ناكات.
بۆفۆن لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی وتویەتی، پێویست بەوە ناكات سەبارەت بە هیچ شتێك داوای لێبوردن بكەن، چونكە منیش مرۆڤم و هەست و ئیحساسم هەیە و وەكوو خەڵكی ئاسایی توورە دەبم. دەبێ ڕێگەیەك بۆ قسەكردن بدۆزییەوە. ڕاست یان نادروست، ڕەنگە جاری وایە زێدەڕۆیی لە هەڵوێست و قسەكاندا بكرێ، بەڵام من ئەوەم كە دەمبینن. من جیجی بۆفۆنم. ئەو شەوە، یارییەكە سەعاتێك و نیو بەر لە فیكەی كۆتایی تەواو ببوو، كەواتە لە دەرئەنجامدا، ئەو شتەی كەسێك لەو كاتەدا دەیڵێت، شتێك نییە جگە لە هەست و ئیحساس سەبارەت بەو بڕیارەی كە دەگیرێت، بەڵام هەستی ئەو كەسە ناشاردرێتەوە كە نایهەوێ درۆ لەگەڵ خۆیدا بكات و لەبەرانبەردا ئەو كارە، ئەو شتە دەردەخات كە خوێنی بەجۆش هێناوە و تەواو و كۆتایی هات.

وەرزش ئاوێتەی خوێن و دەمارەكانی من بووە
بۆفۆن لەبەردەوامی چاوپێكەوتنەكەیدا وتی: ئێوە ناتوانن پرسیارێكی ئەوتۆ لە من بكەن كە وەرزش لە خوێن و ڕەگ و دەمار و ژیانمدایە، چونكە تەنانەت ئەگەر لە دەربرینی هەڵوێست و هەستمدا زێدەڕییم كردبێ، دیسانیش شتێكی وێچوو و مەنتیقییە. من هەموو ئەو قسانەی كردوومە، دووبارەیان دەكەمەوە، هەڵبەت ڕەنگە بە دەربڕینێكی تر، با ئەو جۆرە بڵێم كە دەربڕینێكی هێمنانەتر. لەگەڵ ئەوەیشدا قسەكانم ناگۆڕێن، من لەسەر قسەی خۆمم. لەوە دڵنیام كە ئۆلیڤەر لە داهاتوودا لە ناوبژیوانیدا سەركەوتووتر دەبێ، بەڵام ئێستە بۆ یارییەكی هەستیاری نێوان یۆڤەنتوس و ڕیاڵ مەدرید گەنجە. جوانی و شوناسی ڕاستەقینەی تۆپی پێ لە بڕیارەكاندایە، كە بەداخەوە پیاوە گەنجەكە خۆی خستە ناو بارودۆخێكی دژوار، كە لە توانای ئەوەدا بەدەر بوو. هەر بۆیە من لە كۆتایی یارییەكەدا ئەو قسانەم كرد. من هیچ دوژمنایەتییەكم لەگەڵ ئۆلیڤەردا نییە. تەنانەت لێ تووڕەش نیم، هەموو شت لەوێ كۆتایی هات و منیش لە گەرماوگەرمی یارییەكەدا ئەو قسانەم كرد. ڕەنگە كەسی دیكەش ئاوا قسەی كردبا، لە ڕاستیدا هەستی من ئەوەیە كە سزا نەدراوین، بەڵكوو دزیمان لێ كرا. نەتەنیا لەبارەی ئەنجامەكە، بەڵكوو ئەو شەوە بە گشتی فێڵمان لێ كرا. ئەو شەوە، شەوی خیانه‌ت بوو كە هیچكات ناتوانێ دووبارە بێتەوە.

دەسكەوتی ڕۆماش بە هی خۆم دەزانم
گۆڵچی یانەی یۆڤنتوس وتی: ئێمە دەمانتوانی وەرزێكی لەبیرنەكراو لە مێژووی یۆڤنتوس و بۆ ئیتاڵیا تۆمار بكەین. سەركەوتنی ئێمە لەگەڵ بردنەوەی ڕۆما بەرانبەر بە بارسێلۆنا، كەس باوەڕی پێ نەدەكرد. من بەر لە یۆڤنتوسبوونم خۆم بە ئیتاڵی دەزانم و لەڕاستیدا خەمی ئەنجامەكانی تۆپی پێی ئیتاڵیام هەیە. بینینی یاری گەڕانەوەی ڕۆما و دەسكەوتە لەبیرنەكراوەكەی ئەو یانەیە پڕ بە دڵ دڵخۆشی كردم و پڕ بە دڵیش لایەنگریان بووم. دیتنی یۆڤنتوس لەسەر یاریگای ڕیاڵ و قەرەبووكردنەوەی دۆڕانی سێ بە سفری ناوماڵی خۆی.. منی بردە سەر هەورەكان. ئەگەر ئەو فیكەیە لێ نەدرابا، لەڕاستیدا وەسفی تواناكانمان نەدەكرا. من لە تەمەنی یاریزانیمدا یاری گرینگتر لەو یارییەم دۆڕاندووە، بەڵام شێوازی دۆڕاندنی ئەو یارییە جیاواز بوو، چونكە ئەو یارییە شتێكی دیكە بوو، یارییەك لەوپەڕی گەورەییدا، یارییەك بۆ هەڵگەڕانەوە و ریمۆنتادا، یارییەك بۆ چوونە ناو چوارگۆشەی زێڕین، یارییەك بۆ گەڕانەوەی گەورەیی ئیتاڵیا بوو، یارییەكی لەبیرنەكراو بۆ یۆڤنتوس. لەو باوەڕەدام بۆ یاریزانەكان و هاندەران و هەموو خەڵكی ئیتاڵیا بەوشێوەیە بوو و ڕێك هەستی منیان هەیە.

فیكەیەكی نادادپەروەرانە بوو
بۆفۆن لە كۆتاییدا ئاماژەی بە فیكەی ناوبژیوان بۆ لێدانی سزای ڕۆناڵدۆ كرد و وتی: پێككەوتنەكە شتێك نەبوو كە بڵێی سەداسەد لێدانی سزای لەسەر بوو، من ناڵێم بەهیچ شێوە پیناڵتی نەبوو، نادادپەروەرانە بوو و دەڵێم شك و گومانی لەسەر بوو. لە یارییەكی ئاوا هەستیاردا كە تەنیا 20 چركەی ماوە، به‌ریه‌ككه‌وتنێكی ئەوتۆ، هیچ ناوبژیوانێك نایات ڕیسكێكی ئاوا گەورە بكات و بیفیكێنێ. واتە بە بڕیارێك چیرۆكەكەی یاری بە تەواوەتی بگۆڕێ. بەبڕوای من ئەگەر ناوبژیوانێكی بەئەزموون ناوبژیوانی یارییەكە بوایە، هیچكات فیكەی لێدانی سزای لێ نەدەدا. منیش ئەو مافەم هەیە لە مافی خۆم و یاریزانەكان و ئەو پێنج هەزار هاندەرە بەرگری بكەم و بە مافی ڕەوای خۆمی دەزانم. ئەركی من پاڵپشتیكردنی یاریزانەكان و هاندەرانە و ئەو كارەشەم كرد و لێی پەشیمان نیم، ڕەنگە زێدەڕۆییم كردبێ. من دەبوایە ئەو كارە بكەم و دوبوایە هەموو هەستی خۆم پیشان بدەم، تەنانەت ئەگەر زیاتر لەوەش سەركۆنە بكرێم یان ناوبانگم پێی خراپ بێ.

 

محەمەد شەهدی - هەولێر

© 2017 Hawler