کانونی یەکەم 07, 2019

ئه‌مڕۆ بارسێلۆنا رووده‌كاته‌ یاریگه‌ی بالایدۆس كه‌ به‌ دۆزه‌خ و كابووسی كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ ناسراوه‌

له‌ گه‌ڕی 33ـه‌می لالیگا، یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی سێلتا ڤیگۆ، له‌ قۆناخی یه‌كه‌م بارسا له‌ یاریگه‌ی كامپ نوو به‌ یه‌كسانبوون به‌ 2 گۆڵ بۆ هه‌رلایه‌كیان یارییه‌كه‌یان ته‌واو كرد.

بارسێلۆنا دوایینجار كه‌ سه‌ردانی یاریگه‌ی باڵایدۆسی تایبه‌ت به‌ یانه‌ی سێلتاڤیگۆ كرد بێت له‌ ده‌ستپێكی ئه‌مساڵ بوو كاتێك له‌ جامی شا به‌ گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان به‌رامبه‌ربوون.
دوایینجار كه‌ بارسێلۆنا له‌م یاریگه‌یه‌ سه‌ركه‌وتنی تۆمار كردووه‌ پێش 1108 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر بووه‌، بارسا له‌ مێژووی خۆی له‌م یاریگه‌یه‌ خاوه‌نی 21 سه‌ركه‌وتن و 21 شكسته‌.
بارسێلۆنا ئه‌گه‌ر له‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ تووشی شكست نه‌بێت ژماره‌ی پێوانییه‌كی دیكه‌ی نوێ تۆمار ده‌كات و كه‌ بۆ 40 یارییه‌ له‌ لالیگا نه‌دۆڕاوه‌.
كارلۆس ئینزۆی راهێنه‌ری یانه‌ی سێلتا ڤیگۆ كه‌ پێشتر بۆ ماوه‌ی 3 وه‌رز یاریده‌ده‌ری لویز ئێنریكی بووه‌ له‌ یانه‌ی بارسێلۆنا، له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ گوتی: یارییه‌كه‌ بۆ ئێمه‌ قورس ده‌بێت، به‌ڵام ئامانجی ئێمه‌ 3 خاڵی یارییه‌كه‌یه‌.
یارییه‌كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ كاتژمێر 10:00ـی شه‌و ده‌كرێت، بارسێلۆنا 82 خاڵی هه‌یه‌ و پێشه‌نگی لالیگای گرتووه‌ و بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ له‌ 6 یاری داهاتوو پێویستی به‌ 7 خاڵه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی سێلتا ڤیگۆ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 43 خاڵ له‌ خانه‌ی یازده‌یه‌م دێت، ئه‌گه‌ر یارییه‌كه‌ی ئه‌مرۆ له‌ بارسا بباته‌وه‌ هیوای بڕینی بلیتێكی یۆرۆپالیگی وه‌رزی داهاتووی زیندوو ده‌بێته‌وه‌.

 

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

© 2017 Hawler