تشرینی یەکەم 17, 2019

بارسێلۆنا و دۆڕانێكی چاوەڕواننەكراو

بارسێلۆنا ژمارە پێوانەیی 38 بردنەوەی ریاڵ سۆسیەداد بە بردنەوە لە ڤالنسیا بڕی و ئێستە 39 یارییە لە لالیگادا نەدۆڕاوە. ژمارە پێوانەییەك كە لە سەردەمی ئێنرێكی لە وەرزی ڕابردوو و بە سەركەوتنی 2-3 بەرانبەر بە سۆسیەداد دەستی پێ كرد، هەڵبەت دوای دۆڕان بە مالاگا. باشترین ژمارە پێوانەیی بارسێلۆنا تایبەت بە گواردیۆلایە لە وەرزی 11-2010 كە سیویەك یاری نەدۆڕابوو و ئێستە ڤاڵڤێردی لاپەڕەیەكی نوێی لە مێژووی بارسێلۆنادا كردۆتەوە و پێدەچێت بۆ دەیان ساڵ ئەو ژمارە پێوانەییە لە لالیگادا بمێنێتەوە. بارسێلۆنای ڤاڵڤێردی ئەگەر 5 یاری دیكەی لالیگا نەدۆڕێ، دەبێتە تاكە یانە كە بێ شكست كۆتایی بە وەرزێكی لالیگا هێنابێت.

پاڵەوانێتی بارسێلۆنا لە لالیگا
ئەوەندەی نەماوە پاڵەوانێتی ئەم وەرزەی بارسێلۆنا لە لالیگا مسۆگەر بێت، واتە حەفت پاڵەوانێتی لە دە وەرزدا، واتە دەسەڵاتدارێتی كەتەلۆنییەكان لە گواردیۆلاوە دەستی پێ كرد، ئێنرێكی مسۆگەری كرد و ڤاڵڤێردی مێژووی تۆماركرد. بەڵام هاندەرانی بارسێلۆنا دڵگرانن، ئایا بردنەوەی لالیگا و جامی شای ئیسپانیا برینی دۆڕان بە ڕۆما تیمار دەكات؟ ئایا ڕەشایی شكستی 0-3 بەرانبەر بە ڕۆما، ئەویش دوای بردنەوەی شیرینی 1-4 لەبیر دەكرێ؟

"پاڵەوانێتی دووانە" بە شكستی مێژووییان بەرانبەر بە ڕۆما بەستراوەتەوە. ئەو شكستەیان زۆر تاڵ و نابەجێ بوو. لەلایەك كارەساتبار و لە لایەكیش چاوەڕواننەكراو، لەگەڵ ئەوەشدا لەبیرنەكراو سەیروسەمەرە. فیكەی كۆتایی كە لێ درا، هەموو بارسێلۆناییەكان دڵگرانیان پێوەدیار بوو، دەستەی كارگێڕی، ڕاهێنەران، یاریزانان و هاندەران، شەوێكی تاڵ، شەوێكی لەبیر نەكراو، شەوێكی نەگریس، شەوێك كە هیچكام لە یاریزانەكانی بارسێلۆنا خۆیان نەبوون، نە مێسی، نە سوارێز و نە ئینێستا و نە هیچكامیان!!

ڕووخسارە خەمبارەكەی مێسی
كەس ڕووخساری مێسی بەو شێوەیە نەدەیبوو، تەنانەت لە یاری بەرانبەر بە ڤالنسیاش خەم لە ڕووخساری دەباری. ئەندرێس ئینیێستا لە كاتی یارییەكەدا نەیدەزانی سەیری كوێ و كێ بكات، كە پێ دەچێت دوایین یاری ئەو لە چەمپیونزلیگ بێت.
سێرجیۆ بۆسكێتس بە كارەساتباری ناوی برد، یارییەكی كارەساتبار و هیچی تر. جامێك لە سێ جامەكە فڕی، ئەویش كاتێك فڕینی ئەو جامە ناخۆشتر دەبێ كە ڕیاڵ مەدرید هەوڵی گرتنەوە دەدات. چیرۆكی دوو وەرزی ڕابردوویان دووبارە بوویەوە. ئەوان وەرزی ڕابردوو بە سێ گۆڵ بە یوڤێنتۆس دۆڕان، بەڵام هەڵگەڕانەوەی شەش گۆڵە بەرانبەر پاریس سان جێرمان دەرمانێ بوو بۆ خەفەتی دۆڕان بەرانبەر بە یۆڤنتوس، كەچی ئەمساڵ ڕۆما ڕۆڵی بارسێلۆنای گێڕا و ئەوەیان زیاتر خەفەتباری كردن.

ئاستنزمی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگای خۆی
دۆڕانەكەی بارسێلۆنا بەرانبەر بە ڕۆما ڕاستییەكی دەرخست كە ئەمساڵ بەرۆكی بارسێلۆنای گرتووە، ئەویش ئەو ئاستەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی پێشكەشی دەكات. بارسێلۆنا ئەمساڵیش لە زۆربەی یارییەكانی دەرەوەی یاریگای خۆی كێشەی بۆ دروست بووە، یەكسانبوونیان بەرانبەر بە ئۆلمپیاكوس، یەكسانبوونیان لە تورین بەرانبەر بە یوڤێنتۆس، یەك بە یەكیان بەرانبەر بە چێڵسی و لە كۆتاییشدا دۆڕانیان بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە ڕۆما. پرسیار: ".... بۆچی ڤاڵڤێردی چارەیەكی بۆ ئەو ئاستنزمییەی یارییەكانی دەرەوەی یاریگای بارسێلۆنا نەدۆزییەوە؟ ئاستنزمییەك كە چەند جار دووبارە بوویەوە.

بارسێلۆنا باشتر لە چوارگۆشەی زێڕین
بەڵام سەركەوتنی یانەكان چۆن پێوانە دەكرێن، بۆنموونە بۆچی دەبێ ئێستا بارسێلۆنا سەركۆنە بكرێ، ئەویش تەنیا بە دۆڕانێك، لە كاتێكدا یانەیەكی وەكوو لیڤەرپول، ڕیاڵ مەدرید، ڕۆما و تەنانەت بایرنی میونشنیش كە لە چوارگۆشەی زێڕینین و یاری بۆ بردنەوەی چەمپیونزلیگ دەكەن، چەند یاریان دۆڕاندووە و بارسێلۆنا بە هەر پێوانەیەك بێت لە سەرووی هەموویانە؟
یارییەكان دوورخستنەوە بەردەوام تامێكی دیكەی هەیە، دراماتیك بوونە. سەركەوتن لە دوایین چركە و شكست بەر لە لێدانی فیكەی ناوبژیوان، ئەوەی بۆ یوڤێنتۆس و ڕیاڵ مەدرید هاتەئاراوە. ڕێك یارییەكەی بارسێلۆنا بەرانبەر بە پاریس سان جێرمان و هەروەها یارییەكەی بارسێلۆنا بەرانبەر ڕۆمای ئیتاڵیا، بەردەوام تامێكی دیكەی هەبووە.

ڕیاڵییەكان خۆیان بە براوە دەزانن
لەڕاستیدا ئێستە خۆلی پاڵەوانانی ئەورووپا بۆتە عەیاری سەركەوتنی گەورە. ڕۆما لە خولی تۆپی پێی ئیتاڵیا هیچی بۆ گوتن نییە، كەچی ئێستە دەبێ بەرانبەر بە لیڤەرپول یاری بكات، لیڤەرپول و ڕیاڵیش هاوشێوەی ڕۆما، كەچی ئێستە ئاڵایان بەرزە و هوتافی یاریكردن لە چوارگۆشەی زێڕین دەدەن و سینگیان دەردەپەڕێنن و سەركۆنەی هاندەرانی بارسێلۆنا دەكەن، یان مان سیتی، یان پاریس سان جێرمان! هاندەرانی بارسێلۆنا و یانە سەركەوتووەكانی دیكەش تەنیا بێدەنگیان هەڵبژاردووە، تا ئەو كاتەی بەڵكوو یانەی ڕكاربەری سەرەكی یانەكەیان نەیباتەوە، واتە ڕیاڵ بەرانبەر بە بایرن میونشن..
بارسێلۆنا دووبارە لە چەمپیونزلیگ دەركرا و بۆ تاڵتربوونی ڕۆژگاریان، ڕیاڵییەكان كە لە یاری چوون بە سێ گۆڵ بە بارسێلۆنا دۆڕان، ئەویش لە سانتیاگۆ بێرنابیئۆ، ئێستە هوتافی سەركەوتن لێ دەدەن، هەر لە ئێستەوە خۆیان بۆ بردنەوەی جامەكە داناوە، سێ جامی بەدوای یەكی ڕیاڵییەكان ڕۆژگاری هاندەرانی بارسێلۆنا لە دۆڕانەكەی بەرانبەر بە ڕۆما تاڵتر دەكات. ڕیاڵێك كە چەند جارێك چەمپیونزلیگی بردۆتەوە كە لە ئاستی بارسێلۆنادا نەبووە و دۆڕاوی یارییەكانی لالیگا بووە.

ریمۆنتادا بەرانبەر بە پاریسییەكان و دۆڕانیان بەرانبەر بە ڕۆما
وەرزی سێینەی بارسێلۆنا بووە بە وەرزی دوانە، هەڵبەت ئەگەر سڤیلیای لێ نەبێتە ڕۆما، بەو جۆرە ڕەنگە پشویەكیان وەبەر بێتەوە، هەڵبەت بە دۆڕانی ڕیاڵیش كە بەرەو ئاسمان دەفڕن. بەڵام تۆپی پێ، خراپ یان باش، ڕابرودووەكەی لەبیر ناكرێ. سەركەوتن و دۆڕانی مێژوویی دەمێننەوە. ڕەنگە چوار بە گۆڵێكی بردنەوەی بارسێلۆنا بەرانبەر بە ڕۆما لەبیر بكرێت، لەڕاستیدا لەبیر كراوە، بەڵام دۆڕانەكەی بارسێلۆنا بەرانبەر بە ڕۆما هیچكات لەبیر ناكرێت، ئەویش بە سێ گۆڵی بێ وڵام. هەر چۆن یارییە هەڵگرانەوەكەی بارسێلۆنا بەرانبەر بە پاریس سان جێرمان بە ئەنجامی 6-1 لەبیر نەكراوە و ناشكرێت. یارییەكە لە لەبیری ڕۆمییەكان دەچێتەوە و نە لەیادی بارسێلۆنییەكان، ئەویش بەدوو هۆكاری جیاواز. لە لایەك پێكەنین و لایەكیش خەفەت. بە هوتافی دڵخۆشی لەلایەك و بە كارەساتی لایەكەی دیكە.

 

محەمەد شەهدی - هەولێر

© 2017 Hawler