تشرینی یەکەم 17, 2019

دوای داكشانی ئاستی، جێگرەوەی لــویس سوارێز کێیە؟

دوای سێ وەرزی باش لە بارسێلۆنا، پێدەچی سەردەمی زێڕینی ئەستێرەی ئۆرۆگوایی لە کامپ نیو ڕووەو کۆتایی بچێ.

جگە لە ئەنجامە خراپەکەری بارسێلۆنا بەرانبەر بە ڕۆما و لە دەستدانی بردنەوەی
4-1ــی یاری چوون و ماڵئاواییان لە چامپیونزلیگ، کەتەلۆنییەکانی لەم وەرزەدا، وەرزێکی سەرکەوتوویان هەبووە. بلوگرانا ئێستە سەرووی ڕیزبەندی لالیگایان بەدەستە و ئەو ڕووداوە کاتێک بەنرخترە کە بزانین بارسێلۆنا تا ئێستە لە لالیگا نەدۆڕاوە. پیاوانی ڤالڤێردێ لە جامی شای ئیسپانیایش دەبێ بەرانبەر بە سڤیلیا یاریی بەدەستهێنانی جامەکە بکەن. ئەوە واتە وەرزێکی سەرکەوتوو بۆ بارسێلۆنا. بەڵام یاریزانانی بارسێلۆنا لە ڕووی تەمەنەوە، بە شێوەی مامناوەندی لە سی ساڵیدان و تەنانەت ئاستێکی باشیان لەو وەرزدەدا هەبووە، جگە لە یاری بەرانبەر بە ڕۆمای ئیتاڵیا.
هەرچەند دەستەی کارگێڕیی بارسێلۆنا، یەری مینایان لە جیاتی خاویەر ماسكێرانۆ کڕی و لە لایەکی دیکەوە عوسمان دیمبلی، ئەستێرەی پێشووی دۆرتمۆندیان هێنایە کامپ نۆ کە تەنیا تەمەنی بیست ساڵانە. نیلسۆن سیمێدۆ بە ٢٤ ساڵ تەمەنەوە، داهاتوویەکی باش لە چاوەڕوانیدایە و ئەرتۆر یاریزانی تەمەن ٢١ ساڵانیش دەتوانێ جێگرەوەیەکی باش بۆ ئەستێرەکانی بلۆگرانا بێت. ڕاستە ئەندرێ گۆمێز دەبووایە یانەکە جێبهێڵێ، کەچی مایەوە و نەیتوانی دەورێکی باشی هەبێ.
بەڵام کێشەی سەرەکی بارسێلۆنا بۆ هێڵی هێڕشبەری دەگەڕێتەوە. لویز سوارێز، ئەستێرەی ئۆرۆگوایی هێڵێ ئاگرینی بارسێلۆنا، ئێستە تەمەنی ٣١ ساڵانە و هەر بۆیەیش ناتوانێ لە ٥٠ بۆ ٦٠ یاری لەماوەی ساڵێکدا بە ئاستبەرزی دەرکەوێ.
هەرچەند ئاستی هیچ کام لە یاریزانەکان لە یاری بەرانبەر بە ڕۆما باش نەبوو، بەڵام سوارێز دەریخست کە لەڕاستیدا ماندووە و ئەوەیش بۆ تەمەنەکەی دەگەڕێتەوە. هەر چۆن لە زۆربەی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا نەیتوانی یاریزانانی هێڵی بەرگری ڕۆما ببڕێت. ئێستە بۆ یاریی سوارێز بەرانبەر بە پاریس سان جێرمان لە ساڵی 2015 بگەڕێینەوە کە چۆن یاریزانانی بەرانبەری دەبڕی. خاڵی گرینگتر ئەوەیە کە هیچ یاریزانێک ناتوانێ لە هەموو یارییەکاندا بە ئاستبەرزی یاری بکات، بەڵام ئەستێرەی ئۆرۆگوایی ناچارە وەکوو یاریزانی سەرەکی هەموو یارییەکانی یانەکەی بکات، چونکە پاکۆ ئەلکاسێر لە نەبوونی ئەودا ناتوانێ بە باشی ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. هەربۆیەیش بارسێلۆنا پێویستی بە هێرشبەرێکی بەتوانا هەیە بۆ جێگرەوەی سوارێز، بەڵام کێن ئەوانەی دتوانن جێگەی سوارێز بگرنەوە؟!

باشترین بژاردە: محەمەد سەڵاح
کەمتر کەسێ هەیە بە بارسێلۆنا بڵێ نا! ئەویش کاتێک خەونی گەورەت هەیە. محەمەد سەڵاح ئێستە باشترین بژاردەیە بۆ جێگرەوەی سوارێز. لە کاتێکدا سوارێز توانای جارانی نەماوە، کەواتە بارسێڵۆنا دەبێ هەوڵی کڕینی هێرشبەرێک بدات کە لەوپەڕی توانایی جەستەیی و خێڕایی و هونەریدا بێ.
سەڵاح تا ئێستە، ٣٩ گۆڵ و ١١ پاسی لە یەکەم وەرزی خۆی لە لیڤەرپوولدا هەبووە و لە پریمەر لیگیشدا باشتیرین گۆڵکارە. سەڵاح لە چامپیۆنزلیگدا ئەرکی خۆی بە باشترین شێوە بەجێ گەیاندووە و لیڤەرپوول دوای ساڵی 2008 بۆ یەکەم جار خۆی گەیاندووەتە چوارگۆشەی زێڕین و ئەگەر بچێتە بارسێلۆنا، دەتوانێ تۆڵەی یانەکەی لە ڕۆما بستێنێتەوە. کەتەلۆنییەکان جارێک توانیویانە جێگرەوەی ئینێستا لە لیڤەرپوول بکڕن و ئێستە هەوڵی ئەوە دەدەن جێگرەوەی سوارێزیش لەو یانەیە بکڕن و ئەگەر ئەم جێگرتنەوەیە ڕووبدات، لیڤەرپوول بۆ بارسێلۆنا، وەکوو ساوسهامپتۆنە بۆ لیڤەرپوول، واتە هەرچی یاریزانی ئاستبەرزی لیڤەرپوولە، داهاتووی لە بارسێلۆنایە.
ئەگەر سەڵاح ڕێگەی بەندەری بارسێلۆنا بگرێتە بەر، کەتەلۆنییەکان دەتوانن ئەرکی ژمارە نۆ بە مێسی بسپێرن و عوسمان دێمبلی و محەممەد سەڵاح لە تەنیشتی ئەو لە سیستەمی 3-3-4 هێڵی هێڕشبەری بارسێڵۆنا پێک بێنن و ئەگەر ئەو هێڵە هێرشبەرە لەلایەن بۆسکێتس، کۆتینیۆ و ئەرتوورەوە پاڵپشتی بکرێ، کام هێڵێ بەرگری خۆی لەبەر ڕادەگرێ. بەڵام گەورەترین کێشە بۆ ئەو گواستنەوەیە لیڤەرپوولە. ئەوان نایانەوێ بەو زووانە ئەو یاریزانە بەتوانایە لەکیس بدەن و ڕەنگە بارسێلۆنا تەنیا دەبێ لە دوورەوە خەونی بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە میسرییە ببینێ!

بژاردەی ڕاستەقینەتر: ئەنتوان گریزمان
ڕەنگە ڕاستەقینەترین یاریزان بۆ جێگرەوەی سوارێز، ئەنتوان گریزمان بێت. گریزمان هێرشبەرێكی ئاستبەرز و بەتوانایە و ڕێگەی تۆماركردنی گۆڵ لە ڕیاڵ مەدرید بە باشی دەزانێ و لەو وەرزەدا هاوكارییەكی باشی یانەی ئەتلتیكۆ مەدریدی كردووە. یاریزانێكە بە باشی لە هەلی ڕەخساو سوود وەردەگرێ، لێدانەكانی بەهێزن، هەلی باش بۆ یاریزانەكان دەڕەخسێنێ و ڕەنگە تاكە كێشەی ئەوە بێت كە ناتوانێ پاس بەخۆی بدات!
گریزمان بە باشی دەتوانێ جێگەی سوارێز پڕ بكاتەوە. خێرا، لەسەر زەوی هونەری تۆپی پێی فەڕەنسا پیشان دەدات و لە هەواشەوە بە باشی لێدان ئاراستە دەكات و ڕەنگە تاكە خاڵی لاوازی ئەو لەچاو ئەستێرەی ئۆرۆگوایی هێزی جەستەیی بێت. ئەگەر گریژمان بتوانێ درێسی كەتەلۆنییەكان لەبەر بكات، ئەوكات كەتەلۆنییەكان دەتوانن لە سیستەمی 1-3-2-4 سوود وەربگرن و لە كاتی پێویست گریزمان لە جیاتی سوارێز یاری بكات و لە كاتی پێویستیش هێڵێك دواتر یاری پێ بكەن بۆ ئەوەی بكەوێتە ناو سێ یاریزانی هێڵی ناوەڕاست، بەم پێكهاتەیە، بێشك هەموو یاریزانانی هێڵی هێرشبەری بارسێلۆنا دەتوانن پشووی پێویست بدەن. گواستنەوەی ئەو ئەستێرە فەڕەنسییە بۆ پێكهاتەی بلوگرانا، بە پێچەوانەی گواستنەوەی سەڵاح ئاسانتر دێتەبەرچاو. ماوەیەك لەمەوبەر گریژمان دەستەوارەكەی مان یونایتدی ڕەتكردەوە و هەر ئەوەش وای كردووە هاندەرانی بارسێلۆنا هەر لە ئێستەوە درێسی ژمارە حەوتی یانەكەیان بۆ گریژمان دانابێت، هەڵبەت دوای ئەوەی درێسی ژمارە چواردە بە كۆتینیۆ بەخشرا.

بژاردەیەكی ڕیسكی: ئەنتۆنی مارسیال
ڤالڤێردی ئێستە بۆ پێكهاتەكەی، هێرشبەرێكی شەڕانی، تەكنیكی، خێرا و ئاستبەرزی دەوێت كە بتوانێ لە هەم وەكوو هێرشبەر و هەمیش لە كانارەكاندا یاری بكات و لە ڕەخساندنی هەل و گۆڵكردندا بەتوانا بێت. واتە ڤالڤۆردی هێرشبەرێكی وەكوو مارسیالی دەوێت.
دوای ئەوەی مۆرینیۆ یاری زۆر بە مارسیال ناكات، مان یونایتدیش پێی ناخۆش نابێ بە پارەیەكی زۆر بیفرۆشێ. ئەو ئەستێرە فەڕەنسییە، تەمەنی كەمتر لە 25 ساڵانە و هونەری بەرزی لە تۆپی پێدا هەیە. ئەوەشیان دەتوانێ جێگەی سوارێز بە باشی پڕ بكاتەوە. لە كاتی گواستنەوەی مارسیال بۆ بارسێلۆنا، دەبێ ڕوو بكەنە سیستەمی 3-3-4. مارسیال پێشینەی یاریكردن لە كەنارەكان و هێرشبەری نوكی هەیە ود دەتوانێ كڕیارێكی باش بۆ بلوگرانا بێت.

پێشنیازی ئسكۆواكا: تیمۆ وێرنر
كاتێك سەیری هێرشبەرەكانی بارسێلۆنا دەكەی، بۆت دەردەكەوێ بارسێلۆنا پێویستی بە سوپەرستارێكی گەنج هەیە، بەڵام ئەگەر ئەو هێرشبەرە سوپەرستارە لە هەموو یارییەكاندا یاری بۆ بارسێلۆنا بكات، ئەی چارەنوسی سوارێز چی لێ دێتەوە؟
سوارێز بۆ سێ ساڵی دیكە بۆندی لەگەڵ بارسێلۆنادا هەیە و وا پێدەچێ بە نەختێ پشوو، ئێستەیش یەك لە باشترین هێرشبەرەكانی جیهانە و بارسێلۆنا بە ئاسانی دەستبەرداری نابێ. كەواتە ئەی بۆچی بارسێلۆنا بە دوای هێرشبەرێكی بەتوانادا دەگەڕێ. هۆكار ڕوون و ئاشكرایە، بۆ ئەوەیە كە بارسێلۆنا بتوانێ باشتر یاری بە سوارێز بكات و زیاتر پشوو وەربگرێت و لە یارییە گرینگەكاندا، وەكوو یاری بەرانبەر بە ڕۆما، بێ كاریگەر نەبێ. بەڵام بۆچی تیمۆ وێرنر؟
لەكاتی گواستنەوەی تیمۆ بۆ بارسێلۆنا، ئەو دەتوانێ جێگرەوەیەكی باش بۆ سوارێز و تەنانەت دیمبلی بێت. هێرشبەرێك بە داهاتوویەكی باش، هێرشبەری لایپزیش لە وەرزی گواستنەوەدا زۆر دەستەوارەی پێشكەش كرا و بێشك یەك لە هێرشبەرانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیایش دەبێ و دەتواێ لەێ ڕۆژانی ئاستنزمی هێرشبەرانی بارسێلۆنادا، گۆچانی دەستی ڤالڤێردی بێت. ئەو تەمەنی 22 ساڵانە و تا ئێستە 71 یاری بۆ لایپزیگش كردووە و 40 گۆڵیشی تۆماركردووە.

 

محەمەد شەهدی - هەولێر

© 2017 Hawler