کانونی یەکەم 03, 2020

بارتۆمیۆ: ئاماده‌كاری ده‌كه‌ین بۆ بردنه‌وه‌ی چامپیۆنزلیگ

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

 

لێدوانه‌كانی جۆزێپ ماریا بارتیمیۆ سەرۆکی بارسێلۆنا له‌ سۆشیاڵ میدیا زۆرترین كاردانه‌وه‌ی به‌ دوای خۆیدا هێنا، چونكه‌ دڵنیایی دا كه‌ راهێنه‌ره‌كه‌یان بۆ وه‌رزی داهاتووش له‌گه‌ڵیان ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌شڵێت: ئاماده‌كاری بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوی چامپیۆنزلیگی ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌كه‌ین و کۆتایی بە دەنگۆی گواستنەوەی نێیمار داسیلڤای هێنا و رایگەیاند کە ئەوان لە توانایاندا نییە ئەم هاوینە یاریزانە بەڕازیلیەکەی پاریس دووبارە بگەڕێننەوە یانەکەیان، سەرۆکەکەی بارسا هاندەرانی یانەکەشی دڵنیا کردەوە لیۆنێل میسی لە یانەکەیان کۆتایی بە کاروانی وەرزشی دێنێت و بەم زوانەش گرێبەستەکە نوێ دەکاتەوە.
بارتۆمیۆی سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ زنجیره‌یه‌ك لێدواندا كه‌ له‌ پێگه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا بڵاوكرایه‌وه‌ ده‌ڵێت: هیچ هیوایەکمان بۆ گەڕاندنەوەی نێیمار نییە لەم هاوینەدا، چونکە یانەی پاریس سانجێرمان ئامادەی ئەوە نییە هیچ یاریزانێکیان لەگەڵدا بگۆڕینەوە و ئێمە توانای ئەوەشمان نییە بە پارەیەکی خەیاڵی ئەو یاریزانە جارێکی دیکە بگوازینەوە ریزەکانمان، لەبەر ئەوەی یانەکەمان بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی قەیرانێکی قورس بووە.
سەبارەت بە لاوتارۆ مارتینێز گۆڵکاری ئه‌رژه‌نتینی یانەی ئینتەر میلانیش لەگەڵ کارگێری ئەو یانەیە چەند جارێک قسەمان کردووە، بەڵام گفتوگۆکان وەستاون و تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لەبارەی ئەو یاریزانە یەکلایی نەبووەتەوە.
قسەکانی لیۆنێل میسی دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا لە دیدی یاریزانێکی گەورە  و پاڵەوانە کە دەیەوێت هەمیشە سەرکەوتوو بێت، لەو رۆژە ریال مەدرید بووە پاڵەوان و لیۆ زۆر دڵتەنگ بوو کە یانەکەی نەبووە پاڵەوان، ئەو دەزانێت کە تیپێکی باشمان هەیە، بەڵام پێویستە بەردەوام بین لەسەر هەوڵەکانمان و وەکو سەرکردەیەک بە شێوازێکی دیکە هەڵوێستەکانی دەربڕی.
بارتۆمیۆ، سەبارەت بە داهاتووی لێۆنێل میسی گوتی: ئەو یاریزانە چەندینجار بە راشکاوانە گوتوویەتی دەیەوێت لە بارسێلۆنا کۆتایی بە کاروانی وەرزشی بێنێت و هیچ گومانێکیشمان نیە لە داهاتوویەکی نزیکدا گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە.
بارتۆمیۆ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا له‌ باره‌ی كیكی سێتیێن بۆچوونی یانه‌كه‌ی خستۆته‌ڕووه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی: رێز له‌و راهێنه‌ره‌مان ده‌گرین و گرێبه‌سته‌كه‌ی ساڵێكی دیكه‌ی ماوه‌ و پێی پابه‌ند ده‌بین، پێموایه‌ ئه‌و راهێنه‌ره‌ ده‌توانێت چامپیۆنزلیگمان بۆ بباته‌وه‌ و ئاماده‌كارییه‌كی باشی بۆ پێشخستنی یانه‌كه‌ی كردووه‌.

© 2017 Hawler