تشرینی دووەم 28, 2020

تای چی لە چین وەك تەواوكەری پزیشكی بۆ رووبەربوونەوەی كۆرۆنا بەكار هات

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

 

لوقمان رۆستەمی، پاڵەوانی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان، كە دانیشتووی مەهابادە، یەكێكە لە یاریزانە ناسراوەكانی وەرزشی تای چی لە ئاستی ئێران، كە یارییەكی چینییە و لەو وەرزشەدا بەشداریی چەندان پاڵەوانیەتی و خولی كردووە و چەند دەستكەوتێكی هەبووە، لە دیمانەیەكی رۆژنامەی هەولێردا، ناوبراو باسی ئەو یارییە و گرینگییەكەی و مێژووی وەرزشەكە و چەند پرسێكی دیكە دەكات.

تای چی چییە و گرینگی چییە؟
سەرەتا لە بارەی ئەو وەرزشە و گرینگییەكەی، وتی: وەرزشی تای چی، وەرزشێكە بە هۆی كاریگەریی سەرسووڕهێنەری لەسەر تەندروستیی مرۆڤ  و سیستمی بەرگریی جەستە، زۆر جێی بایەخە، بە تایبەت كە شانبەشانی پسپۆڕانی تەندروستی و پزیشكان لە چین، بووە فاكتەری ڕێگریكردن لە كۆرۆنا و لەو ڕووەوە بووە پاڵپشتی خەڵك و حكوومەت.
ناوبراو ئەوەیشی وت، كە تای چی، جۆرێكی وەرزشی كۆنی چینییە و لەسەر بنەما و بیری تائۆ، دانراوە و پێشینەكەیشی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستە.
ناوبراو روونكردنەوەی زیاتری دا و وتی: حەكیم و دانا و ژیرانی تائۆ، بە شوێن تەمەندرێژی و لەشساغی و سەلامەتییەوە بوون و گەییشتنە ئەنجامی بنیاتنانی تای چی، كە بە واتەی دەستباڵایی و زاڵبوونە.
پاڵەوانەكەی كورد، روونكردنەوە و لێوردبوونەوەی زیاتری خستە روو و وتی: تای چی، بزاوت و جموجۆڵێكی نەرم و ئارام و هێمن و وەرگیراو لە سروستە، لەگەڵ هەناسەهەڵمژین لە قووڵایی سییەكانەوە، كە ئەمە هەوڵ و تەقەلای بەهێزكردنی توانای دەروونی (ناخە). هەروەها وەگەڕخستنی لە هەموو جەستەوە، لە ڕێی كەناڵەكانی وزە، كە پێیان دەڵێن (جینگ لوو).

هاوئاهەنگكردنی جەستە و رۆح
لوقمان رۆستەمی، لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاكێشاین، كە تای چی لە رێی بزوات و جووڵەی كۆك و گونجاو، هاوكات لەگەڵ هەڵمژینی هەناسەی قووڵ، هەوڵی هاوئاهەنگكردنی جەستە و رۆح و زەین دەدات، تا تاموچێژێكی تایبەت لە ژیان وەربگرین. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئاماژەی بەوە كرد، كە گرینگترین بەش و پرۆسەی تای چی، هەڵمژینی قووڵی هەناسەیە، بە جۆرێك دەبێ هەناسەكە ئەوەندە قووڵ بێ، سییەكان بۆ لای خوارەوە دەكشرێن، لە ئاكامدا بەو جۆرە قەبارەی قەبارەی سینگ و توانای ئاڵوگۆڕی سییەكان بەهێز و زۆر دەكات، لەم خاڵەدا سوودی بۆ رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا دەبێ، بەو هۆیەی دەبێتە هۆی خۆڕاگری و بەهێزیی سییەكان بەرانبەر بەو ڤایرۆسە، هەروەها پرۆسەكە ئاڵوگۆڕی ئۆكسجین و دووەم ئۆكسیدی كاربۆن باشتر دەكات و دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێژەیەكی زۆری ئۆكسجین بچێتە نێو خوێن.

تەوژمی خوێن بۆ ناو دڵ و جووڵەی دڵ ڕێك دەخات
لوقمان رۆستەمی،  زانیاریی زیاتری لەسەر تای چی خستە روو، ئەوەی ڕاگەیاند كە تای چی تەوژمی خوێن بۆ ناو دڵ و جووڵەی دڵ ڕێك دەخات، ئەوەیش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ و ترس، یەكێكیش لە گرینگترین كاریگەرییەكانی هەڵمژینی قووڵی هەناسە، زیادبوونی خڕۆكەی سپیی خوێنە، بەو جۆرەیش ڕێژەی بەرگریی لە ئاست ڤایرۆسەكان بەرز دەكاتەوە، هەر بەو هۆیەشە كە لە چین و ئەڵمانیا و كەنەدا و بریتانیا و سویسرا و چەند وڵاتێكی تر تای چی بەهایەكی تایبەتی پێ دەدرێ.

لە وهان وەك تەواوكەری پزیشكی بەكار هێنرا
لوقمان رۆستەمی، ئەوەی خستە روو، بە هۆی كاریگەریی ئەرێنی ئەو وەرزشە لە رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا، لە وڵاتی چین و شاری وهانی كانگای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، وەك تەواوكەر و یاریدەدەری پزیشكی بۆ چارەسەری و ڕێگری لەو ڤایرۆسە بەكار هات.

تای چی، جەستە و رۆح بۆ رووبەربوونەوەی كارتێكەری دەرەكی ئامادە دەكات
لە كۆتاییدا، رۆستەمی ئەوەی وت، كە تای چی، ئامرازێكە بۆ ڕاگرتن و ڕێكخستنی جەستە لە بارودۆخێكی ئاسایی و لەبار و بەهێز بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی نەخۆشییەكان، لە ڕێی بەهێزكردن و خۆڕاگركردنی جەستە و رۆح لە ئاست ئەو هۆكارە دەرەكی و دەروونییانەی دەبنە مایەی نەخۆشی. هەروەها تای چی، كاراییمان باش دەكات، بۆ ئەوەی چێژ و تامێكی زیاتر لە ژیان وەربگرین.
ناوبراو لە كۆتاییدا، هیوای ئەوەی خواست، لە كوردستان ئەو وەرزە بنیات بنرێ و ببێتە یەكێك لە فاكتەرەكانی بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست، هەروەها بە چالاككردنی ئەم وەرزشە لە كوردستان، دەتوانرێ پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و چین بەهێز بكا و لەو یارییەدا هەماهەنگیی زیاتر دروست بكا.

گرینگترین دەستکەوتەکانی:
- لوقمان رۆستەمی، لە ساڵی 2013 لە لایەن فیدراسیۆنی وشۆی ئێرانەوە نێردراوەتە ئەنتالیای تورکیا بۆ بەشداریكردن لە خولی راهێنەرایەتیی نێودەوڵەتی تای چ وشۆ، کە لە زیاتر لە سی وڵات بەشدارییان تێدا کردبوو. ئەو خولەی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە، كە لە لایەن فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی وشۆوە بە رێوە چوو.
- سێ خولی ئەندامی تیمی "میللی" ئێران بووە
- ساڵی 2018 لە ئەڵمانیا بەشداریی لە کێبەرکێیەکی نێونەتەویی كردووە و میدالیایەكی زێر و یەكێكی زیوی بە دەست هێنا.
- ساڵی 2019، چووەتە چین بە مەبەستی بەشداریکردن لە خولی ئاکادیمی تای چی و ئەو قۆناغەیشی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە و دواتر بووەتە نوێنەری تا چی چین لە وڵاتی ئێران.
- ساڵی 2019 لە کێبەرکێکانی نێو خۆی ئێراندا، کە لە تاران بەڕێوە چووە، توانیویەتی دوو میدالیای زێڕ بە دەست بهێنێ و تیمەکەیش کە 9 کەس بوون، لە سەر ئاستی ئێراندا پلەی دووەمیان مسۆگەر کردووە.
- بە شێوەی گشتی لە سەر ئاستی ئێراندا تا ئێستا 13 میدالیای زێڕ و 10 میدالیای زیوی بە دەست هێناوە.

© 2017 Hawler