ئاب 05, 2020

ئه‌مڕۆ له‌ خوله‌كانی ئه‌ورووپا یاری ئاگرین و چاره‌نووسساز به‌ڕێوه‌یه‌

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

 

له‌ پرێمه‌رلیگ و سێریا ئه‌ی ئیتاڵیا چه‌ندان یاری ئاگرین و چاره‌نووسساز ده‌كرێت، دیارترینیان رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ئارسێناڵ و لیڤه‌رپووله‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ یانه‌كانی مان سیتی و تۆتێنهام ترسیان له‌ سه‌ركێشی ركابه‌ره‌كانیان هه‌یه‌، له‌ خولی ئیتاڵیاش یوڤێنتۆس به‌ سه‌ركردایه‌تی كریستیانۆ ده‌بێته‌ میوانی ساسولۆ، یانه‌كانی میلان و ناپۆلی به‌رامبه‌ر پارما و بۆلۆنیا یاری ده‌كات.

مانچێسته‌ر سیتی ـ بۆرنموس
ئه‌م یارییه‌ له‌ كاتژمێر 08:00ـی ئێواره‌ له‌ یاریگه‌ی ئیتحیاد به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، مان سیتی دوای هه‌ڵگرتنی سزای سڕكرانه‌كه‌یان له‌ خوله‌كانی ئه‌ورووپا له‌ دۆخێكی ده‌روونی باش دان، بۆ ئه‌م یارییه‌ش هیچیان نییه‌ بیدۆڕنن، له‌ پله‌ی دووه‌م جێگیر بوونه‌، به‌ڵام یارییه‌كه‌ بۆ بۆرنمووسی ركابه‌ریان زۆر چاره‌نووسسازه‌، چونكه‌ مه‌ترسی دابه‌زینی بۆ خولی پله‌یه‌كی ئینگلیزی له‌سه‌ره‌.
ئیدی هاو راهێنه‌ری ته‌مه‌ن 42 ساڵانی یانه‌ی بۆرنموس له‌ لێدوانێكدا له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌توانن مان سیتی شۆك بكه‌ن.
بۆرنموس له‌ یاری رابردوو یانه‌ی لێسته‌ر سیتی تووشی شكستێكی قورس كرد و به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو 4 به‌ 1 یارییه‌كه‌یان برده‌وه‌، له‌م یارییه‌شدا زۆر پێویستیان به‌ سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێك له‌ مه‌ترسی دابه‌زین دووربكه‌ونه‌وه‌.
یانه‌ی مان سیتی له‌ دوایین 9 یاری له‌سه‌ریه‌ك له‌ پرێمه‌رلیگ شكستی به‌ بۆرنموس هێناوه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئیدی هاو راهێنه‌ری بۆرنموس ده‌ڵێت: ئێمه‌ له‌ هێڵی به‌رگری دوو یاریزانمان تا كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ ده‌ستداوه‌، هه‌وڵمانداوه‌ شوێنیان بگرینه‌وه‌ و له‌و یارییه‌ش پێویسته‌ قورسایی خۆمان پیشانی ركابه‌ره‌كه‌مان بده‌ین.

نیوكاسڵ ـ تۆتێنهام
ئه‌م یارییه‌ له‌ كاتژمێر 8:00ـی ئێواره‌ له‌ یاریگه‌ی جه‌یمس پارك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، یارییه‌كه‌ش زیاتر بۆ تۆتێنهام گرینگی تایبه‌تی هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و یانه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ یاری رابردوو شكستی به‌ ئارسێناڵ هێنا، به‌ دوای موعجیزه‌دا ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی بلیتێكی چامپیۆنزلیگ ده‌ست بكات.
تۆتێنهام به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 52 خاڵ له‌ پله‌ی هه‌شته‌م دێت و به‌ جیاوازی 7 خاڵ له‌ یانه‌ی لێسته‌ر سیتی چواره‌م دووره‌,
له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی نیوكاسڵ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 43 خاڵ له‌ پله‌ی سێزده‌یه‌م دێت و ته‌نیا مانه‌وه‌ی له‌ پرێمه‌رلیگ مسۆگه‌ر كردووه‌ و هیچ هیوایه‌كی نه‌ماوه‌ ته‌نانه‌ت بۆ ده‌ستخستنی بلیتێكی یۆرۆپالیگیش.

ئارسێناڵ ـ لیڤه‌رپوول
ئه‌م یارییه‌ له‌ كاتژمێر 10:15 خوله‌ك له‌ یاریگه‌ی ئیمارات له‌ له‌نده‌ن ده‌كرێت، لیڤه‌رپوول نازناوه‌كه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام مه‌به‌ستییه‌تی له‌م 3 یارییه‌ی كه‌ ماویه‌تی 9 خاڵ كۆبكاته‌وه‌ و ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ 100 خاڵ كۆتایی پێ بێنێت و ریكۆرده‌كه‌ی پێشووتری گواردیۆلا له‌گه‌ڵ مان سیتی بشكێنێت.
له‌ به‌رامبه‌ر یانه‌ی ئارسێناڵ به‌ دۆخێكی ناجێگیر تێپه‌ڕ ده‌بێت، شكسته‌كه‌ی گه‌ڕی رابردووشی ئه‌وه‌ندیتر دۆخی ئه‌و یانه‌یه‌ی خراپتر كرد، له‌ ئێستا میكێل ئارتێتای راهێنه‌ری ئارسێناڵ له‌ هه‌موو شتێك بێهیوابووه‌ و ته‌نیا هه‌وڵ بۆ ده‌ستخستنی بلیتێكی چامپیۆنزلیگ ده‌دات، ئه‌وه‌ش له‌ ئێستادا زۆر سه‌خته‌. لیڤه‌رپوول به‌ راهێنه‌رایه‌تی یۆرگن كڵۆپ ئامانجیان سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی قۆناخی یه‌كه‌م به‌سه‌ر ئارسێناڵی ركابه‌ریان دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌، كاتێك به‌ 3 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه‌ گۆڵێك شكستیان به‌ تۆپچییه‌كانی له‌نده‌ن هێنا.

میلان ـ پارما
ئه‌م یارییه‌ له‌ گه‌ڕی 33ـه‌می سێریا ئه‌ی ئیتاڵیا ده‌كرێت، یارییه‌كه‌ له‌ كاتژمێر 08:30ـی شه‌و له‌ یاریگه‌ی سان سیرۆ له‌ میلانۆ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
یانه‌ی میلان له‌ دوای كه‌ره‌نتینه‌ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی سێریا ئه‌ی ئاست و ئه‌نجامه‌كانی به‌ره‌و هه‌ڵكشان رۆیشتووه‌، ئه‌گه‌رچی بلیتی گه‌یشتن به‌ چامپیۆنزلیگی وه‌رزی داهاتووی له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام ئامانجیه‌تی وه‌رزی داهاتوو به‌شداریی له‌ یۆرۆپا لیگ بگات، به‌وپێیه‌ی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 50 خاڵ له‌ پله‌ی هه‌شته‌می خوله‌كه‌ دێت.
له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی پارما هیچ هیوایه‌كی نه‌ماوه‌ و ته‌نیا شه‌ڕی مانه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ ده‌كات، به‌وپێیه‌ی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 40 خاڵ له‌ پله‌ی سێزده‌یه‌م دێت.

بۆلۆنیا ـ ناپۆلی
یانه‌ی ناپۆلی له‌ دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی سێریا ئه‌ی ئاستی به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه‌ رۆیشتووه‌، به‌هۆی ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی قۆناخی یه‌كه‌م له‌ ركابه‌ری كردنی نازناوه‌كه‌ دووركه‌وتۆته‌وه‌ و بۆ گه‌یشتن به‌ چامپیۆنزلیگی وه‌رزی داهاتوو پێویستی به‌ موعجیزه‌یه‌ و ده‌بێت له‌و 6 یارییه‌ی ماویه‌تی سه‌ركه‌وتن تۆمار بكات و چاوه‌ڕێی شكستی یانه‌كانی ئاتڵانتا، رۆما و لازیۆش بكات.
ناپۆلی به‌ راهێنه‌رایه‌تی جینارۆ گاتوزۆ له‌م یارییه‌ ئه‌ركی ئاسان نییه‌، به‌و پێیه‌ی بۆلۆنیای ركابه‌ری به‌ 42 خاڵ له‌ ریزبه‌ندی ده‌یه‌م دێت.

رۆما ـ هێلاس ڤیرۆنا
ئه‌م یارییه‌ له‌ كاتژمێر 10:45 خوله‌كی شه‌و له‌ یاریگه‌ی ئۆلمپیكۆی پایته‌ختی ئیتاڵیا ده‌كرێت، گوركه‌كانی رۆما له‌ دوو یاری رابردوو 6 خاڵی ته‌واویان به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌ركیان قورسه‌، به‌ڵام شه‌ڕی بردنه‌وه‌ی بلیتی چامپیۆنزلیگ ده‌كه‌ن.

ئۆدێنزی ـ لازیۆ
ئه‌م یارییه‌  له‌ كاتژمێر 10:45 خوله‌كی شه‌و ده‌كرێت، یانه‌ی ئۆدێنزی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی دابه‌زینی بۆ خولی پله‌دوو له‌سه‌ره‌، به‌ڵام له‌م یارییه‌ ده‌یه‌وێت سه‌ركێشی بكات و دۆخی خراپی لازیۆ بقۆزێته‌وه‌ و به‌ بردنه‌وه‌ خۆی له‌ مه‌ترسی ناوچه‌ی دابه‌زین رزگار بكات. یانه‌ی لازیۆ كه‌ له‌ ده‌ستپێكی ئه‌م وه‌رزه‌وه‌ شه‌ڕی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ ده‌كات و كێبڕكێیه‌كی سه‌ختی یانه‌كانی یوڤێنتۆس و ئینته‌ر میلان و ئاتلآنتا ده‌كات، به‌ڵام لازیۆ له‌ دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی سێریا ئه‌ی دۆخی به‌ره‌و خراپ رۆیشتووه‌، به‌جۆرێك 3 یارییه‌ له‌سه‌ریه‌ك شكست ده‌بێته‌ به‌شی.
لازیۆ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 68 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌م دێت و به‌ جیاوازی 8 خاڵ له‌ یانه‌ی یوڤێنتۆسی پێشه‌نگ دووره‌.

ساسولۆ ـ یوڤێنتۆس
یانه‌ی یوڤێنتۆس له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان له‌ كاتژمێر 10:45 خوله‌كی شه‌و ده‌بنه‌ میوانی ساسولۆ.
یانه‌ی خانمه‌پیره‌كه‌ له‌م یارییه‌دا له‌ به‌رده‌م مه‌ترسی دایه‌ و ئه‌ركی ئاسان نییه‌، چونكه‌ ساسولۆ له‌ دوای كه‌ره‌نتینه‌ به‌هێزه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ته‌وه‌ دوو یارییه‌ له‌سه‌ریه‌ك ده‌یباته‌وه‌، له‌ یاری رابردوو به‌ شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان شكستیان به‌ لازیۆ هێنا.
ئه‌م یارییه‌ بۆ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی زۆر چاره‌نووسسازه‌، چونكه‌ له‌ ململانێیه‌كی سه‌ختدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار ببێته‌ گۆڵكاری خولی ئیتاڵیا و به‌ جیاوازی یه‌ك گۆڵ له‌ چیرۆ ئیمۆبیلی گۆڵكاری خوله‌كه‌ دووره‌.

© 2017 Hawler