ئاب 05, 2020

وەرزشوانان و یاریزانان، داوای کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری پێکانی یاریزانان دەکەن

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

 

ساڵانە لە خول و پاڵەوانیەتیەکانی کوردستان لەسەر ئاستی یانەکان و تیپە میللیەکان و یارییە جیاوازەکان، چەندان یاریزان تووشی پێکان دەبن، بەڵام لە کوردستان تاکو ئێستە هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە پێکانی وەرزشی یاریزانان بوونی نیە، بۆ ئەوەی یاریزانان بتوانن بەشێوازێکی زانستی و تەندروست چارەسەری تێدا وەربگرن، یاخوود لەکاتی پێویستدا نەشتەرگەری ئەنجام بدەن، بۆیە زۆرجار یاریزانان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری پێکانەکانیان، سەردانی پزیشکان و وڵاتانی تر دەکەن، ڕۆژنامەی هەولێر لە ڕاپۆرتێکدا گرنگی و پێویستی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە پێکانەکانی یاریزانان دەخاتە ڕوو.

بە گرنگی دەزانم نەخۆشخانەیەکی وەرزشیمان هەبێت
یەکێک لەو کەسانەی کە ماوەیەکی زۆرە، بیرۆکەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەپێکانی یاریزانانی هەیە و بەگرنگی دەزانێت (کامەران کەریمە) ئەو کەسێکی وەرزشوانە و لە نزیکەوە، چاودێری یارییەکان دەکات و لە پێکان و کێشە نەبوونی پزیشکی تایبەت، بە چارەسەرکردنی پێکانی یاریزانان زیاتر تێدەگات، بەمجۆرە باسی نەخۆشخانەیەکی وەرزشی کردو گووتی: وەرزش بەشێکی گرنگی ژیانە و ژمارەیەکی زۆر یاریزانمان هەیە، کە بێگومان لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو و یان پێکانێک، پێویستە نەخۆشخانەیەک هەبێت، کە تایبەت بێت بە پێکانی یاریزانان و پزیشکی پسپۆڕ و سەرجەم پێداویستییەکانی تێدا بێت، بۆ ئەوەی کە ئەو یاریزانە بتوانێت چارەسەی پێکانەکەی تێدا بکات، ئەمە لە زۆربەی وڵاتاندا هەیە، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستە لە کوردستان هیچ نەخۆشخانەیەک نیە تایبەت بێت بە پێکانی یاریزانان.
بۆیە زۆر بە گرنگی دەزانم کە ئێمەیش لە کوردستان نەخۆشخانەیەکی تایبەتمان هەبێت و بەشێوەیەکی ستاندارد و هەموو پێداویستییەکان و پزیشکی پسپۆڕی تێدابێت، ئەمە لەلایەن حکومەتەوە بکرێت، باشترە بۆ ئەوەی یانەکان و یاریزانانیش لەو گرفتە ڕزگارییان بێت و هۆکارێکیش دەبێت تا یاریزانان زووتر لە پێکانەکان چاک ببنەوە و بگەڕێنەوە یاریگەکان.

کێشەی یاریزانان کەمدەکاتەوە
یاریزانانی خولەکانی کوردستان لە پێکان و نەخۆشیە وەرزشیەکان پشکی شێرییان بەردەکەوێت، کە هەموو ساڵێک چەند یاریزانێک تووشی پێکان دەبن و بۆ چارەسەرکردن و نەشتەرگەریش، ڕوودەکەنە دەرەوەی کوردستان، (دیار یاخی) بەرگریکاری یانەی نەورۆز لەبارەی کێشەی نەبوونی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە پێکانی یاریزانان، قسەی کردو گووتی: ئەوە کێشەی زۆربەی یاریزانانی کوردستانە، کە لەکاتی پێکان نازانێت بۆ چارەسەرکردنی پێکانەکەی بچێت بۆ کوێ و چۆن چارەسەری خۆی بکات، بۆیە بوونی نەخۆشخانەیەکی وەرزشی تایبەت زۆر گرنگ و پێویستە، هاوکارێکی باش دەبێت بۆ یاریزانان کە نەچنە دەرەوەی وڵات و کۆمەڵێک پارە خەرج بکەن، ئەگەر لە کوردستان ئەو نەخۆشخانەیە هەبێت، گرفتی زوو چاک بوونەوەی یاریزانان ئاسانتر دەبێت.
یاخی کە چەند جارێک تووشی پێکان بووە و زیاتر هەست بە کێشەی نەبوونی نەخۆشخانەیەکی وەرزشی دەکات، دەڵێت: ئەگەر ئەو نەخۆشخانەیە هەبێت، دەکرێت بەشێکی تایبەتی تێدا بکرێتەوە، بۆ چارەسەری سروشتی بۆ یاریزانان، شەرت نیە هەموو پێکانەکان پێویستیان بە نەشتەرگەری هەبێت، زۆر جار چارەسەری سروشتی یاریزان لە پێکانەکەی ڕزگار دەکات، خۆم پێکانم لە ئەژنۆم هەبوو، پێیان وتم کە دەبێت نەشتەرگەری بۆ بکەیت، بەڵام بە چارەسەری سروشتی چاک بوومەوە.
زۆربەی یاریزانانیش ساڵانە لەکاتی یارییەکاندا پێوستیان بەچارەسەری سروشتی هەیە، کە ئەگەر لە کوردستان شوێنێکی وا هەبێت، بۆ یاریزانان زۆر باش دەبێت و دەتوانن هەر لەو نەخۆشخانەیە چارەسەر وەربگرن.

سوودێکی زۆر بە یاریزان دەگەیەنێت
لەسەر هەمان پرس (میران خەسرۆ) یاریزانی یانەی هەولێر قسەی کرد و گووتی: بە پێویستی دەزانم لە کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی تر نەخۆشخانەیەکی تایبەتمان هەبێت، کە تایبەت بێت بە پێکان و نەخۆشی یاریزانان، ئەمە سوودێکی زۆر بە یاریزان دەگەیەنێت و کێشەی پێکان و کرژبوونی ماسولکەکان و چارەسەرە سروشتییەکان دەکات.
میران کە لە خولەکانی قەتەر و عومانیش یاریکردووە، زیاتر قسەی کرد و گووتی: کاتێک لە قەتەر بووم، نەخۆشخانەیەک هەبوو، تەنیا چارەسەر و نەشتەرگەری یاریزانانی تێدا ئەنجام دەدرا، هەروەها چارەسەری پزیشکیش بەشێکی گرنگی نەخۆشخانەکەی پێک دەهێنا، هەموو ئەو یاریزانانەیشی کە لە خولی قەتەری یارییان دەکرد، هەر لەو نەخۆشخانەیە پێش دەسپێکی خول، پشکنینی پزیشکیان بۆ ئەنجامدەدرا، کە هەموو پزیشەکەکان کەسانی بیانی بوون لەو نەخۆشخانانە کارییان دەکرد.
هێمای بۆ ئەوەیش کرد ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە پێکانی یاریزانان بکاتەوە، سوودی زۆری بۆ یاریزانان دەبێت و حکومەتیش قازانج دەکات، دەکرێت کۆمەڵێک پزیشکی پسپۆڕ بهێنن لەو نەخۆشخانەیە کاربکەن و پزیشکانی خۆیشمان لەگەڵیان کاربکەن، کە ئەمە دەبێتە ئەزموونێکی باش بۆ ئەوان، لە داهاتوودا پسۆڕی لەو بوارە وەردەگرن، بەڵام نەخۆشخانەکە کەرتی تایبەت نەبێت، ئەگەر حکومی بێت ئەوە دەتواندرێت، ساڵانە پێش خولی کوردستان هەموو یاریزانان لەو نەخۆشخانەیە پشکنینی پزیشکیان بۆ بکرێت ئینجا گرێبەست لەگەڵ یانەکان واژوو بکەن.

باوترین پێکانی یاریزانان کامانەن
لەسەر گرنگی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە پێکان و هۆکارەکانی پێکانی یاریزانان لە کوردستان، پزیشکی یانەی پێشمەرگەی هەولێر (عەشقی مەرعان) کە ئەزموونی کارکردنی لە بواری پێکانی یاریزانان هەیە، قسەی کرد و گووتی: بێگومان هەبوونی ئەم جۆرە نەخوشخانەیە،  کارێکی زۆر پێویستە بۆ وەرزشوانان، کە بەداخەوە لە کوردستان ئێمە نیمانە فەرامۆش کراوە.
گرنگی نەخۆشخانەیەکی لەو جۆرە، یاریزانان زیاتر هەستی پێدەکەن، لە کەسانی ئاسایی و ڕاهێنەر و کارگێڕان، چوونکە ئەوان بەردەوام یاری و مەشق دەکەن و توشی پێکان دەبن، چارەسەرکردنیشیان جیاوازترە لەکەسانی ئاسایی، کاتیش بۆ ئەوان زۆر گرنگە کە لە ماوەیەکی کەمدا چاک ببنەوە، چونکە زۆرجار یانەیەک چاوەڕێی زوو چاک بوونەوەی یاریزانێک دەکات، تاوەکو بتوانێت سوود لە تواناکانی ببینێت لە یارییەکاندا.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا عەشقی مزووری باسی جۆرەکانی پێکانی یاریزانان و باوترین پێکانەکانی کرد و گووتی: ڕێژەی پێکان لە یاریزانان بەپێی جۆری وەرزشەکە دەگۆرێت، بۆ نموونە تۆپی پێ جیاوازە لەگەڵ یاری باسکە و مەلەکردن یان بەرزکردنەوەی قورسایی.
 لەبەر ئەوەی تۆپی پێ لە کوردستان لە هەموو یارییەکانی تر زیاتر ئەنجام دەدرێت، بۆیە زۆر ترین پێکانەکانیش لە تۆپی پێ ڕودەدات، کە زۆرترینیان بریتیە لە پێکانی گۆزینگ، ئەویش کە تەمەزوقی ڕیبات و  شکان دەگرێتەوە، یا خود سوڕانی گۆزینگ، بۆیە باوترینیان پێکانی گۆزینگە، دوای گۆزینگیش پێکانەکانی ئەژنۆ، کە لە عەرەبی پێی دەڵێن ریبات سەڵیبی یان کارتلێچ یاخود ( خەزروف) ئەمانە باوترین جۆری پێکانن لە کوردستان.
ئەو پزیشکە باسی گرنگترین هۆکارەکانی پێکانیشی کرد، کە هۆکارن بۆ ئەوەی یاریزان زوو توشی پێکان بێت، کە گرنگترینیان بریتین لەم خاڵانە، یەکەم: ئامادەنەکردنی لەش و لاری یاریزانان بۆ یاریکردن، بەشێوەیەکی زانستی، دووەم: گرنگی نەدان بە خواردن و خواردنەوەی تەندروست، کە ئەمە ڕێگری لە زوو ڕوودانی پێکان لە یاریزانان دەکات، سێیەم: یاریزانان وەکو پێویست پشوو وەرناگرن، پێویستە دوای هەر مەشق و یاریکردنێک ئەو جەستە و ماسولکانە پشوو وەربگرن، تاکو بەشێوەیەکی باشتر بۆ یاریکردن ئامادەبن، چوارەم خەو یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکان، کە پێویستە یاریزانان گرنگی زۆر بە خەوێکی تەندروست بدەن، پێنجەم پابەند بوونی یاریزانان لەناو یاریگە، کە بەشێوەیەکی هێمن یاری بکات و ئازاری یاریزانی تیپی بەرامبەر نەدات و تووشی پێکانی بکات.


© 2017 Hawler