ئاب 05, 2020

2020 ساڵێكی شووم بوو بۆ وه‌رزشوانانی كوردستان و عێراق

بارزان ئەكرەم - هەولێر

 

ساڵی 2020 بۆ ته‌واوی جیهان و مرۆڤایه‌تی، ساڵیكی پر مه‌ینه‌تی و ناخۆشی بوو، هۆكاری سه‌ره‌كیشی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، به‌ڵام بۆ وه‌رزشوانانی كوردستان و عێراق دوو هێنده‌ی ديكه‌‌ نه‌هامه‌تی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ وه‌رزشوان و یاریزانان له‌و ساڵه‌دا گیانیان سپارد، له‌م راپۆرته‌دا باسی دیارترین ئه‌و وه‌رزشوانانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ له‌م ساڵه‌ ماڵئاواین لێ كردووین، دواترین كۆچی دوایی ناوبژیوانێكی كوردی نێوده‌وڵه‌تی بوو كه‌ له‌ كه‌ركووك گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌ویتریان ئه‌ستێره‌یه‌كی به‌هره‌مه‌ندی شاری سلێمانی بوو كه‌ له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا رزگاری بوو، به‌ڵام به‌ رووداوێكی دڵته‌زین كۆچی دوایی كرد.

به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ گیانی له‌ده‌ستدا
دوێنێ یه‌كشه‌مه‌ (12ـی ته‌مووزی 2020)، مه‌حموود نوره‌دین سه‌لمان، ناوبژیوانی پێشووی نێوده‌وڵه‌تی شاری كه‌ركوك به‌هۆی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد.
مه‌حموود نوره‌دین، ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی پێشووبوو، هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتیاری ناوبژیوانانی تۆپی پێی عێراقی بوو، ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوبژیوانانی عێراقی بوو، ئه‌ندام و سه‌رپه‌رشتیاری لێژنه‌ی ناوبژیوانانی كوردستان بوو، به‌ڵام به‌ره‌به‌یانی رۆژی یه‌كه‌شه‌مه‌ به‌ جه‌ڵته‌ی دڵ له‌ شاری كه‌ركووك ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كه‌ی كرد.
مه‌حموود نوره‌دین، پێشتر له‌سه‌ر ئاستی كه‌نداوی عه‌ره‌بی و ئاسیا چه‌ندین یاریی به‌هێزی به‌ڕێوه ‌بردووه‌، هه‌روه‌ها خاوه‌نی بڕوانامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی بوو له‌ كاری ناوبژیوانی تۆپی پێ، سه‌رپه‌رشتیاری به‌شێكی زۆر له‌ یارییه‌ گرینگه‌كانی خولی نایابی كوردستان بووه‌.
رۆژی 18 مانگی رابردوو، لێژنه‌ی فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراقی كۆبووه‌ و بڕیاریاندا چه‌ند لێژنه‌یه‌ك پێكبهێنن، كه‌ 4 ئه‌ندامیان كوردبوون، له‌نێویشیاندا مه‌حموود نوره‌دینی كۆچكردوو وه‌ك ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوه‌ندی ناوبژیوانانی عێراقی هه‌ڵبژێردرابوو.

مردنێكی شۆك
له‌ 12ـی حوزه‌یرانی رابردوو، عه‌لی هادی یاریزان و راهێنه‌ری تازه‌ پێگه‌شتووانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی به‌هۆی كۆرۆناوه‌ كۆچی دوایی كرد، كه‌ له‌ ته‌مه‌نی 53 ساڵی دابوو، پێشووتر یاریی بۆ یانه‌كانی زه‌وراو كه‌رخ و هه‌ڵبژارده‌ی عێراق كردووه، هه‌روه‌ها راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی زاخۆشی كردووه‌، به‌رده‌وام سه‌رسامی خۆی به‌ جوانییه‌كانی كوردستان ده‌بڕیوه‌‌، مردنی ئه‌و راهێنه‌ره‌ شه‌قامی وه‌رزشی عێراقی وروژاند و كاردانه‌وه‌یه‌كی زۆری لێكه‌وته‌وه‌ و به‌جۆرێك گومان له‌ مردنی كرا، چونكه‌ كاتژمێرێك پێش گیان له‌ده‌ستدا ڤیدیۆیه‌كی بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ به‌هێزه‌وه‌ به‌ چاودێری پزیشكه‌كان راهێنانی به‌ قاچ و ده‌سته‌كانی ده‌كرد، به‌ڵام زۆری نه‌برد هه‌واڵی مردنی بڵاوكرایه‌وه‌.

مه‌رگی ئه‌حمه‌د رازی جیهانی خرۆشاند
هێشتا عێراقییه‌كان خه‌م و ئازاری كۆچی ناوه‌ختی عه‌لی هادیان له‌بیرنه‌كرد بوو، كه‌چی مه‌رگی ئه‌حمه‌د رازی ئه‌فسانه‌ی عێراقیشی هاته‌سه‌ر، كه‌ له‌ 21ـی حوزه‌یران 2020 به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ماڵئاوایی له‌ ژیان كرد، ئه‌ستێره‌ی ناوداری عێراق، خاوه‌ن تاكه‌ گۆڵی مۆندیالی 1986 له‌ دژی به‌لژیكا بوو، مردنی ئه‌و ده‌نگۆیه‌كی زۆری به‌دوای خۆیداهێنا به‌ تایبه‌ت له‌ نیو چینی وه‌رزشكارانی نێوخۆیی و جیهانی، ئه‌و له‌ مێژووی یاریكردنی 5 ناسناوی خولی نایابی عێراقی به‌ده‌ستهێنابوو، به‌شداری دوو ئۆلمپیكی جیهانی كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕابووه‌ وه‌ عێراق، تا پۆستی سه‌رۆكی فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراقی وه‌ربگرێت، پڕۆژه‌ی پێشخستنی تۆپی پێی بۆ وڵاته‌ی خستبووه‌ به‌رنامه‌ی كاره‌كانی، به‌ڵام له‌ ته‌مه‌نی 56 ساڵی ماڵئاوای لێ عێراقییه‌كان كرد.

ئه‌فسانه‌یه‌كی كورد گیانی سپارد
رۆژی 24ـی حوزه‌یرانی 2020، محه‌مه‌د یاسین پاڵه‌وانی به‌رزكردنه‌وه‌ی قوڕسایی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق جیهان خاوه‌نی چه‌ندین ریكۆرد و ده‌ستكه‌وتی مێژوویه‌، به‌هۆی نه‌خۆشی كۆرۆنا دوای مانگێك مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌ وڵاتی سوێد كۆچی دوایی كرد، خاوه‌نی 150 ملوانكه‌ی جۆراوجۆر بوو، پله‌ی پێنجه‌می له‌ ئۆامپیكی لۆس ئه‌نجلس هه‌بوو، به‌شداری كۆلمپیكی زستانه‌ی مۆسكۆی كردووه‌، چه‌ند جارێكیش به‌هۆی كوردبوونیه‌وه‌ خراوه‌ته‌ كونجی زیندانه‌كانی شاری به‌غدا، سێ ساڵ به‌ر له‌ ئێسته‌ یه‌ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ پێشخستنی وه‌رزشی كوردستان بۆ هه‌ولێر گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵام به‌ هه‌ناسه‌ ساردی بۆ ده‌ره‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌، بۆیه‌ش به‌ بێنازی له‌ هه‌نده‌ران ماڵئاوایی كرد.

به‌ مردوویی له‌ نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دۆزرایه‌وه‌
مردنی وه‌رزشوانێكیتر له‌ 9ـی ته‌مووزی 2020 كه‌رار ئیبراهیم گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆلمپیكی عێراق  و یانه‌ی مینا بوو، كه‌ به‌ مردووی له‌ نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا دۆزرایه‌وه‌، دواتر وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقی هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانه‌كه‌ی بۆ جه‌ڵته‌ی دڵ گێرایه‌وه‌.

كۆرۆنا كۆتایی به‌ ژیانی وه‌رزشكارێكی گه‌رمیان هێنا
عه‌بدولوه‌هاب عه‌باس، جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی كفری، دوای مانه‌وه‌ی بۆ چه‌ند رۆژێك به‌هۆی نه‌خۆشی كۆڕۆناوه‌ كۆچی دوایی كرد، هه‌واڵی مه‌رگی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ وه‌رزشییه‌ی گه‌رمیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌خێرایی بڵاوكرایه‌وه‌ و برینه‌كانی گه‌رمیانییه‌كانی قوڵتركرده‌وه‌.

به‌ كاره‌ساتێكی دڵته‌زین گیانی له‌ده‌ستدا
شارۆژ سه‌ڵاح، ته‌مه‌نی ته‌نها 17 ساڵ بوو، یاریزانی تۆپی سه‌رمێزی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بوو، رۆژی یه‌كشه‌مه‌ 12ـی ته‌مووزی 2020 به‌ كاره‌ستێك كۆچی دوایی كرد، یه‌كێك بوو له‌ یاریزانه‌ ئاستبه‌رزه‌كانی تۆپی سه‌رمێزی كوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی پێكدادانی ئۆتۆمبێل ماڵئاوایی له‌ ژیان كرد.

له دووری وڵاته‌كه‌ی مرد
عادل تۆفێق، یه‌كێك له‌ دیارترین وه‌رزشكاره‌كانی سلێمانی بوو، ساڵانێكی زۆر یاری بۆ یانه‌ی ئاشتی كردووه‌، له‌ خانه‌واده‌كه‌ی وه‌رزشكار پێكهاتبوون، به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ ئه‌ورووپا له‌ ناوه‌راستی 2020 گیانی له‌ده‌ستدا.
عادل تۆفێق له‌ ركابه‌رییه‌كانی گۆڕه‌پان و مه‌یدان و تۆپی پێ ناوێكی دیاری له‌ كوردستان هه‌یه‌، له‌ رۆژی 30/5/2020 به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ گیانی له‌ده‌ستدا، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشتر هیچ نه‌خۆشییه‌كی لێ ده‌ركه‌وتبێت، دواتر ته‌رمی ئه‌م وه‌رزشكاره‌یان له‌ ئه‌ورووپاوه‌ بۆ سلێمانی گه‌ڕانده‌وه‌.

© 2017 Hawler