ئاب 05, 2020

تازەترین پێشهات لە بارەی داهاتووی ئەگویرۆ لە یانەی مانچستەر سیتی

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

لە بارەی پێكانەكەی لۆكاكۆوە، هەواڵی خۆش بە كۆنتی گەییشت
ئەنتۆنیۆ كۆنتی، راهێنەری یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی، هەواڵی خۆشی لە بارەی پێكانەكەی رۆمێلۆ لۆكاكی یاریزانی بەلژیكیی یانەكەیەوە پێ گەیشت، ئەوەیش دوای ئەنجامدانی چەند پشكنینێك، كە بەم دواییە بۆی ئەنجام دران. لۆكاكۆ، لە یاریی نێوان یانەكەی و هێلاس ڤیرۆنا لە خولی ئیتاڵیا تووشی پێكان هات و بە هۆی هەستكردن بە ئازار لە هەندێ شوێنی ڕانی ڕاستی، گۆڕانكاریی پێ كرا.
دوای پشكنینەكان، دەركەوت كە ناوبراو هیچ پێكانێكی مەترسیداری نییە و تەنێ ئازاری هەبووە، ئەمەیش هەواڵێكی دڵخۆشكەرە بۆ راهێنەرە ئیتاڵییەكە، كە لە گەڕی دادێ لە هەمان خول رووبەرووی یانەی تۆرێنۆ دەبنەوە.
لەگەڵ ئەوەیشدا، رۆژنامەی كاڵچیۆ نیوز 24 بڵاوی كردووەتەوە، كە لۆكاكۆ لە یاریی دادێ بەشداری ناكا، ئەمەیش بۆ دووركەوتنەوە لە هەر پێشهاتێكی نەخوازراوە، كە ببێتە مایەی ئەوەی ماوەیەكی زۆر لە یاریكردن دوور بكەوێتەوە.
چاوەڕێیش دەكرێ ناوبراو بە شێوەیەكی گشتیش لە مەشق و راهێنانەكان ئامادە نەبێ، ئەمەیش هەر بۆ پاراستنی شوێنی ئازارەكەیەتی لە ئەگەری پێكان، كە تیمی پزیشكیی یانەكە ئەو بڕیارەی داوە.
لۆكاكۆ، لەگەڵ ئینتەر میلاندا بە شێوەیەكی باش دەركەوتووە، لەو كاتەی لە هاوینی رابردوو لە یانەی مانچستەر یونایتدەوە پێوەندیی بە یانە ئیتاڵییەكەوە كرد و لە كۆی 41 یاریی لە هەموو كێبەركێكان، 26 گۆڵی تۆمار كردووە و 5 گۆڵیشی دروست كردووە.

كێكی سیتین: ركەبەرەكەمان لە هەموو یارییەكدا دەباتەوە
كێكی سیتین، راهێنەری یانەی بەرشلۆنە، ئەوەی ڕاگەیاند، كە هەڵكشان و داكشانی ئاستی یانەی بەرشلۆنە، بە هۆی شەكەتبوونی یاریزانانەوەیە، نەك داكشانی تەكنیكیی یانەكە، بە تایبەت لە نیوەی دووەمی یاریی رابردوویان بەرانبەر ڤەلەدۆلید، ئەوەیان پێوە دیار بوو، بە تایبەت كە 72 سەعات بەسەر یاریی پێشتریان تێنەپەڕیبوو، ئەو یارییەیشیان ئەنجام دا. هەروەها بەرزیی پلەی گەرمی و وشكیی یاریگەكەی بە هۆكاری دەرنەكەوتنی ئاستی راستەقینەی یانەكەی زانی.
لە بارەی ئەگەری سەركەوتنی بەرشلۆنە لە لالیگا و بردنەوەی ناسناوەكە، وتوویەتی: نازانم كە ناسناوەكە دەبەینەوە یان نا، چونكە ركەبەرەكەمان لە هەموو یارییەكدا دەباتەوە.

تازەترین پێشهات لە بارەی داهاتووی ئەگویرۆ لە یانەی مانچستەر سیتی
راپۆرتە مێدیاییەكان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە پێشهاتی تازە لە بارەی داهاتووی سێرجیۆ ئەگوێرۆ، هێرشبەری ئەرژەنتینیی یانەی مانچستەر سیتی لە یانەكەیدا هەیە.
سەرەڕای ئەوەی لە كۆتایی مانگی یۆنیۆی ساڵی دادێ، بۆندی ئەگوێرۆ لەگەڵ یانە ئینگلیزییەكەدا كۆتایی پێ دێ، بەڵام رۆژنامەی میڕەڕی بریتانی باسی ئەوەی كردووە، كە كارگێڕیی یانەی مان سیتی، دەیەوێ بۆندی یاریزانە ئەرژەنتینییەكە بۆ ساڵێكی دیكەیش نوێ بكاتەوە.
ئەگوێرۆ، چەند جارێك دووبارەی كردووەتەوە، كە دەیەوێ كاروانی ژیانی پیشەگەریی تۆپی پێی لە یانەی ئیندیپێندێتی وڵاتەكەی كۆتایی پێ بهێنێت، كە هەر لەو یانەیە وەك یاریزانێكی پیشەگەر، دەستی بە كاروانەكەی كرد.
مێدیاكە، بڵاوی كردووەتەوە، كە هەرچەندە ئێستە ئەگوێرۆ بە هۆی پێكانەوە لە یانەكە دوور كەوتووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەو یاریزانە 32 ساڵانە، یاریزانی سەرەكییە لە دیدی مان سیتییەوە. میڕەڕ، روونیشی كردووەتەوە، كە هێشتا گابریل خیسۆس، دەیەوێ پێپ گواردیۆلای راهێنەر بهێنێتە ئەو بڕوایەی كە خۆی لە داهاتوودا دەبێتە جێگرەوەیەكی نموونەییە بۆ ئەگوێرۆ.
خیسۆس لەبەردەم ئەرك و تاقیكردنەوەیەكی سەختدایە، بەو هۆیەی لە ماوەكانی داهاتوودا لە هەردوو كێبەركێی جامی یەكیەتیی ئینگلیزی و خولی پاڵەوانانی ئەورووپا، سەركردایەتیی یانەكەی دەكا.
ئەم وەرزە ئەگوێرۆ لە هەموو كێبەركێكاندا، 32 یاریی بۆ یانەكەی ئەنجام داوە و 32 گۆڵی تۆمار كردووە، واتە لە هەر 92 خولەكێكدا گۆڵێكی تۆمار كردووە.
بۆ بیرهێنانەوە، ئەگوێرۆ لە ماوەی یاریكردنی لە مان سیتی، چەند جارێكی تووشی پێكانی ئەژنۆی بووە، بەڵام ئەوە ڕێگری لەوە نەكرد وەك ئەستێرەیەكی درەوشاوە لەگەڵ تیمەكەی گواردیۆلا دەربكەوێت.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر دوو شەممە, 13 تەمموز 2020 10:54
© 2017 Hawler