ئاب 05, 2020

چاڤی هانده‌رانی بارسێلۆنای شۆك كرد

بارتۆمیۆ داواكارییه‌كانی چاڤی جێبه‌جێ نه‌كرد

یانه‌ی سه‌دی قه‌ته‌ری ئێواره‌ی دوێنێ له‌ پرێس كۆنفرانسێك به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی چاڤی هێرناندێزی بۆ ساڵێكی دیكه‌ش نوێكرده‌وه‌، پێشبینی كراوه‌ ئه‌م یاریزانه‌ به‌یه‌كجاری تا دوای مۆندیالی 2022 له‌ قه‌ته‌ر بمێنێته‌وه‌.

هانده‌رانی بارسێلۆنا له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌ به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی چاڤی هێرناندێزیان ده‌كرد وه‌كو راهێنه‌ری داهاتووی یانه‌كه‌، هه‌ڵبه‌ت به‌ ئه‌گه‌رێكی زۆر نزیكیان ده‌زانی كه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ شوێنی كیكی سێتیێن بگرێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت هانده‌رانی بارسێلۆنا بۆ ساڵێكی دیكه‌ش چاوه‌ڕێ بكه‌ن تا چاڤی یه‌كه‌مین ئه‌زموونی راهێنه‌رایه‌تی خۆی له‌ بارسا تاقی ده‌كاته‌وه‌.
رۆژنامه‌ی داریۆ گۆڵی ئیسپانیا له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا هۆكاری بڕیاری مانه‌وه‌ی چاڤی له‌ قه‌ته‌ر ئاشكرا ده‌كات و نووسیویه‌تی: چاڤی له‌ ناوه‌راستی مانگی رابردوو له‌گه‌ڵ جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ سه‌رۆكی بارسێلۆنا كۆبووه‌ته‌وه‌ و پرۆژه‌یه‌كی بۆ سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی یانه‌كه‌ پێشكه‌شی ده‌سته‌ی كارگێری بارسا كردووه‌، تێیدا داوای 5 یاریزانی نوێی كردووه‌ كه‌ پێكهاتوون له‌ (نێیمار، دی برۆین، لاپۆراێ، لاوتارۆ و برۆزۆڤیچ)، به‌ڵام بارتۆمیۆ گوێی به‌ داواكارییه‌كانی چاڤی نه‌داوه‌.
سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی نووسیوه‌، چاڤی به‌ڵێنی داوه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بارسێلۆنا تاوه‌كو بارتۆمیۆ له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی بارسێلۆنا بمێنێته‌وه‌، چاوه‌ڕێ ده‌كات له‌ 2021 ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ته‌واو ده‌بێت و دواتر چاڤی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌و خه‌ونه‌ی دێنێته‌ دی كه‌ چه‌ندانجار له‌به‌رده‌م میدیاكان جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ خه‌ونی ئه‌و راهێنه‌رایه‌تی بارسێلۆنایه‌.
چاڤی ته‌مه‌ن 40 ساڵ له‌ ئه‌كادیمیای لاماسیای تایبه‌ت به‌ بارسێلۆنا پێگه‌یشتووه‌، له‌ 2015 وه‌كو یاریزان دوای 20 ساڵ یاریكردن له‌ ریزه‌كانی ئه‌و یانه‌یه‌ ماڵئاوایی كرد و روویكرده‌ یانه‌ی سه‌دی قه‌ته‌ری، له‌ 2019 له‌و یانه‌یه‌ وازهێنانی له‌ یاریكردن راگه‌یاند و یه‌كه‌مین ئه‌زموونی راهێنه‌رایه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌مان یانه‌ كه‌ سه‌دی قه‌ته‌رییه‌ ده‌ستپێكردن.
چاڤی وه‌كو راهێنه‌ری سه‌د له‌ یه‌كه‌مین وه‌رزیدا جامی قه‌ته‌ری برده‌وه‌ و له‌ كۆی 28 یاری له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان 15 بردنه‌وه‌ 4 به‌رامبه‌ربوون و 9 شكستی هه‌بوو.
به‌ گوێره‌ی میدیاكانی ئیسپانیا، چاڤی نیازی نییه‌ تا دوای مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ بارسێلۆنا، چونكه‌ حكوومه‌تی قه‌ته‌ری داوایان له‌ چاڤی كردووه‌ هاوكاریان بكات له‌ رێكخستنی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌و وڵاته‌ و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ میوانداری كردنی مۆندیالی داهاتوو.

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

© 2017 Hawler