تەمموز 10, 2020

چاڤی خۆی بۆ راهێنه‌رایه‌تی بارسێلۆنا ئاماده‌ ده‌كات

 

چاڤی ئه‌ستێره‌ی پێشووی یانه‌ی بارسێلۆنا كه‌ ئێستا راهێنه‌ری یانه‌ی سه‌دی قه‌ته‌ڕییه‌، ئاشكرای كرد كه‌ ئێستا خۆی بۆ وه‌رگرتنی سوكانی بلۆگرانا ئاماده‌ ده‌كات.

چاڤی یه‌ك له‌ خۆشه‌ویستترین ئه‌ستێره‌كانی پێشووی یانه‌ی بارسێلۆنایه‌ و هانده‌رانی ئه‌م یانه‌یه‌ش چاویان له‌وه‌یه‌ به‌م زووانه‌ شوێنی كیكی سێتیێن بگرێـته‌وه‌، ئه‌ویش له‌ كاتێكدایه‌ دوای چه‌ند ساڵ بارسێلۆنا كه‌وتۆته‌ دوای ریال مه‌دریده‌وه‌ و چاوی له‌ دۆڕانی ئه‌و یانه‌یه تاكو جامی پاڵه‌وانێتی به‌رز بكاته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی بارسا ئه‌گه‌ر هه‌ر شه‌ش یارییه‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی لالیگا بباته‌وه‌ هێشتا ناتوانێت ببێته‌ پاڵه‌وان ئه‌گه‌ر بێت و ریال مه‌درید یارییه‌ك نه‌دۆڕێنێت.

چاڤی هێرناندێز له‌ نوێترین دیمانه‌یدا ده‌ڵێت: ته‌نیا كاتێك ده‌بم به‌ راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌موو بڕیاره‌كانم هه‌بێت.

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ریش ده‌نگۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی چاڤی بۆ كامپ نو له‌ ئارادا بوو، دوای ده‌ركردنی ڤالڤێردی ئه‌م پروپاگه‌نده‌یه‌ گه‌یشته‌ لوتكه‌، كه‌چی له‌ كۆتاییدا كیكی سێتیێن راهێنه‌رایه‌تی بارسێڵۆنای وه‌رگرت، بارسێلۆنا له‌گه‌ڵ كیكی نه‌یتوانیوه‌ ئاستێكی باش پێشكه‌ش بكات، هه‌ر بۆیه‌ ده‌نگۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی چاڤی زیاتر بووه‌.

چاڤی له‌ لێدوانێكی بۆ رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنی ده‌ڵێت: گه‌وره‌ترین هیوام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ببم به‌ راهێنه‌ری بارسێلۆنا و ئه‌م یانه‌یه‌ بۆ رۆژانی پڕ له‌ شانازی بگه‌ڕێنمه‌و، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌رله‌نوێ ده‌بێت ئه‌و یانه‌یه‌ له‌ سفره‌وه‌ بنیاتن بنێمه‌وه‌‌.

چاڤی گوتیشی: من ته‌نیا به‌دوای سه‌ركه‌وتنی خۆمدا نیم، به‌ڵكوو پێویسته‌ ئه‌م یاریزانانه‌ی ئێستای بارسێلۆنا رێگه‌ی سه‌ركه‌وتن بگرنه‌به‌ر، من و هاوكارانم ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خه‌ریكی خۆئاماده‌كردنین بۆ ئه‌وه‌ی بۆ بارسێلۆنا بگه‌ڕێینه‌وه‌ و له‌وباره‌وه‌ زۆریش دڵخۆشم. من پێشووتریش باسی ئه‌وه‌م كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ له‌ بارسێلۆنا بم، پێویسته‌ بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ تۆپی پێ به‌ده‌ست منه‌وه‌ بێت. چاڤی ده‌شڵێت: هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ روون و ئاشكرایه‌ كه‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی یانه‌، گۆڕه‌پان بۆ گۆڕانكاری ئاماده‌ ده‌بێت و منیش هیچ ئه‌گه‌رێك ره‌ت ناكه‌مه‌وه‌، ئێمه‌ پێشووتر قسه‌مان كردووه‌، منیش باسی ئه‌وه‌م له‌گه‌ڵدا كردوونه‌ كه‌ چۆن ئه‌م پۆسته‌ وه‌رده‌گرم، به‌ڵام كاتێكی باش بۆ وه‌رگرتنی پۆستی راهێنه‌رایه‌تی بارسێلۆنا نه‌بوو.

© 2017 Hawler