تەمموز 10, 2020

مانچستەر سیتی لە پێناو بەرگریكارێكی ئینتەر میلان، ئەگوێرۆ دەكاتە قوربانی

ڕاپۆرتی مێدیا ئینگلیزییەكان، ئاشكرایان كردووە، كە یانەی مانچستەر سیتی، هەوڵی ئەوە دەدا بەرگریكاری سلۆڤاكیی یانەی ئینتەر میلان، میلان شكرینیار بباتە ریزەكانییەوە و بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیە سێرجیۆ ئەگوێرۆ پێشكەشی یانە ئیتاڵییەكە بكات.

رۆژنامەی دەیڵی مەیڵی بریتانی بڵاوی كردووەتەوە، كە یانەی ئینتەر میلان بیر لە فرۆشتنی ئەو یاریزانەی دەكاتەوە لەگەڵ كردنەوەی دەرگەی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، وێڕای مان سیتی، چەند یانەیەكی دیكەیش دەیانەوێ ئەو یاریزانە ببەنە ریزەكانیانەوە.

مێدیاكە ئاماژەی بەوە كردووە، كە ئەنتۆنیۆ كۆنتیی راهێنەری ئینتەر، بەو بۆندە ڕازییە، لە كاتێكدا بە ئاستی سێرجیۆ ئەگوێرۆ سەرسامە، ئەمەیش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی پێپ گواردیۆلا دەیەوێ هێڵی بەرگریی یانەكەی بەهێز بكات بۆ وەرزی نوێ، دوای ئەوەی ئەم وەرزە هێڵی بەرگریی یانەكەی لاوازیی زۆری بە خۆیەوە بینی، بە تایبەت دوای رۆییشتنی كۆمپانی و، زۆریی پێكانە بەردەوامەكانی ستۆنز.

هەروەها یانەی ئینتەر میلانیش بە دوای هێرشبەرێكدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی شوێنی لاوتارۆ مارتینیز بگرێتەوە، كە هێشتا یەكێكە لە بەئامانجیگراوەكانی یانەی بەرشلۆنە.

ئەگوێرۆ ئەم وەرزە 16 گۆڵی لە پرێمەر لیگ تۆمار كردووە و هاوینی دادێ بۆندەكەی تەواو دەبێ و بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە كە دەیەوێ كاروانی ژیانی وەرزشیی لە ئەرژەنتین كۆتایی پێ بهێنێت.

باس لەوە دەكرێ، كە ئینتەر میلان خواستی دەستخستنی ئەشرەف حەكیمی یاریزانی ریاڵ مەدریدیش هەیە و ئەگەر هەیە لەگەڵ شكرینیار بە بۆندێك ئاڵوگۆڕیان پێ بكرێ.

© 2017 Hawler