تەمموز 10, 2020

مێدیا ئینگلیزییەكان: بەرشلۆنە هەوڵی گەڕانەوەی گواردیۆلا دەدا

یانەی بەرشلۆنە، كا بۆ ئەوە دەكات كە پێپ گواردیۆلا بگەڕێنێتەوە و بیكاتەوە بە راهێنەری یانەكە، ئەمەیش بە پێی هەواڵی بڵاوكراوە لە مێدیا ئینگلیزییەكانە.

بەرشلۆنە ئێستە چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی دادوەریی وەرزشی دەكا، كە پێشتر بڕیاری ڕاگرتنی مانچستەر سیتیی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە پێشبڕكێ ئەورووپییەكانی دابوو، ئەوەیش بە هۆی یاسای یاریی دارایی پاك، یانەكەیش تانەی لەو بڕیارە داوە و داوای هەمواركردن و هەڵوەشاندنەوەی دەدا.

بە پێی زانیاریی رۆژنامەی دەیڵی ئێكسپرێسی ئینگلیزین لە باری چەسپاندنی سزاكە لە لایەن دادگەكەوە، بەرپرسانی بەرشلۆنە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ پێپ گواردیۆلا دەكەن، بۆ ئەوەی بیهێننە بڕوا، تا بگەڕێتەوە بەرشلۆنە، كە پێش هەشت ساڵ ریزەكانی ئەو یانەیەی جێ هێشت.

چاوەڕێ دەكرێ لە دوو هەفتەی داهاتوودا، بڕیاری كۆتایی و یەكلاكەرەوە لە بارەی سزاكەی سەر یانەی مانچستەر سیتی بدرێت، ئەمە لە كاتێكدایە ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی، نەیتوانی لە خولی نێوخۆیی ببێتە پاڵەوان و لیڤەرپوول ئەو ناسناوەی كردە بەشی خۆی.

بەرشلۆنەیش دوای دوو یەكسانبوون لە خولی ئیسپانیا بەرانبەر سێلتافیگۆ و سڤیلیە، دەیەوێ، متمانەی بە كیكی سیتین كەم بووەتەوە، لە كاتێكدا ناوبراو لە 14ـی یەنایەری ئەمساڵدا، شوێنی ئیرنستۆ ڤاڵڤێردی گرتەوە و بۆندەكەی بۆ دوو وەرزە.

بە پێی گوتەی چاودێران، دوای چوار ساڵ مانەوەی لە مان سیتی، ئێستە بۆ گواردیۆلایش هەلێك هاتووەتە پێش، كە كەشوهەواكەی بگۆڕێت. ئەمە لە كاتێكدایە، لە سەروەختی پیرۆزباییكردن لە یانەی لیڤەرپوول بە بۆنەی بردنەوەی ناسناوی خولەكە، ئەو ڕستەیەی نووسیبوو، كە "پێویستە وەرزی داهاتوو باشتر بین و زیات خۆمان بسەلمێنین و قەرەبووی ئەو خاڵانە بكەینەوە كە ئەم وەرزە لە دەستمان داوە." ئەمەیش وای لێ دەخوێندرێتەوە، كە لە یانە ئینگلیزییەكە بەردەوام دەبێت.

بۆ بیرهێنانەوە، لە دوای نەمانی گواردیۆلا لە یانەی بەرشلۆنە، بە گشتی یانەكە بە دۆخێكی سەختدا تێپەڕێوە و تەنیا یەك جار توانیویەتی چامپیۆنس لیگ بباتەوە، ئەویش لە ساڵی 2015

© 2017 Hawler