تەمموز 10, 2020

هێمن مه‌هدی پاڵەوانی کوردی یاری تایکواندۆ، پلەی یەکەمی پاڵەوانیەتی ئەمریکای کراوەی بەدەستهێنا

پاڵه‌وانی كورد هێمن مه‌هدی به‌شداریی پاڵەوانیەتی ئەمریکای کراوەی کرد و لە یاری پۆمسی کە بەشێکە لە یاری تایکواندۆ، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، پاڵەوانیەتیەکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، کەخۆی بڕیار بوو لە ٢٤/٦ لە شاری نیۆیۆرک بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامدرا، تیایدا هێمن مەهدی جیاواز لە پاڵەوانیەتیەکانی تر کە لە شکاندنی کاشی (کیۆکپا) پلەی یەکەمی بەدەستهێنا بوو، ئەمجارە لەیاری پۆمسی بەشداری کرد و توانی ٢٦،٦ خاڵ کۆبکاتەوە و پلەی یەکەم بەدستبهێنێت.

 

بڕوانەمەی نێودەوڵەتی پێ دەدرێت

دوای ئەوەی کە بەشداری پاڵەوانیەتی ئەمریکای کراوەی کرد و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا(هێمن مەهدی) پاڵەوانی جیهانی یاری تایکواندۆ، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر قسەی کرد و گووتی: بڕیار بوو لە ٢٤ ی ئەم مانگە ئەو پاڵەوانیەتیە لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیەکان، پاڵەوانیەتیەکە کرا بە ئۆنلاین، هێمای بۆ ئەویش کرد کە ئەو لە یاری پۆمسی بەشداری کردووە کە ماوەی دوو ڕۆژ بووە، ڕۆژی یەکەم وەک تاقیکردنەوە و چاوپێکەوتن بوو، ڕۆژی دووەمیش کۆتایی پاڵەوانیەتیەکە بوو، کە توانیوم پلەی یەکەم بەدەستبهێنم.

دوای بەشداری کردنیشی لەکۆی ٣٠ خاڵ توانیویەتی ٢٦،٦ خاڵ بەدەست بهێنێت و پێش هەردوو یاریزانی ڕکەبەری بکەوێت و پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت، هێمن مەهدی کە پاڵەوانی جیهانیشە لە شکاندنی کاشی واتەکیۆکپا، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو وەکو یاریزانێکی کورد بەشداری کردووە، دەربارەی خەڵاتی پاڵەوانیەتیەکەش گووتی: دوای ئەوەی کە یەکەم بووم، پێیان ڕاگەیاندم کە بڕوانامەی نێودەوڵەتی و پلەی یەکەم بوونم بە ئیمەێل بۆ دەنێرن، ئەمەیش دەسکەوتێکی گرنگە بۆ من.

باسی ئەوەیشی کرد کە یاری تایکواندۆ، سێ بەشە، بەشێکیان شکاندنی کاشیە(کیۆکپا)، کە من پاڵەوانی جیهانم و سێ میدالیای زێڕم بەدەستهێناوە، بەشی دووەمی تایکواندووە بریتیە لە (پۆمسی) کە لە چەند جوڵەیەک پێک دێت و کەسەکە بە تەنیا ئەنجامی دەدات، لەوشیان یەکەم بووم لەو پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەی ئەمریکا، بەشی سێیەمیش (کیۆرۆگیە) کە دوو کەس لەگەڵ یەکتر لێک دەدەن.

ئەو پاڵەوانە کوردەی یاری تایکواندۆ لەسەر بەشداریکردنی لەو پاڵەوانیەتیە و ئامادەکاری، دەڵێت: ماوەیەکی زۆرە مەشق و ڕاهێنان دەکەم و ئەو چەند ڕۆژەی دوای زیاتر لە ١١ کاتژمێر مەشقم دەکرد.

 

گرنگترین دەسکەوتە نێودەڵەتیەکانی هێمن مەهدی

٣ میدالیای زێڕ، ٢ میدالیای پاڵەوانیەتی جیهانی لە کۆریا

 ١ میدالیای زێڕ وەک پاڵەوانی ئاسیا ساڵی ٢٠١٩ لە ئەندەنوسیا

یەکەمی پاڵەوانیەتی ئەمریکای کراوە لەیاری پۆمسی ٢٠٢٠

دووەمی پاڵەوانیەتی مەغریب لەیاری پۆمسی٢٠٢٠ کە ٢١ وڵات بەشدار بوون

ساڵی ٢٠١٥ لە ناوەندی تایکواندۆی جیهانی لە کۆریا بۆتە ڕاهێنەری پلە سێ جیهانی

ساڵی ٢٠١٧

بڕوانامەی دیبلۆمی یاری تایکواندۆی هەیە لە ناوەندی تایکواندۆی جیهانی ساڵی ٢٠٠٩

© 2017 Hawler