تەمموز 09, 2020

تاهیر عەزیز، وەرزشکاری دێرین و سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری کوردستان لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا: "یەکەم کەس بووم کە بناغەی یاری پایسکیلسواریم لە هەولێر دانا"

تاهیر عەزیز، وەرزشکاری دێرین و سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری کوردستان لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا: "یەکەم کەس بووم کە بناغەی یاری پایسکیلسواریم لە هەولێر دانا"

 

 

هێمن ئەسکەندەر

کە باسی یاری پایسکیلسواری دەکرێت، دەس بەجێ ناوی تاهیر عەزیزمان بەرگوێ دەکەوێ،  ئەو وەرزشکارە دێرینەی شاری هەولێر، کە زیاتر لە ١٠ ساڵ جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق و چەند ساڵێکیشە سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری کوردستانە، وەک خۆی دەڵێت زیاتر لە ٥٠ ساڵە لەناو یاری پایسکیل سواری و وەرزشدایە، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا چیرۆکی ژیانی وەرزشی و چەندین بەسەرهاتی خۆش و ناخۆشی خۆیشی دەگێڕێتەوە.

 

یەکەم کەس بووم یاری پایسکیل سواریم لە هەولێر دامەزراند

تاهیرعەزیز سەرەتای هاتنی بۆ ناو بواری وەرزش بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێنێتەوە، لەو بارەیەوە گوتی: لە شەستەکان دەستم بە وەرزش کردووە، ئەوسا وەرزش وەکو ئێستە فراوان نەبوو، لەهەموو هەولێر چەند تیپێکی میللی هەبوون، کە ئێمە یاریمان تێدا دەکرد، یاخوود لە قوتابخانە ئەویش زیاتر هەر یاری تۆپی پێ بوو.

 لەبەر حەزی زۆریشم بۆ وەرزش ئەوکاتە پەیمانگای مامۆستایان، بەشی وەرزشم تەواو کردووە، دوای بوونم بەمامۆستای وەرزش، لە ساڵی ١٩٧٦ هاتمە ناو یەکێتی پایسکیلسواری عێڕاق لقی هەولێر، لەبەغداد بەشداری خولێکی ڕاهێنەرایەتی نێودەوڵەتی یاری پایسکیلسواریم کرد، دوای گەڕانەوەم لە بنکەی وەرزش و لاوانی هەولێر دەستمکرد بە دانانی بناغەی یاری پایسکیلسواری لە هەولێر، کە من یەکەم کەس بووم تیپی تازەپێگەیشتوان و لاوان و پێشکەوتوانم دروستکرد، پێش من تەنیا خولی عەسکەری پایسکیل هەبوو کە چەند کەسێکی کەم بەشدارییان دەکرد و ساڵانە ١ پاڵەوانیەتی بەڕێوەدەچوو.

 

زیاتر لە ٥٠ ساڵ لە بواری وەرزشدا کار دەکات

سەرۆکەکەی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری کوردستانکە ماوەی ٢٠ ساڵە لەو پۆستە بەردەوامە، دەڵێت: ئەزموونی ٥٠ ساڵم لەبواری وەرزشدا هەیە بەبێ دابڕان، کە جگە لە یاری پایسکیلسواری لەچەندین بواری تری وەرزشیداکارم کردووە، لەوانە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ پۆستی جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاقمهەبووە.

ئێستە ئەندامی تەنفیزی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستانم، ماوەی ١٠ ساڵ ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر بووم، ماوەی ٢٠ ساڵیش لە چالاکی و وەرزشی و دێدەوانی هەولێر کارم کردووە تاکو خانەنشین بووم، لە چالاکی وەرزشی ئێمە لە هەموو وەرزشەکان کارمان دەکرد، هێڵی یاریگەی باسکە و بالەی هەموو قوتابخانەکانی هەولێر و دەوروبەری ئێمە دروستمان دەکرد، ساڵانە هەموو ڕێکخستنەکانی ڤیستیڤاڵی قوتابخانەکانم دەکرد، تابلۆی جوڵاوەی سەر پەیژەی یاریگەکان بەس من دەمزانی لە کوردستان دروستم دەکرد.

داهاتووی ئەو یارییە چۆن دەبینێت؟

دەربارەی ئەوەی کە لە ئێستەدا کەموکورتیەکانی یاری پایسکیلسواری لەچیدا دەبینێت، (تاهر عەزیز) گوتی: دوای تێکچوونی بارودۆخی سیاسی کوردستان و دواتریش قەیرانی دارایی، هەموو یارییە وەرزشیەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر بارەو خراپی ڕۆیشتن، کاریگەریشی لە پایسکیل سواری کردووە.

 ئەو یارییە پێویستی بە کڕینی پایسکیلە کە ڕەنگە هەر یەکێکیان زیاتر لە ٢ هەزار دۆلاری تێبچێت، یانەکانیش ئەو توانایەیان نیە ئەو پارەیە بۆ پایسکیل خەرج بکەن، ئەمە هۆکارە، هۆکارێکی تریش پێنەدانی بودجەیەکی تەواو بۆ لیژنەی ئۆڵۆمپی و یەکێتیە وەرزشیەکان لەلایەن حکومەتەوە، کە ناتواندرێت پاڵەوانیەتی پایسکیلێش بکرێتەوە و ئەمە وادەکات پایسکیل سواری لەدۆخێکی چەق بەستودا بمێنێتەوە.

 

جاران پایسکیلسواری لە ئێستە باشتر بوو

هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە لەسەردەمی ڕاهێنەرایەتی ئەودا هیچ یاریزان و ڕاهێنەرێک مووچەی نەبوو، چەندین ساڵ لەسەر ئەرک و خەرجی خۆی یاریزانەکانی بردووە بۆ مەشقەکان، تەنیا یەک مووچە کە بریتی بوو لە ٣٠ دینار لە فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق وەریان گرتووە، کە دەبوایە خۆیشیان بچین بۆ بەغدا وەریبگرن، گوتیشی یاریزان لەسەر خەرجی خۆی پایسکیلەکانی چاک دەکردەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەمیشە پابەند بوون بە مەشق و یاری کردن و ئاستیشیان زۆر بەرز بووە، یارییەکە زۆر لە ئێستەیش باشتر بوو، بەڵام ئێستە یاریزان یەکەم قسەی ئەوەیە کە مانگانە مووچەکەم چەند دەبێت و چیم بۆ دەکەن.

پێشنیاری چی دەکات بۆ باشکردنی دۆخی وەرزشی کوردستان؟

ئەو وەرزشوانە دێرینە کە ئێستە ئەندامی تەنفیزی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستانە و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی وەرزش و یانەکانە، لەسەر خراپی دۆخی وەرزشی کوردستان قسەی کرد و گووتی: دانانی کەسی شیاو لە پلە و پۆستە وەرزشیەکان گرنگترین هۆکارە تا دۆخی وەرزش باشتر بکرێت.

ئەوەیشی نەشاردەروە کە دۆخی وەرزش پەیوەستە بە بارودۆخی سیاسی، هەر کاتێک دۆخی سیاسی باش ببێت و حکومەت دۆخی دارایی باش ببێت، وەرزشیش دەبوژێتەوە و خول و پاڵەوانیەتیەکان زیاتر دەبن و گڕوتینێکی زیاتر بە وەرزش دەدرێتەوە، بەڵام تا دۆخەکە بەمجۆرە بێت، دۆخی وەرزشیش وەکو خۆی دەمێنێتەوە.

خۆشترین یادگاری وەرشی لای ئەو چیە؟

خۆشترین یادگاری لەماوەیچەندین ساڵەی کە لەناو بواری وەرزشدایە لەلای ئەو وەرزشوانە دێرینەئەوە بوو کە لە ساڵی٢٠٠٥ سەرۆکی شاندی تیپی پایسکیلسواری عێڕاق بووە لەسەر ئاستی کچان، لە پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی لە وڵاتی تونس و توانیویانە پلەی یەکەم و میدالیای زێڕ بەدەست بهێنێت و شانازی بەو یادگارییەوە دەکات.

یادگاری ناخۆشیشی لە ساڵی ١٩٨٨ بووە، لە پاڵەوانیەتی پایسکیلسواری یانەکانی عێڕاق، لەنێوان شاری بەغدا و دیوانیە کاتێک ڕاهێنەری کوڕانی یانەی هەولێر بووە و ناوبیژوان ستەمی لێکردوون و نەیان توانیوە، ئەنجامێکی باش بەدەسبهێنن، ئەمەیش ئەوی گریاندووە و لەلای ئەو یادگارییەکی ناخۆشە.

پڕۆفایل:

تاهیر عەزیزمەولوود لە سالێ ١٩٤٥لە دایک بووە

لە ناوەڕاستەکانی ساڵانی شەستەکان دەستی بە وەرزش  کردووە

ساڵی ١٩٧٦ یاری پایسکیل سواری لە هەولێر دامەزراندووە

لە ساڵی ١٩٧٧ تا ساڵی ٢٠٠٠ ڕاهێنەری پایسکیل سواری یانەی هەولێر بووە

١٠ ساڵ ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر بووە

ماوەی ١٠ ساڵە جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیل سواری عێڕاق بووە

ئەندامی تەنفیزی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستانە

٢٠ ساڵە سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیل سواری کوردستانە

٢٠ ساڵ لە چالاکی و وەرزشی و دێدەوانی هەولێر کاری کردووە

 

 

 

 

 

 

 

© 2017 Hawler