تەمموز 10, 2020

كۆتینیۆ لە نیوكاسڵ نزیكە

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

جۆن ئۆبی میكێل: پێشكەوتنی ئاستی محەممەد سەڵاح تووشی شۆكی كردم
جۆن ئۆبی میكێل، یاریزانی نێجیری، سەرسامە و تووشی شۆك بووە، بەو پێشكەوتنەی لە ئاستی محەممەد سەڵاحەوە بینیویەتی، لەو كاتەی پێكەوە لە یانەی چێڵسی بوون تا ئێستە.
هەرچەندە لە یانەی چێڵسی بەو شێوەیە سەركەوتوو نەبوو، بۆیە یاریزان جۆن ئۆبی میكێل، سەرسامە بەو پێشكەوتنەی بەسەر ئاستی محەممەد سەڵاحی میسڕیدا هاتووە.
میكێل وتوویەتی: ئەو كاتەی سەڵاح هاتە چێڵسی، بچووك بوو، بەڵام كەسێكی نەرم بوو و هەمووان خۆشیان دەویست، زۆر ڕێك كار بوو، ئێمە هاوڕێی نزیك بووین و زۆر لێك نزیك بووین، هاوڕێیەكی زۆر باشە.
لە بەشێكی دیكەی ئاخاوتنەكەیدا، وتوویەتی: بڕوا و متمانەم بە پێشكەوتنی هەبوو، بەڵام بە ڕاشكاوی دەڵێم، وەهام پێشبینی نەدەكرد بگاتە ئەم ئاستەی ئێستە هەیەتی.
میكێل، لە 2017ـدا، دوای زیاتر لە 370 یاری، ریزەكانی چێڵسی جێ هێشت و چووە یانەی تیانجینی چینی و دواتریش لە ساڵی 2019ـدا لە رێگەی یانەی میدلزبڕەوە جارێكی دیكە گەڕایەوە ئینگلتەرا و دواتر چووە یانەی ترابزۆن سپۆری توركی.
ئەو دوو یاریزانە (میكێل و سەڵاح)، سەروەختێك لەگەڵ یەك لە یانەی چێڵسی بوون و لە 19 یاریدا هاوەڵی یەك بوون لەو یانەیە، دوای ئەوەی كە سەڵاح لە ساڵی 2014ـدا لە یانەی بازڵی سویسرییەوە چووە بووە یانەی خاوەن یاریگەی ستامفۆرد بریدج، دواتر و لە فێبرایەری 2015ـدا، ئەو یاریزانە میسڕییە بە شێوەی خواستن چووە یانەی فیۆرێنتینای ئیتاڵی، لە كاتێكدا وەرزی 2015/2016ـی لە یانەی رۆما بەسەر برد.
ئەو ئەستێرە هێرشبەرە، لەگەڵ تیمی پایتەختی ئیتاڵیا سەركەوتنی بە دەست هێنا و لە ئینگلتەرایش درێژەی بەو ڕێبازە دا، بە تایبەت كە لە ساڵی 2017ـدا چووە یانەی لیڤەرپوولی ئەو وڵاتەوە و سەڵاح دوو جار لە خولی نایابی ئینگلیزی، پێڵاوی زێڕینی بە دەست هێنا، وێڕای بردنەوەی چامپیۆنس لیگ و جامی سوپەری ئەورووپا و جامی یانەكان، بەو پێیەیش خۆی وەك یەكێك لە یاریزانە باشەكانی جیهان سەلماند.

وێڕای ئەوەی ئامانجی چەند یانەیەكی دیكەیە، كۆتینیۆ لە نیوكاسڵ نزیكە
گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، ئەوەی دووپات كردەوە، كە گفتوگۆ و دانوستانی نێوان یانەی نیوكاسڵی ئینگلیزی و یاریزانی بەرشلۆنەی بەخواستوو چوو بۆ بایرن میونشن فلیپ كۆتینۆ، پێشكەوتنی زۆری بە خۆیەوە بینیوە.
گۆڤارە وەرزشییە فەرەنسییەكە، ئەوەیشی باس كردووە، كە ئەو یاریسازە بەڕازیلییە، یانەكانی دیكەی ئینگلتەرا، وەك ئارسناڵ، تۆتنهام و ئێڤەرتۆنیش زۆر بایەخی پێ دەدەن تا بیبەنە ریزەكانیانەوە، وێڕای ئەوەی جێبایەخی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵیشە. فرانس فوتبۆڵ، ئەوەیشی دووپات كردووەتەوە، كە گفتوگۆی نێوان یانەی نیوكاسڵ و كۆتینۆ، نیشانەی ئەرێنی و لێكنزیبوونەوەی لێ دەركەوتووە، بەڵام روون نییە، كە پرۆسەی گواستنەوەكە بە شێوەی خواستن دەبێ، یان فرۆشتنی كۆتایی.
گۆڤارە بەناووبانگەكە، تیشكی خستووەتە سەر ئەوەیش، كە هەموو شتێك لەو بابەتەدا، پشتبەستە بە كڕینی یانەی نیوكاسڵ لە لایەن جێنشینی سعوودی محەممەد بن سەلمان، بەدەر لەوە، كۆتینۆ ناچێتە ئەو یانەیە، چونكە كارگێڕیی ئێستەی ئەو یانەیە، ئەو بڕەپارە پێویستەیان بۆ بۆندكردن لەگەڵ ناوبراو نییە.
هەموو ئەو باس و پێشهاتانە، دوای ئەوە هاتن، كە یانەی بایرن میونشن، ڕایگەیاند، نایەوێ كۆتینۆ بە بەهای 120 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بەرشلۆنە بكڕێت.
بۆ بیرهێنانەوە، ئەو یاریزانە 27 ساڵانە، لەو كاتەوەی وەرز دەستی پێ كردووە، 32 یاریی لە كۆی لە كۆی پاڵەوانیەتییەكاندا ئەنجام داوە و 9 گۆڵی تۆمار كردووە و 8 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی ئاسان كردووە.

© 2017 Hawler